وەزیری نەوتی عێراق: پاش ڕەزامەندی تورکیا، رەنگە لەماوەی چەندرۆژێکدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە

2025-02-24 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
روونبین
وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پاش ڕەزامەندی تورکیا ڕەنگە لەماوەی چەند ڕۆژێکدا دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان  بکرێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، عێراق چاوەڕێی ڕەزامەندی تورکییا یە بۆ دەستپێکردنەوەی ڕۆیشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە و پێدەچێت لە ماوەی دوو ڕۆژدا هەناردەی نەوتی کوردسان ئامادە بێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کاریگەری دەبێت لەسەر پابەندبوونی عێراق بە بڕیارەکانی ئۆپێک، حەیان عەبدولغەنی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بەغدا پابەندە بە بڕیارەکانی ئۆپێک+ و بڕی هەناردەکراویش لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراقدایە.
رۆژی یەکشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ڕێککەوتوون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کوردستان بە پشتبەستن بە بڕی بەردەست.
تورکیا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣دا هەناردەی هەرێمی لەڕێی بۆرییە وە ڕاگرت، دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بڕیاریدا ئەنقەرە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە بۆ هەناردەکردنی بێ مۆڵەت لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨.
سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردی بدات، ئەگەرنا شانبەشانی ئێران ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە. دواتر بەرپرسێکی عێراقی ڕەتیکردەوە هیچ فشارێک یان هەڕەشەیەکی سزایان لەسەربێت.د
ەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراقەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر دابەزینێکی ئەگەری هەناردەکردنی نەوتی ئێران، کە واشنتۆن بەڵێنی داوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی “زۆرترین فشار”ی ترەمپ دژی تاران بۆ سفر کەم بکاتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەناردەکردنی نەوتی باکوور لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نەوتی خاوی بەرهەم هێنراو لە کێڵگەکانی کەرکوکی عێراق دەگرێتەوە، حەیان عەبدولغەنی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: بەرهەمی کێڵگەکانی کەرکووک بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی دەبێت.