دی ئێن ئۆ: رێککەوتنێکمان دەوێ دانەوەی قەرزەکانی ڕابوردوومان و پارەی هەناردەی داهاتوومان مسۆگەر بکات

2025-09-23 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
Print Friendly, PDF & Email

روونبین- Roonbeen

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، پێشوازی لە هەواڵی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. 

لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥ کۆمپانیاکە ڕایگەیاند : “دی ئێن ئۆ DNO بەردەوام رایگەیاندووە کە پەرۆشی دەستپێکردنەوەی هەناردەیە، بەڵام بە گوێرەی رێککەوتنێک کە دانەوەی قەرزەکانی ڕابووردوو و پارەی هەناردەی داهاتوومان مسۆگەر بکات.”

کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە دەیانەوێت میکانزمی دانەوەی قەرز و شایستە داراییەکانیان بە گوێرەی گرێبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەم بێت کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆیان کردووە. 

بیژەن رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا نەرویجییەکە دەڵێت، ئەو مەترسییە داراییەی لەسەر دی ئێن ئۆ هەیە، “لە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی دیکە جیاوازە. جێی بایەخە کە وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر، ئەو قەرزەی ئێمە کەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمانە، لە زۆر لەوانی دیکە زیاترە، کەواتە، مەترسیی گرفتی پارەدان لەسەر ئێمە زۆر گەورەترە بەراورد بەو مەترسییەی لەسەر هەر کۆمپانیایەکی دیکە هەیە.”

رەحمانی باس لەوە دەکات، دی ئێن ئۆ ژمارەیەک پێشنیازی بە هەولێر داوە بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی ئەو مەترسییە، دەڵێت، “لە رێگەی چارەسەری ئاسان کە دەکرێت بە خێرایی رێککەوتنی لەسەر بکرێت.”

راگەیێنراوەکەی دی ئێن ئۆ ئاماژە بەوە دەکات، دی ئێن ئۆ کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی کار دەکەن، “خەرجییەکانیان زیاد کردووە بۆ ئەوەی ئەو زیانەی لە دوای هێرشە درۆنییەکانی تەممووزی 2025 بەر کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور کەوتبوون، چاک بکەنەوە.”

کۆمپانیاکە دەڵێت “پلانیان بۆ وەبەرهێنانی زیاتر داناوە  لەساڵی ٢٠٢٦ دا بۆ ئەوەی 8 بیر لێبدەن، لە چوارچێوەی ناوچەی مۆڵەتی   تاوکێ، کە ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەم و گەیاندنیەتی بە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.”

دی ئێن ئۆ دەڵێت، “ئێستا بەشە نەوتەکەی خۆی بە کاش لە رێگەی تانکەرەوە بە پاڵاوگە نوخۆییەکان دەفرۆشێت، بە نرخێک کە لای کەمترینی ٣٠ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک.”