
هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا بە فەرمی کارەکانی دەوەستێنێت. ئەم بڕیارە مانای چییە؟
2025-07-22
لە لایەن روونبیین
ڕاپۆرت
روونبین- Roonbeen
هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا بە فەرمی کارەکانی وەستاند. ئەم بڕیارە مانای چییە؟
ئەنقەرە دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ کارکردن بڕیاری دا لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٦ەوە کارکردنی بە گرێبەستەکە ڕابگرێت و دەرگای ڕێکەوتنی نوێش کراوەیە.
لە پێشهاتێکی بەرچاو لە پەیوەندییە نەوتییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، ئەنقەرە ڕۆژی دووشەممە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانی هێڵی بۆری نەوتی لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند، کە لە مانگی تەمموزی 2026ەوە کاری پێدەکرێت.
ئەو بڕیارە کە بە فەرمانی سەرۆک کۆمار دەرچووە و لە ڕۆژنامەی فەرمی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، ڕەنگە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت بۆ بۆری کەرکوک – جەیهان، کە ساڵانێکە وەک خوێنبەرێکی گرنگ بووە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست.
ئەم ڕاگەیاندنە پرسیاری بەرچاو سەبارەت بە کاردانەوەی سیاسی و ئابووری دەوروژێنێت و ئاسانکاری جددی دەخاتە بەردەم عێراق لە گەڕان بەدوای ئەڵتەرناتیڤی ستراتیژیدا.
ئیبراهیم بەحرل علوم، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، دوای ڕاگەیاندنی بە ئەشرق ئەلئەوسەتی ڕاگەیاند، “هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی تاکلایەنە کێشەی یاسایی دەوروژێنێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەو پرسە بکەوێتە ژێر دانوستانی نوێی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، بەتایبەتی دوای باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئەم دواییە”.
لەم ڕاپۆرتەدا پێداچوونەوە بە دیارترین بەربەستەکانی ئەم بۆرییە دەکەین و باس لەو بژاردانە دەکەین کە ڕەنگە داهاتوو بەدوای خۆیدا بهێنێت.
هێڵی بۆری کەرکوک-جەیهان چییە؟ چۆن دەستی پێکرد؟
هێڵی بۆری کەرکوک – جەیهان یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، کە نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی باکوری عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان و کەرکوکەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاستە. ڕێککەوتنە سەرەکییەکەی نێوان عێراق و تورکیا لە 27ی ئابی 1973 واژۆ کرا و بۆرییەکە لە ساڵی 1977 دەستی بە کارکرد، ئامانجیشی ئەوە بوو کە عێراق بتوانێت نەوتەکەی لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات، بەدەر لە گەرووی هورمز.
سەرەتا حکومەتی ناوەندی عێراق بە تەواوی خاوەندارێتی ئەو بۆرییە بوو و بەڕێوەی دەبرد. بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003، هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە پەرەپێدانی ژێرخانی نەوتی خۆی، هەندێک کێڵگەی بەستەوە بە بۆری جەیهان لە ڕێگەی بۆرییەکی نوێیەوە کە لەلایەن هەرێمەوە دروستکرابوو. ئەمەش وایکرد نیمچە سەربەخۆ لە بەغدا نەوت هەناردە بکات.
ئەم هەنگاوە ناکۆکی یاسایی و سیاسی لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمدا دروستکرد، هەروەها بووە هۆی دروستبوونی گرژیی یاسایی لەگەڵ بەغدا، کە ئەو هەنگاوەی ڕەتکردەوە و بە پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی دادەنا.

گرنگی ئابووری و سیاسی ئەم بۆرییە
لە ڕووی ئابوورییەوە ئەم بۆرییە دەرچەیەکی گرنگی پێکدەهێنا بۆ نزیکەی 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە نەوتی کوردستان، جگە لە نزیکەی 75 هەزار بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک. ئەمەش زیاتر لە 10%ی هەناردەی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت و نزیکەی 80%ی بودجەی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
لەڕووی سیاسییەوە ئەو بۆرییە وەکو کارتێکی فشار بوو بۆ هەولێر، لەکاتێکدا بەغدا بە پێشێلکاری دەستووری دەزانی، بەتایبەتی کە داهاتی هەناردەکردن بەشێوەی ناوەند بەڕێوەنەدەبرا. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی نەوتی عێراق دوو ڕێککەوتنی نێوان دوو کۆمپانیای ئەمریکی وزە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێکی وەبەرهێنان دەبێت لە ڕێگەی ئەوەوە ئەنجام بدرێت.
بۆچی لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣دا هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە وەستا؟
هەناردەکردن وەستا دوای ئەوەی بڕیارێکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەلایەن ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریسەوە بڕیاریدا کە تورکیا ڕێکەوتنەکەی ساڵی ١٩٧٣ی پێشێل کردووە بە ڕێگەدان بە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ ڕەزامەندی بەغدا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨. ئەنقەرە بڕیاری قەرەبووی یەک ملیار و نیو دۆلاری پێدرا و دەستبەجێ ڕۆیشتنی نەوتی ڕاگرت. بەڕواڵەت بۆ ئەنجامدانی پێداچوونەوەی تەکنیکی بە هێڵی بۆرییەکە. بەڵام چاودێران پێیان وایە هۆکاری ڕاستەقینە هەڵکشانی یاسایی و سیاسی بووە، کە لە ئەنجامدا زیانەکانی عێراق بە 19 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت تا مانگی شوباتی 2025.
شەریف موحسن، شارەزای بواری نەوتی عێراقی و بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو لە وەزارەتی نەوتی عێراق، کە قسەی لەگەڵ ئەشرق ئەلئەوسەت کرد، پێی وایە “باشتربوو عێراق لە پلەی یەکەمدا سکاڵای یاسایی لەسەر تورکیا تۆمار نەکات، باشتر بوو پێش ئەوەی ئەم بڕیارە بدات، لێکەوتەکانی لەبەرچاو بگیرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرژەوەندی هاوبەشمان لەگەڵ ئەنقەرە بە وردی هەڵنەسەنگێندرا، ڕاستە عێراق یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری قازانج کرد، بەڵام ئەم بڕە پارەیە هاوتایە لەگەڵ کارپێکردنی هێڵی بۆری بۆ ماوەی کەمتر لە مانگێک.
بە گوتەی موحسن کە ماوەی سێ ساڵ وەک نوێنەری نەوتی عێراق لە تورکیا کاری کردووە و لە لایەنی عێراقییەوە سەرپەرشتی هێڵی بۆرییەکەی کردووە، دەکرا لە ڕێگەی دانوستانەوە دەرئەنجامێکی باشتر بەدەست بهێنرێت نەک دادگاییکردن. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: من زۆر باش دەزانم چۆن تورکەکان وەک دۆست بەدەست بهێنم یان بیانکەم بە دوژمن.
گرنگی ڕاگەیاندنی کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتنی نەوت
بڕیارەکەی تورکیا بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ڕێککەوتن و پرۆتۆکۆلەکانی پەیوەست بە بۆرییەکە، لەوانە ڕێککەوتنی ساڵی 1973، پرۆتۆکۆڵی ساڵی 1976، یاداشتی لێکتێگەیشتنی ساڵی 1981، ڕێککەوتنی تەواوکەری ساڵی 1986، ڕێککەوتنی هەموارکردنەوەی ساڵی 2011. ئەمەش بەو مانایەیە کە تورکیا لە مانگی تەمموزی 2026ەوە لە ڕووی یاساییەوە پابەند نابێت بە گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی خاکەکەیەوە، مەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ نەکرێت.
بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان کە قسەیان لەگەڵ بلومبێرگ کردووە، ئەنقەرە پێی وایە مەرجەکانی ئێستا لە قازانجیان نییە و بەدوای ڕێککەوتنێکی نوێدا دەگەڕێت کە داهاتیان بەرزبکاتەوە و نەرمییەکی زیاتریان پێبدات لە بەڕێوەبردنی بۆرییەکەدا.
بە وتەی کەسێک لە کۆمپانیای بۆتاشی تورکی کە بۆرییەکە بەڕێوەدەبات کار دەکات و نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت قسەی لەگەڵ ئەشرق ئەلئەوسەت کردووە، “ماوەی سێ ساڵە بۆری کەرکوک-جەیهان لەکارکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بودجەی تورکیا تێچووی کارپێکردنی بۆریەکە لە ئەستۆ دەگرێت، کە بریتین لە ئاسایش و پەمپ و ئەندازیار و کارگێڕ و سەرپەرشتیار. بڕیاربوو ئەم تێچووانە لە ڕێگەی گواستنەوەی نەوتەوە دابین بکرێت”. بەڵام لەم ماوەیەدا هیچ ترانزێتێک ڕووی نەدا، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی بارگرانی دارایی بۆ ئەنقەرە”.
لەگەڵ ئەوەشدا سزای یەک ملیار و نیو دۆلار بەسەر تورکیادا سەپێنراوە، “ئەمەش وایکردووە ئەو بۆرییە ببێتە بارگرانییەکی بەرچاوی ئابووری، و لە ڕوانگەی زۆرێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، پێویستی بە داخستن هەیە”، بە وتەی بەرپرسێکی بۆتاش.
دەرئەنجامەکانی ئەو بڕیارە بۆ عێراق چییە؟
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی عێراقی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لەگەڵ ئەشرق ئەلئەوسەت قسەی کردووە، داخستنی بۆری کەرکوک-جەیهان ڕەنگە کاردانەوەی قووڵی ئابووری هەبێت، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی نزیکەی 80%ی بودجەی ساڵانەی.
لە مانگی ئازاری ساڵی 2023ـەوە هەرێم بەهۆی وەستانی هەناردەوە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیانی گەیاندووە، ئەمەش قەیرانە داراییەکانی زیاتر کردووە.
لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراقیش، پەنابردن بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە، تێچووی گواستنەوە و کەشتیوانی زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی فشار لەسەر قازانج.
هەروەها حکومەتی هەرێم بەدەست بەربەستی هەندێک گرێبەستی کۆمپانیاکانی وزە و کەڵەکەبوونی قەرزەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (IOC) کە زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، دەناڵێنێت. ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنانەکان بە بڕی نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار و دەرکردنی سەدان کارمەند، ئەمەش مەترسی لەسەر بەردەوامیی پەمپکردنی نەوت لە هەرێمەوە دروستکردووە لە ماوەی مامناوەنددا.
جێگرەوەکانی عێراق دوای وەستانی بۆرییەکە
عێراق دەتوانێت دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تورکیا بکاتەوە کە بەرژەوەندی هەردوولا لەبەرچاو بگرێت- کە ئەنقەرە ئارەزووی دەکات- لە هەمان کاتدا یەکلاییکردنەوەیەک پێشکەش بکات کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات و داهاتێکی دارایی باش بەدەستبهێنێت. هەروەها دەتوانرێت فشار لە ڕێگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە دروست بکرێت ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، و بە بەشداریکردنی نێوەندگرانی نێودەوڵەتی.
بە گوتەی ئیبراهیم بەحر ئەلعولوم، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، ئەو بۆرییە “تەنها 5% بۆ 7%ی هەناردەی عێراقی هەناردە کردووە”، لەوانە کەمکردنەوەی قەرەبووکردنەوە و زیادکردنی ڕسومات، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پڕۆژە گەورەکانی هەرێمی وەک ڕێگای گەشەپێدان. وتیشی: تورکیا ئێستا دەیەوێت دانوستان بکات بۆ باشترکردنی مەرجەکان.
هەروەها دەتوانێت بەغدا بیر لە زیندووکردنەوەی بۆریی عێراق-سوریا-بانیاس بکاتەوە وەک بەدیلێک بۆ هێڵی بۆری تورکیا، بەڵام پرۆژەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە، دیارترینیان نائارامی ئەمنی لە سوریا و تێچووی نۆژەنکردنەوە بە ملیاران دۆلاری خەمڵێنراوە.
هەروەها نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکانی هەناردەکردنی جێگرەوە لە ڕێگەی کەنداوەوە بژاردەیەکە لەسەر مێزە، بەڵام پێدەچێت تێچوونەکانی زۆر بەرز بن.
ویستگەی گرنگەکانی بۆری کەرکوک-جەیهان:
-
١٩٧٣: ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیا واژۆ کرا بۆ دروستکردنی بۆرییەک بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاست.
-
١٩٧٧: قۆناغی یەکەمی بۆرییەکە کە توانای 0.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستیپێکرد.
-
١٩٨٣: بۆری دووەم و هاوتەریب دروستکرا بۆ بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردن، بەمەش کۆی توانای هەناردەکردن گەیشتە نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
-
1990: دوابەدوای لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوەیت و سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکان، بۆرییەکە بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیرا.
١٩٩٦: کارکردنی بەشێکی لە ژێر پرۆگرامی نەوت بۆ خۆراک دەستیپێکردەوە.
-
2003: بەهۆی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، بۆرییەکە بەشێکی زیانی پێگەیشت، بەڵام دوای چاککردنەوەی پچڕ پچڕ بەردەوام بوو لە کارکردن.
-
2014: جارێکی دیکە زیان بەر بۆرییەکە کەوتەوە کاتێک داعش بەشێک لە پارێزگای نەینەوای کۆنترۆڵکرد.
-
2018-2020: کاری نۆژەنکردنەوەی پچڕپچڕ لەلایەن لایەنی عێراقییەوە بە هاوکاری لەگەڵ تورکیا بۆ زیادکردنی توانای هەناردەکردن ئەنجام دەدرێت.
-
ئاداری 2023: بۆرییەکە بەتەواوەتی ڕاگیرا، دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە داوای یاسایی لەسەر تورکیا بڕیاری لە بەرژەوەندی عێراق دەرکرد و سزای یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بەسەر ئەنقەرەدا سەپاند بەهۆی ئەوەی ڕێگەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە نەوت هەناردە بکات بەبێ ڕەزامەندی بەغدا.
-
21ی تەمموزی 2025: تورکیا نیازی خۆی بۆ داخستنی بۆرییەکە لە مانگی تەمموزی 2026ەوە ڕاگەیاند و دەرگای دانوستان بۆ ڕێککەوتنی نوێ کرایەوە.
