
چین بەڵێنی پاراستنی ئاسایشی وزەی دەدات دوای جموجوڵەکانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا و ئێران
روونبین
پەکین جەخت دەکاتەوە لە گرتنەبەری “ڕێکاری پێویست” بۆ دەستە بەرکردنی سەقامگیریی دابینکردنی وزە لە نێوان هەڵکشانی گرژییەکان و بازدانی نرخەکانی نەوت و غاز.
- نەوتی ئێران نزیکەی 13%ی هاوردەی دەریایی چین پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا ڤەنزوێلا نزیکەی 4% پێکدەهێنێت.
- مەترسییەکانی پەککەوتنی دابینکردنی وزە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە نرخەکانی خاوی بەرزکردووەتەوە و فشاری خستووەتە سەر بازاڕەکان.
- پەکین پشت بە دابینکردنی غازی سروشتی شل (LNG) لە قەتەر دەبەستێت.
- بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت و غاز کاریگەریی گەورەی لەسەر وڵاتانی هاوردەکاری وزە هەیە و چین لە سەرووی هەموویانەوەیە.
چین هەوڵ دەدات ئاسایشی دابینکردنی وزەی بەهێز بکات لە ژێر کاریگەری هەڕەشە زیادبووەکان بۆ سەر لێشاوی نەوت و غاز، ئەمەش دوای جموججوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا و ئێران، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و دروستبوونی مەترسی سەبارەت بە گەیشتنی بارەکان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
ئەم پەرەسەندنە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر دووەم گەورەترین ئابوری جیهان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوردەکردنی وزە دەبەستێت بۆ گەشەی پیشەسازی و بەکاربردنی ناوخۆیی.
وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە پەکین “ڕێکاری پێویست” دەگرێتە بەر بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی وزەی وڵاتەکەی. ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە وتی: “ئاسایشی وزە بۆ ئابوری جیهان زۆر گرنگە، پێویستە هەموو لایەنەکان دابینکردنێکی سەقامگیر و بێبەربەست دەستەبەر بکەن.” هەروەها وتیشی چین “بە توندی دژی بەکارهێنانی هێزە بۆ پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتان.”
دابینکردنی نەوتی خاو بۆ چین
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین ڕوو لە زیادبوونن، کە دوو ناوچەی سەرەکین بۆ دابینکردنی نەوتی خاو بۆ چین.
چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا و بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت. بەپێی خەمڵاندنی شرۆڤەکاران، بەرمیلە نەوتەکانی ئێران نزیکەی 13%ی هاوردەی دەریایی نەوتی خاوی چین لە ساڵی 2025 پێکدەهێنن. لە بەرامبەردا، ڤەنزوێلا سەرچاوەیەکی گرنگە لە ئەمریکای باشوور و نزیکەی 4%ی هاوردەی دەریایی چینی لە ساڵی 2025دا دابین کردووە.
فشاری چین بۆ بەکراوە هێشتنەوەی گەرووی هورمز
ڕاپۆرتێکی “بلومبێرگ” ئاماژەی بەوە کردووە کە پەکین فشاری خستووەتە سەر تاران بۆ ئەوەی دوور بکەوێتەوە لە هەر هەنگاوێک کە جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز پەکبخات. ئەم ڕێڕەوە بۆ چین گرنگییەکی ژیانی هەیە، نەک تەنها بەهۆی نەوتی ئێرانەوە، بەڵکو بەهۆی پشتبەستنی زۆری بە غازی سروشتی شل لە قەتەرەوە، کە نزیکەی 30%ی هاوردەی غازی چین دابین دەکات.
بەرزبونەوەی نرخەکان
ئەم جوڵانە دوای بازدانێکی توندی نرخەکانی وزە هاتن؛ خاوی برێنت ڕۆژی دووشەممە بە ڕێژەی زیاتر لە 13% بەرزبووەوە و 82 دۆلاری تێپەڕاند. بەپێی شیکردنەوەیەکی “بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس”، جەنگ لە ئێران نزیکەی 15 دۆلاری خستووەتە سەر نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت.
هەروەها نرخەکانی غاز لە ئەوروپا بە ڕێژەی 70% بەرزبونەتەزە، کە ئەمەش توندترین شەپۆلی ناجێگیرییە لە دوای قەیرانی وزەی ساڵی 2022وە، ئەمەش مەترسییەکان زیاد دەکات کە شۆکی نرخەکان بگاتە ئەو ئابورییە گەورانەی کە پشت بە هاوردەکردن دەبەستن، لە سەرووی هەموویانەوە چین.
لێکەوتە فراوانەکان بۆ ئابوری جیهان
نەوت کەناڵی سەرەکی گواستنەوەی کاریگەریی هەر پەرەسەندنێکی سەربازییە بۆ سەر ئابوری جیهان. بەردەوامیی بەرزیی نرخەکان فشار دەخاتە سەر هاوردەکارە گەورەکانی وەک چین، هیندستان و ئەوروپا. خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕاوەستانی تەواوەتی دابینکردنی نەوتی ئێران ڕەنگە نرخەکان بە ڕێژەی 20% بەرز بکاتەوە، بەڵام لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزدا، نرخی خاوی برێنت بۆ ئاستێکی زۆر بەرزتر هەڵدەکشێت