عێراق لە ماوەی ٦ مانگدا قەبارەی هەناردەی نەوتی بە بڕی ٦١٨ ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات

2024-08-04 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
روونبین
رۆژی شەممە ٢٠٢٤/٨/٣، وەزارەتی نەوتی عێراق قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ڕاگەیاند کە ٦٠٠ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاند.
بەپێی ئامارەکان کۆی هەناردەکردنی نەوتی عێراق  گەیشتووەتە ٦١٨ ملیۆن و ٤٤ هەزار و ٤٤٥ بەرمیل، کە تێکڕای هەناردەکردنی مانگانە ١٠٣ ملیۆن و ٧ هەزار و ٤٠٧ بەرمیل بووە، هەروەها تێکڕای ڕۆژانە ٣ ملیۆن و ٤٣٣ هەزار بەرمیل، کە بە بەراورد بە  نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ٣.٧٧٪ زیادیکردووە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەناردەی نەوتی خاو لە بەندەری بەسرە و ناوچەکانی ناوەڕاست ٦١١ ملیۆن و ٩٥٢ هەزار و ١١٧ بەرمیل بووە، هاوکات هەناردەی کێڵگەی قەیارە ٣ ملیۆن و ٩٩٩ هەزار و ٤١٧ بەرمیل تۆمارکراوە، هەروەها ٢ ملیۆن و ١٣٣ هەزار و ١١١ بەرمیل لە نەوتی خاو لە ڕێگەی تەنکەری نەوتەوە هەناردەی ئوردن دەکرا.
عێراق نزیکەی ٦٥٪ی نەوتی خاوی بۆ بازاڕەکانی ئاسیا هەناردە دەکات، لەوانە هیندستان و چین، لەڕێگەی بەندەرەکانی کەنداوەوە، لەکاتێکدا ٢٠٪ی ئاڕاستەی ئەوروپا و ١٥٪ی بۆ ئەمریکا دەکرێت.