وەزارەتی نەوتی عێراق: ھەر کۆمپانیایەکی نەوتی مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات دەخرێتە لیستی رەشەوە

2022-06-14 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

بەنوسراوێک کە ئیمزای جێگری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان و سەرۆکی لیژنەی ئاڕاستەکردنی باڵا “کریم حطاب جعفر” لەسەرە لە بەرواری ٢٠٢٢/٦/٧ لەلیژنەی ئاڕاستەکردنی باڵا( اللجنة التوجیهیة العلیا) ی سەر بە وەزارەتی نەوت کە بۆ جێ بەجێ کردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە ٥٩ ئیتحادی ٢٠١٢ سەبارەت بە نادەستوری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم دەرچووە، نوسراوێک ئاراستەی کۆمپانیای نیشتمانی نەوت کردووە داوا دەکات کە هەموو ئەوکۆمپانیایانە ئاگادار بکەنەوە کە گرێبەست و پرۆژە جێبەجێ دەکەن لە بواری تەکنیکی،لۆجیستی، راوێژکار و خزمەتگوزاری و بواری تر کار دەکەن لە هەموو کێڵگە نەوتییەکانی عێراق کە:

یەکەم: بەڵێننامە پێشکەش بکەن بۆ ئەنجام نەدانی کار، گرێبەست یان پرۆژە لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەرەوە.

دووەم: لە ئەگەری هەبوونی گرێبەست یان پڕۆژە، کۆمپانیاکان بەڵێن دەدەن لە ماوەی سێ مانگدا لە بەرواری ئاگادارکردنەوەیانەوە هەڵیانبوەشێننەوە.

سێهەم: لە ئەگەری پابەند نەبونی کۆمپانیاکان بەو شتانەی کە لە (یەکەم یان دووەم)ی سەرەوەدا هاتووە، ئەو کۆمپانیایانە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە و مامەڵەکردن لەگەڵیان قەدەغەدەکرێت.

نووسراوی لیژنەی ئاڕاستەکردنی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە هۆکاری دان بە کۆمپانیا کانی بواری نەوتی هەرێم

پاشتر بەپێی نووسراوێکی کۆمپانیای نەوتی بەسرە، کە بە ژمارە 1675 لە رۆژی 12-6-2022 دەرچووە و ئاڕاستەی کۆمپانیا سەرەکی و لاوەکییەکانی بەڵێندەرایەتی لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق ژمارە ٥٩ی ئیتحادی ٢٠١٢ی کردووە و پشتی بە نووسراوی ژمارە ٣٦ی لیژنەی ئاڕاستەکردن لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەستووە، کە لە رۆژی 7-6-2022 دەرچووە. داوا دەکات بەڵێننامە پڕبکەنەوە و بەڵێنبدەن “بە هیچ شێوەیەک کار لە گرێبەست یان پڕۆژەکانی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان نەکەن بەپێچەوانەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵیی [عێراق] بێت.”

لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە: “ئەگەر ئێستا گرێبەست یان پڕۆژەتان هەبێت کۆمپانیاکەتان و کۆمپانیا بەڵێندەرە لاوەکییەکان بەڵێن بدەن لە ماوەی سێ مانگدا لە رۆژی پێڕاگەیاندتانەوە بەم بڕیارە هەڵیانبوەشێننەوە.”

کۆمپانیای نەوتی بەسرە هۆشداری داوەتە کۆمپانیاکان ئەگەر پابەند نەبن بە خاڵی یەکەم و دووەمەوە ئەوا دەخرێنە لیستی رەشەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت.

نوسراوی کۆمپانیای نەوتی بەسرە سەبارەت بە پابەند کردنی کۆمپانیاکانی بواری نەوت کە مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکەن