لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهانە.. سوپای پاسداران داخستنی گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت

2026-02-28 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

سوپای پاسداران داخستنی گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت

هاوکات لەگەڵ هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەمڕۆ شەممە سوپای پاسداران داخستنی گەرووی هورمزی ڕاگەیاند، کە نزیکەی 20%ی بەرهەمی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان دادەنرێت.

هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئاگادارکردنەوەیەکی ئاراستەی هەموو ئەو کەشتیانە کرد کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن و داوای لێکردن دەستبەجێ ناوچەکە جێبهێڵن. هەروەها لە ئاگادارکردنەوەکەدا هاتووە: “داخستنی گەرووی هورمز لەم ساتەوە ڕادەگەیەنرێت.. تەواو.”

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوێکی ئاویی زۆر گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئارام نییە، هەر بۆیە ڕۆژی شەممە بەڕووی کەشتییەکاندا داخراوە، وەک ئەوەی میدیا ناوخۆییەکان بڵاویان کردووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم” ئاماژەی بەوە کردووە کە “سوپای پاسدارانی ئێران وشیاریی داوەتە چەندین کەشتی کە بەهۆی بارودۆخی نائارامی دەوروبەری گەرووەکە کە ئەنجامی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وەڵامدانەوەکانی ئێرانە، لە ئێستادا تێپەڕبوون بە ناو گەرووەکەدا سەلامەت نییە.” هەروەها ئاژانسەکە دەڵێت: “لەگەڵ ڕاوەستانی هاتوچۆی کەشتییەکان و تانکەرە نەوتییەکان، گەرووی هورمز لەسەر ئەرزی واقیع بە داخراو هەژمار دەکرێت.”

ڕاسپاردەی وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا ڕاسپاردەی داوەتە کەشتییە بازرگانییەکان کە دوای بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، خۆیان لە تێپەڕبوون بە ناو کەنداو لابدەن. بەڕێوەبەرایەتی کاروباری دەریایی لە وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری داوە کە ناوچەکانی گەرووی هورمز، کەنداو، دەریای عومان و دەریای عەرەب شاهیدی “چالاکییەکی سەربازی گەورەن”، و “ڕێنمایی دەدرێت کە کەشتییەکان تا دەکرێت لەو ناوچانە دوور بکەونەوە.”

هەروەها بەیاننامەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەو کەشتیانەی ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانیان هەڵگرتووە، یان خاوەندارێتییان بۆ لایەنی ئەمریکی دەگەڕێتەوە، یان لەلایەن تیمی ئەمریکییەوە بەڕێوەدەبرێن، دەبێت بە دووری 30 میلی دەریایی لە هەر کەشتییەکی سەربازی ئەمریکی بمێننەوە، بۆ ئەوەی بە هەڵە وەک هەڕەشە ئەژمار نەکرێن.

پێشتر شارەزایانی کەرتی وزە هۆشدارییان دابوو کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕەنگە ئێران پاڵ پێوە بنێت بۆ داخستنی گەرووی هورمز؛ ئەو ڕێڕەوە ئاوییە تەسکەی کە کەنداوی عەرەبی بە دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە و نزیکەی سێیەکی نەوتی خاوی گواستراوە لە ڕێگەی دەریاوە لە جیهاندا، پێیدا تێپەڕ دەبێت.