ڕێکخراوی ئۆپیک بەگەشبینیەوە لەئایندەنرخی نەوت دەڕوانێت

2020-05-15 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

محمد بارکیندۆ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ئۆپیک دەڵێت بەوریایبەوە چاودێری گەشەی ئابوری جیهان و چارەسەری ڤایرۆسی کۆرونا دەکەین.

لەچاوپێکەوتنێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی بلومبێرگ ئەمینداری گشتی ئۆپیک رایگەیاند “ئاسۆی ئایندەی بازاڕی نەوت لەنیوەی دووەمی ئەمساڵدا ڕوونتر و هیوابەخشترە بۆ چاکبونەوەی ئابوری جیهان”. هەروەها وتی “بەوریایبەوە دەڵێین خراپترینمان تێپەڕاند، ئەوەی لەمانگی نیساندا بینیمان نائاسایی بوو بەڵام ئەندامانی کارتێڵەکە لەئاستی ئەو ئاڵێنگاریەدابوون” .

لە١ی ئایاری ٢٠٢٠ وە وڵاتانی ئۆپیک پلەس دەستیان کردووە بەکەم کردنەوەی بڕی ٩.٧ ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا.

هەروەها محمد بارکیندۆ وتی: ڕێکخراوەکەمان چاودێری و لێکۆڵینەوە لە گەشەی ئابوری جیهان و خواست لەسەر نەوت و کێشەی ڤایرۆسی کرۆنا دەکات.

ئەندامانی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس بەردەوامن لەکەمکردنەوەی بەرهەم لەگەڵ ئەوەی هەندێ وڵاتی وەکو سعودیە و کوەیت و ئیمارات خۆبەخشانە زیاتر لەو ئاستەی بۆیان دیاری کراوە بەرهەم کەم دەکەنەوە. وڵاتانی تری جیهان بەئەمەریکاشەوە لەگەڵ ئۆپیک پلەسدا بڕی ١٧ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەمی جیهان یان کەم کردووەتەوە.

ئەم لیدوانانەی ئەمڕۆ هاوکاربون بۆئەوەی نرخی نەوتی خاوی ڕۆژاوای تەکساس بەڕێژەی ٧.٥٪ بەرزبێتەوە و بگاتە ٢٩.٩$ و نەوتی خاوی برێنتیش بەڕێژەی ٤.٥٪ بەرزبێتەوە و بە ٣٢.٧$ مامەڵەی پێوە بکرێت.