روونبین Roonbeen
- لە هەفتەی ڕابردوودا ئەمباری نەوتی خاوی ئەمەریکا یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوتی خاوی برێنت 74 سەنت بەڕێژەی 0.74% دابەزی و گەیشتە 64.43 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا نەوتی خاوی ئەمریکای ڕۆژئاوای تەکساس ب 57 سەنت کە دەکاتە 0.48% دابەزیوە و گەیشتووەتە 64.43 دۆلار
ئاژانسی بلومبێرگ نیوز بڵاویکردەوە، ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی کە بە گروپی ئۆپێک+ ناسراوە، لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا کە بڕیارە 1ی حوزەیران ئەنجام بدرێت، ئەگەری زیادکردنی بەرچاوی دیکەی بەرهەمهێنان بۆ سێیەم مانگی لەسەریەک لە مانگی تەمموزدا تاوتوێ دەکەن
ڕاپۆرتەکە کە لە زاری نوێنەرانەوە ڕایانگەیاندووە، زیادکردنی بەرهەمهێنان بە بڕی 411 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە مانگی تەمموزدا لەنێو ئەو بژاردانەیە کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی نەکراوە.
ئۆپێک+ کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان بە بەرهەمهێنانی بڕی زیادە بۆ بازاڕ لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران. پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردبووەوە، تا مانگی تشرینی دووەم، ئەو گروپە دەتوانێت تا بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕ
شرۆڤەکاران پێشبینی ئەم هەنگاوەیان دەکرد و لە یاداشتێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە،حەلیمە کرۆفت شرۆڤەکار لەکۆمپانیای ئاڕ.بی. سی کاپیتاڵ ڕایگەیاندووە، زیادکردنی بەرهەمهێنان بە بڕی ٤١١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە لە مانگی تەمموزەوە دەستپێدەکات، ” ئەگەرێکی زۆرە” بۆ دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە.
دانوستانی ئەتۆمی ئێران
وەبەرهێنەران بە وریاییەوە، سەرنجیان لەسەر دانوستانە نوێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، لە کاتێکدا زیادبوونی چاوەڕواننەکراوی کۆگاکانی نەوتی خاو و سووتەمەنی ئەمریکا نیگەرانییەکانی سەبارەت بە خواست لە گەورەترین بەکارهێنەری نەوت لە جیهاندا دروستکردووە.
ئیدارەی زانیاری وزە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو کۆگای نەوتی خاو و سووتەمەنی ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادیکردووە، چونکە هاوردەکردنی نەوتی خاو بەرزترین ئاستی لە ماوەی شەش هەفتەدا تۆمارکردووە و خواست لەسەر بەنزین و ماددە پاڵێوراوەکان کەمیکردووە.
ئیدارەی زانیاری وزە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لەو هەفتەی کەلە 16ی ئایاردا کۆتایی هات، کۆی نەوتی خاو بە ڕێژەی یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 443.2 ملیۆن بەرمیل. لە کاتێکدا شرۆڤەکاران لە ڕاپرسییەکی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا پێشبینیان کردبوو کە بە ڕێژەی یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.
زیادبوونی لەناکاوی کۆگاکانی ئەمریکا
ئیمریل جەمیل، شرۆڤەکاری باڵای توێژینەوەی نەوت لە گروپی بۆرسەی لەندەن دەڵێت: بەرزبوونەوەی سەرسوڕهێنەری کۆگاکانی نەوت کە لەلایەن ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکاوە ڕاگەیەندراوە، دەبێتە هۆی فشار و دابەزینی نرخی نەوت، بە تایبەتی خاوی رۆژاوای تەکساس و ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی زیاتری هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ ئەوروپا و ئاسیا.
هیرۆیوکی کیکوکاوا، سەرۆکی ستراتیژییەتی بازاڕ لە کۆمپانیای نیسان سیکیوریتیز ئینڤێستمەنت کە یەکەیەکی کۆمپانیای نیسان سیکیوریتیزە، دەڵێت: “هەرچەندە بەرزبوونەوەی کۆگاکانی ئەمریکا نیگەرانییەکانی دروستکردووە، بەڵام هەندێک لە وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن وەرزی لێخوڕینی هاوینە (پشوی هاوینە) کە دوای پشووی “ڕۆژی یادکردنەوە“ دەستپێدەکات، ببێتە هۆی کەمبوونەوەی کۆگاکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن و خۆیان لە بنیاتنانی هیوای گەورە بەدوور دەگرن لە کاتێکدا کە ئاماژە دژبەیەکەکان سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا و ئێران و ڕاپۆرتێکی میدیایی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڵدەسەنگێنن”، پێشبینیش دەکەن نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس ئینتەرمیدیت بۆ ئێستا لە نێوان 55 بۆ 65 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.
وەزیری دەرەوەی عومان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: پێنجەمین خولی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ٢٣ی مانگی ئایار لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت.
سی ئێن ئێن ڕۆژی سێشەممە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاندووە کە هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسرائیل خۆی بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە دەکات، هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕوون نییە کە ئایا سەرکردەکانی ئیسرائیل بڕیاری کۆتایییان لەسەر ئەو بابەتە داوە یان نا.
ئێران سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەرە لە نێوان ئەندامانی ئۆپێک و هێرشێکی ئیسرائیلیش ڕەنگە هەناردەککردنی پەک بخات