وەزیری نەوتی عێراق ئاستی داواکارییەکانی بەرانبەر هەرێم بەرزدەکاتەوە

2021-02-04 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
Print Friendly, PDF & Email

ڕوونبین

وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان بە هەماهەنگی چاو دەخشێننەوە بە ڕێکەوتنەکانی بەرهەم هێنان وگواستنەوەی نەوت کە ئێستا کاری پێدەکرێت.

لەهەفتەی ڕابوردوودا دواگەڕی وتوێژەکانی نێوان هەریم و حکومەتی ئیتحادی جارێکی  تر دەستی پێکردەوە  بۆ ڕیکەوتن لەسەر پرۆژە یاسای بوجە. خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان مەسەلەی داهاتە ئیتحادییەکان و نەوتە، زۆرترین وتووێژ لەسەر داهاتی نەوت و مەلەفی نەوت کراوە  لە ماوەی ڕابوردودا. لە پرۆژە یاسی بوجەدا کە حکومەتی عێراق  و هەرێم لەسەری ڕیککەوتون ڕادەستکردنی بەهای ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە بە کۆمپانیای سۆمۆ. لەوکاتەوەی پرۆژەیاساکە گەشتووەتە  پەرلەمانی عێراق چەند بژاردەیەکی جیای خستووەتە بەردەم هەرێم  ئەوانیش ئەمانەن:

١-  هەمان بڕگەی پرۆژەیاساکە بەڵام نەوتەکە بەنرخی سۆمۆ دیاری بکرێت واتە بەهای ٢٥٠ هەزار بەرمیل بەنرخی سۆمۆ، هەرێم دەبێت جیاوازی نرخ بدات. 

٢-  ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بکرێت، ئەوی دەمێنێتەوە هەرێم بۆ خەرجی و شایستەکان بەکاری دەهێنێت.

٣- هەموو نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهان ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و سۆمۆش بڕی ١٨٠ هەزار بەرمیل بدات بەهەرێم بۆ شایستەی کۆمپانیاکان .

ئەم سێ بژاردەی لەیەك خولگەدا دەخولێنە، تەنها داڕشتنەکانیان جیایە. دەوترێت هەرێم بەهەرسێ بژاردەکە ڕازییە.بەڵام بەغدا بەوە وە نەوەستا و ئاستی داواکارییەکانی بەرزتر کردووەتەوە و داوای زۆر لەوە زیاتر دەکات .

بەپیی ئەو  زانیاریانەی   دەست روونبیین کەوتووە   وەزیری نەوتی عێراق نەخشەپلانێکی ئامادەکردووە بۆ ڕادەستکردنی تەواوی مەلەفی نەوتی هەرێم بە بەغداد کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە.

داخوازییەکانی وەزیری نەوت:

 ڕادەستکردنی هەرچی نەوتی بەرهەم هاتوووە لە هەرێم بە کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، سۆمۆ خۆی هەناردەی بکات و بیفرۆشێت  دوای لێ دەرکردنی ئەو ڕێژەیەی وەزارەتی نەوتی ئیتحادی دیاری دەکات بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و بەپێی توانای پاڵاوگەکانی هەرێم، بەم ڕێو شووێنانە:

 ١-  تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی لەناو هەرێمدا لەڕێگەی حکومەتی ئیتحادییەوە دەێت و  شایستەکان بەنەوت دەدرێت ، کۆمپانیای سۆمۆ پشکی کۆمپانیاکان دەفرۆشێت و دەیخاتە سەرحسابێك  یاخود بەەوتیی ڕادەستی بەرهەم هێنەکان یان کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەکرێت بەو نرخەی کە سۆمۆ دیاری دەکات، بەشێوەیەك دژ نەبێت لەگەڵ گرێبەستەکانی  پەرەپێدانی هەرێمی  کوردستاندا کە بۆ ئەو مەبەستە کردوویەتی.

٢- دیاریکرنی شایستەی وەبرهێنەرانی نەوت و کۆمپانیاکانی گواستنەوە  کە لەخاڵی یەکەمی سەرەوەدا  باسکراوە بەپێی لیستێکی بازرگانی دەبێت کە لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە لە وەزارەتی نەوتی ئیتحادی  و وەزارەتی  سامانە سروشتییەکانی هەرێم پشتراستکرابێتەوە پێش ئەوەی  بدرێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردن لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە.، تاوکو بەشێوەیەکی فەرمی پشتی پێببەسترێت بۆ پێدانی شایستەی وەبەرهێنەران و کرێی گواستنەوە بە نەوت، بەشێوەیە ڕیژەکەی لە ٤٠٪ زیاتر نەبێت لەکۆی بەرهەمی نەوتی هەرێم دوای لێدەرکردنی بەکارهێنانی ناوخۆ.

٣- گواستنەوەی نەوت لە ناو تورکیا و و ئەمبارکردنی لە بەندەری جیهان بەپێی ئەو ڕیکەوتن وهەموارانە دەبێت کە لەنێوان وەزارەتی نەوتی ئیتحادی و وەزارەتی وزەی تورکیادا کراوە،.   

٤- وەزارەتی نەوتی ئیتحادی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی هەرێم  چاو دەخشێننەوە بە ڕێکەوتنەکانی بەرهەم هێنان وگواستنەوەی نەوت کە ئێستا کاری پێدەکرێت و ئەو گرێبەستە لاوەکیانەی پەیوەستە پێیانەوە ، بەشێوەیەك کە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکات.

٥- پێشکەش کردنی راپۆرتی رۆژانە سەبارەت بە ئاستی بەرهەم و بەکارهێنانی ناوخۆ بۆ وەزارەتی نەوت وە بەوشێوەیەی کە لەگەڵ پلانی بەرهەم هێنان و بەکارهێنانی ناوخۆدا بگونجێت کە دیاری کراوە.

٦- وەزارەتی نەوت پێی باشە بەئاراستەی وەرگرتنی هەمووگرێبەستە نەوتییە کانی بەرهەم و گواستنەوە  و هەناردەکردن بڕوات، لەگەڵ پیاجونەوە بەم گرێبەستانەدا بەزوترین کات  بۆ دڵنیابوون لە بازرگانی بوونی بەرهەم.

ئەمە ئاستێکی زۆر بەرزە لە داخوازی و پەیتا پەیتا عێراق ئاستی داواکارییەکانی بەرزدەکاتەوە بەرانبەر هەرێم.