
ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ رەشنوسی لێكتێگەیشتنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانی پەسەندكرد
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ كۆتایی هات، بەگوێرەی سەرچاوەكان لە بەغدادەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ رەشنوسی لێكتێگەیشتنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانی پەسەندكردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە پرسی بەكارهێنانی بڕی (50 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم و رادەستكردنی بەرهەمەكەی تر بە كۆمپانیای (سۆمۆ) بدرێت، جا چ ئەوەی هەناردەی دەرەوەی بكات یان ئەویش بۆ پێداویستی ناوخۆی عێراق سودی لێ ببینێت.
لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێشنیاری كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی پەسەندكرد، تیایدا “شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی كەرتی نەوتی هەرێم بە (نەوتی خاو) بدرێت نەك پارەی كاش، بۆ ئەوەی چیتر كۆمپانیاكان نیگەران نەبن لەوەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە شایستەكانیان پێنەدرێت، بۆ ئەمەش كرێی دەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت وەكو ئەوەی لە هەمواری یاسای بودجەدا هاتووە بە بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە و دەبێت هاوتای ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنن بەبەهای (16 دۆلار بۆهەر بەرمیلێك) لەبری پارەی كاش نەوتی خاو بە كۆمپانیاكان بدرێت، لەم حاڵەتەشدا هاوشێوەی ئەوەی لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە (لە 25ی ئازاری 2023) كردوویانە، دەبێت لەمەودواش كۆمپانیاكان خۆیان بازاڕ بۆ فرۆشتنی نەوتەكەیان بدۆزنەوە”.
سەبارەت بەواژۆی رێككەوتنی سێقۆڵی، كە حكومەتی هەرێم جەختی لێدەكاتەوە ئاشکراکراوە “ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندی نیشاندا لەسەر واژۆکردنی گرێبەستی سێقۆڵی لەنێوان (حكومەتی فیدراڵ + حكومەتی هەرێمی كوردستان + كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم)، بەو مەرجەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ رەزامەندی لەسەر واژۆكردنی گرێبەستێكی لەمشێوەیە نیشان بدات، بۆ ئەمەش پرسەكە ئاڕاستەی وەزارەتی نەوت دەكرێت و بڕیارە ئەویش لەماوەی دوو رۆژدا بۆچوونی خۆی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بكاتەوە.
هاوکات لەدوای ئەم رێككەوتنەوە دەبێت بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژانەی هەرێم دیاریبكرێت بەمەبەستی رادەستكردنی بە (سۆمۆ).
