لە هەرێم و تەنها لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی لە ماوەی ٢٠ ساڵدا ٤٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم هاتووە.

2024-07-11 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
Print Friendly, PDF & Email
ئەمڕۆ ٢٠ ساڵ بەسەر گرێبەستی کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە گەڵ حکومەتی هەریم تێ دەپەڕێت.
  • لەماوەی ئەم بیست ساڵەدا لەناوچەی گرێبەستی تاوکی (تاکی و فیشخاپور)  کۆمپانیای دی ئێن ئۆ بڕی زیاتر لە ٤٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە
  • داهاتی نەوتی ئەو ئەو دوو کێڵگەیە زیاتر لە ١٧ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.
  • تاوەستانی هەناردە تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە سەروو ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بووە.
  • لە ساڵی ٢٠٢٤ دا تێکڕای بەرهەم ٨٠ هەزار بەرمیل بووە، بەرهەمەکەی بە نرخی داشکاو بە پاڵاوگەکانی هەرێم دەفرۆشرێت.

 

ئەمڕۆ  ١٠ی تەمووزی ٢٠٢٤ کۆمپانیای نەوت و گازی نەرویجی DNO یادی بیستەمین ساڵیادی واژۆکردنی یەکەمین گرێبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە.  دی ئێن ئۆ DNO دەڵێت : ئەم گرێبەستانە کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2004 واژۆ کرا،  سەرەتای گەشتێک بوو  بۆ پیشەسازی نەوتی مۆدێرن لە کوردستاندا  و یارمەتی گۆڕینی ئابووری ناوخۆیی دا و کۆمپانیای دی ئێن ئۆی بردە ڕیزی گەورەترین کۆمپانیاکانی گەڕان و بەرهەمهێنانی ئەوروپا.
ئەو ڕووبەرەی کۆمپانیاکە گرێبەستی تێدا کردووە، ناوچەیەکە کە توانای زۆر ئومێدبەخشی هەبوو، هەروەها  ناوچەیەکی بەرهەمهێنانی بەرزە، کە ئەمڕۆ کێڵگە نەوتییەکانی تاوکی و فیشخاپور لەخۆدەگرێت، کە دوو گەورەترین کێڵگەی نەوتی هەرێمن کە لەلایەن کۆمپانیایەکی نەوتی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەبرێن .
  • بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگانە (تاوکێ لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستیپێکردووە و فیشخاپور لە ساڵی ٢٠١٧) بە تێکڕا بەرهەمیان زیاتر لە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بووە تاوەکو هەناردەکردنی بۆری لە کوردستانەوە لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا ڕاگیرا، لەگەڵ داخستنی هێڵی بۆری لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ دەریای ناوەڕاست.
  • لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ئەم کێڵگانە کە لەلایەن DNO بەڕێوەدەبرێن پێکەوە زیاتر لە ٤٥٠ ملیۆن بەرمیلیان بەرهەمهێناوە و داهاتی ١٧.٣ ملیار دۆلاری بۆ حکومەتی هەرێم بەدەستهێناوە. جگە لەوەش کۆمپانیای DNO هەلی کار بە مووچەیەکی باش و هەلی بازرگانی سەرنجڕاکێش و بازاڕێکی سەرنج راکێشی بۆ هاوردەکارانی ناوخۆیی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی پیشەسازی نەوت دروستکردووە.
لە یادی بیست ساڵەی گرێبەستیان لە کوردستان بیژەن موەفەر ڕەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای DNO دەڵێت: ئێمە لە کوردستان پێکانمان تووند کرد لە خۆشی و ناخۆشی دا، لەکاتی داعش و قەیرانەکاندا، هەروەها هەموو جۆرە تەحەدای یاسایی و ئەمنی و دارایی، بەڵام بە خۆگری و ئیرادەوە ماوینەتەوە” و دەشڵێت: “لە هەمان کاتدا ، کۆمپانیاکانی تر، گەورە و بچووک، هاتوون و ڕۆیشتوون، لە کوردستاندا تەحەدای داهاتوو کە لەبەردەمماندایە، باشترکردنی پشکی بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی داهاتە لەڕێی ئیستغلالکردنی بازاڕە نێودەوڵەتییەکانەوە.”
سەرەڕای داخستنی هەناردەی نەوتی ئەم دواییە و دواتریش کەمکردنەوەی وەبەرهێنانەکان، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە ساڵی 2024دا تێکڕای  بەرهەمهێنانی لە نزیکەی 80 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا پاراستووە، کە دەکاتە چارەکێکی کۆی بەرهەمی کوردستان. پشکی  کۆمپانیاکە بەکاش دەفرۆشرێت و لەلایەن بازرگانەکانەوە لە ڕێگەی تانکەر لە ڕێی وشکانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان بەنرخی  داشکاو لە نرخە نێودەوڵەتییەکان.
بەو پێیە بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان ئێستا زیاترە لە ٣٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. پێشتر  روونبین  لە ڕاپۆرت و شیکردنەوەکانیدا گەشتبووە ئەو ئەنجامەی کە بەرهەمی نەوتی هەرێم لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاترە لە ٣٢٠ هەزار بەرمیل نەوت و هەندێ جار نزیک بووەتەوە لە ئاستی پێش وەستانی هەناردە.  (چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣ دا )
نەوتی کێڵگەکانی هەرێم لە بازاڕی ناوخۆدا بە بازرگان و پاڵاوگەکانی هەرێم بە نرخی داشکاو دەفرۆشرێت، ئێستا  نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم لە نێوان ٢٨ دۆلار بۆ ٤٠ دۆلار دایە و لە پاڵاوگەکانی هەرێم دەپاڵیورێت و بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕێگەی تورکیا و ئێرانەوە دەبرێتە دەرەوە.  کۆمپانیا نەوتییەکان نەیان شاردووەتەوە کە مەترسی ئەوەیان هەیە چەند بەرپرسیکی ناوچەیی بەرژەوەندیان لە بەردەوامی ئەم بارودۆخە هەیە چونکە بەنرخی داشکاو نەوت دەکڕن و بەنرخی بازاڕی جیهانی دەیفرۆشنەوە. شایەنی باسە لە وەتەی هەناردە وەستاوە نرخی نەت لە بازاڕی جیهانیدا لە سەروو ٨٠ دۆلارەوە بووە و هەندێ جاریش گەشتووەتە ٩٠ دۆلار بۆ بەرمیلێک.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە سەدا ٧٥ پشکی لە کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخاپور هەیە، کۆمپانیاکە دەڵێت “بەپێی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان، حکومەتی هەرێم بەشێکی زۆری نەوتی بەرهەمهێنراوی وەرگرتووە لە کاتێکدا کۆمپانیاکە و هاوبەشەکەی کۆمپانیای گێنێل ئینێرجی ئینتەرناشناڵ هەموو تێچوونەکانیان داوە.