کۆمپانیایەکی نەوت دەستی بە گواستنەوە کرد لە ڕێی بۆرییەوە و بەرهەمیشی زیاد دەکات

2023-09-26 لە لایەن روونبیین
ڕاپۆرتهەواڵ
Print Friendly, PDF & Email

 

روونبین
  • ئاستی بەرهەمی نەوتی کێڵگەی شێخان زیاد ی کردووە  بۆ ٦٠٪ ی توانای کێڵگەکە.
  • گواستنەوەی نەوتی بەرهەم هاتووی لەڕێی تەنکەرەوە وەستاندووە و ئێستا دەستی کردووە بە ناردنی بەرهەمەکەی لە ڕێی هێڵی بۆرییەوە.
  • بەرهەمی کێڵگەکە بۆ پاڵاوگەیەکی ناوخۆ دەڕوات  و داهاتەکەشی لە بانکێکی بەریتانی وەردەگرێت.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند کە کۆی گشتی فرۆشی مانگی ئەیلول تا ئێستا بە تێکڕا نزیکەی ٢٨ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بووە.
بە قەبارە و نرخەکانی ئێستا تێچووی مانگانە زیاتر لە٦ ملیۆن دۆلار دەگرێتەوە.
کۆمپانیای گۆلف کیستۆن، ئەمڕۆ نوێکارییەکی لەسەر فرۆشتنی ناوخۆیی بۆ کێڵگەی شێخان بڵاو کردەوە. لەو نوێکارییەدا کۆمپانیاکەەڵێت:
لە دوای داخستنی بۆری هەناردەکردن و دواتر دەستپێکردنی فرۆشی ناوخۆیی لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٣، کۆی تێکڕای فرۆشی ناوخۆیی مانگانەی نەوتی خاوی شێخان بە شێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەتەوە: لەمانگی تەموزدا تێکڕای بەرهەمی رۆژانە نزیکەی ٤٫٩٠٠ بەرمیل بوو، وە لەمانگی ئابدا نزیکەی ١٧٫٢٠٠ بەرمیلی رۆژانە، و نزیکەی ٢٨٫٨٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە نێوان ١ -٢٤ ئەیلول. نرخی وەدیهاتوو بەردەوام بووە بە  نزیکەی ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ نرخی بازاڕی ناوخۆیی.
هەر لە راگەیاندراوی کۆمپانیاکەدا هاتووە “دوابەدوای ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییە لەگەڵ کڕیاران، کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن  GKP کارەکانی گواستنەوەی بارهەڵگرەکانی ڕاگرتووە و هەموو فرۆشتنی نەوتی خاو دەخاتە ناو بۆرییەوە بۆ گواستنەوە بۆ پاڵاوگەیەکی ناوخۆیی لە کوردستان.
کۆمپانیاکە پارەی پێشوەختە لە ئەژمێری بانکی بەریتانیا وەردەگرێت وەکو  پوختەی شایستەکەی کە  36%ی داهاتی گشتی فرۆشتنەکەیە .
قەبارەی فرۆشتنی ناوخۆیی ئێستا و نرخە بەدیهاتووەکان ڕێگە بە کۆمپانیای GKP دەدات کە تێچووی مانگانەی خۆی کە نزیکەی ٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣دا دابین بکات، لە هەمان کاتدا پێگەی دارایی خۆی بەهێزتر دەکات.
کۆمپانیاکەڵێت لە بەردەوامە لە گرنگیدان بە پاراستنی نەختینەیی و بەردەوامە لە گەڕان بەدوای دەرفەتەکاندا بۆ کەمکردنەوەی زیاتری تێچوونەکان.
لە ئێستادا کۆی گشتی فرۆشتن بە تێکڕا نزیکەی ٣٣ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا کەدەکاتە ٦٠٪ ی کۆی توانای بەرهەم هێنانی کێڵگەکە، هەروەها دەڵێت کۆمپانیای GKP هەوڵدەدات قەبارەی فرۆشتن زیاد بکات لەڕێی بەڕێوەبردنێکی  وریایانەوە بۆ دەستپێکردنی بیرەکان کە چەند مانگێکە داخراون و دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییەکانی ئاو. بەڵام بەردەوامیی فرۆشی ناوخۆیی تا ئێستا نادیارە.
شایەنی ئاماژە پێکردنە پێش وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم  لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ لە ڕێی هێڵی بۆری عێراق- تورکیاوە ITP  چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و کارکردن لە زیادبووندا بوو. بەرهەمی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ لە نێوان ١ی کانوونی دووەم و ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٣ بە تێکڕا ٤٩٫١٦٥ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا  و لە نێوان ١-٢٤ی ئازاردا ٥٣٫٦٨٢ بەرمیل بووە لەڕۆژێکدا، لەنێویاندا پێنج ڕۆژ زیاتر لە ٥٥٫٠٠٠ بەرمیل بووە.
کێڵگەی شێخان:
▪️ کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، ٦٠ کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای هەولێر. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە پشکی ٨٠% کێڵگەکەی هەیە و کۆمپانیای MOL هەنگاری ٢٠% پشکەکانی هەیە. نەوت لەم کێڵگەیەدا سالی ٢٠٠٩ دۆزرایەوە ، لەساڵێ ٢٠١٣ وە بەرهەم هێنان دەستی پێکردووە. تا ئێستا زیاتر لە ١٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لەم کێڵگەیە بەرهەم هاتووە. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتی قورسە و تا مانگی ئابی ساڵی ڕابوردوو بە کەمترلە ٢٣ دۆلار لەژێر نرخی برێنتەوە دەفرۆشرا. پاشتر بە میکانیزمی نوێی حکومەتی هەرێم بە ٣٤ تا ٣٦ دۆلار داشکاندن بۆ هەربەرمیلێک نەوتی ئەم کێڵگەیەک کراوە و  فرۆشراوە تا مانگی شوباتی ٢٠٢٣ پاشان لە مانگی شوباتدا داشکاندنەکە ٢٩ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە بووە.
لە ئێستاشدا کاتێک نرخی نەوتی جیهانی لەسەروو ٩٠ دۆلارە نرخی نەوتی ئەم کێڵگەیە بە پاڵاوگەیەکی ئەهلی هەرێم دەفرۆشرێت بە نرخی بەرمیلی بە ٣٠ دۆلار واتە زیاتر لە ٦٠ دۆلار کەمتر لەنرخی برێنت.