وەستانی غازی سروشتیی شلی قەتەر نەخشەی وزە دادەڕێژێتەوە
وەستانی غازی سروشتیی شلی قەتەر نەخشەی وزە دادەڕێژێتەوە…
ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لەلایەن قەتەرەوە و هەڕەشەی سەر گەروی هورمز نرخەکان بە ڕێژەی 54% بەرز دەکەنەوە و ناسکیی بازاڕێک دەردەخەن کە پێش هەڵگیرسانی ململانێکان چاوەڕوانی زیادەی خستنەڕووی دەکرد.
▪️نرخی غازی ئەوروپا بە ڕێژەی نزیکەی 90% باز دەدەن دوای ئەوەی قەتەر بەرهەمهێنانی لە “رأس لفان” ڕاگرت و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز کرا.
▪️بانکی “گۆڵدمن ساکس” پێشبینی دەکات نرخەکان 130% بەرز ببنەوە بۆ 25 دۆلار ئەگەر هاتوچۆی دەریایی بۆ ماوەی مانگێکی تەواو پەکبکەوێت.
▪️ قەتەر دەست دەگرێت بەسەر نزیکەی 20%ی بازاڕی غازی گواستراوەی دەریایی لە جیهاندا، ئەمەش قەرەبووکردنەوەی خێرای دابینکردنەکانی ئەو وڵاتە زۆر قورس دەکات.
واشنتۆن – حەسەن یەحیا بۆ بلومبێرگ
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنیدا شۆکێکی گەورەی لە بازاڕدا دروست نەکرد، چونکە پێشوەختە نرخەکەی لەسەر دانرابوو. بەڵام ئەو ئەنجامانەی هاوشانی ئەم جەنگەن، دەبنە هۆی پشێوی گەورە، بەتایبەتی لە بازاڕەکانی غازی سروشتیی شلدا (LNG).
خراپترین مەترسییەکانی بازاڕی غاز خەریکە دێنە دی؛ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز، بوونە هۆی ئەوەی کۆمپانیای “قەتەر بۆ وزە” بەرهەمهێنانی غازی شل ڕابگرێت دوای هێرشەکان. ئەمەش بازاڕی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کرد و نرخی غازی لە ئەوروپا بە ڕێژەی ٥٤٪ بەرزکردەوە، مەترسی گەورە سەبارەت بە ئاسۆی ئەم کەرتە هەیە ئەگەر قەیرانەکە درێژە بکێشێت.
هەروەها نرخی بەکرێگرتنی تانکەرەکانی غازی شل بۆ 200 هەزار دۆلار لە ڕۆژێکدا بەرزبووەوە، کە نزیکەی دوو هێندەی ئەو بڕەیە کە خاوەن کەشتییەکان پێشتر وەریان دەگرت.
ڕەنگە بەرزبوونەوەکان لێرەدا نەوەستن؛ شیکەرەوەکانی “گۆڵدمن ساکس” لە تێبینییەکدا کە لە 1ی مارس بڵاوکراوەتەوە، نووسیویانە هەر پەککەوتنێکی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا بۆ ماوەی مانگێک، نرخەکانی غازی ئەوروپا و ئاسیا بە ڕێژەی 130% بەرز دەکاتەوە، بۆ 25 دۆلار بۆ هەر ملیۆن یەکەی گەرمیی بەریتانی. ئەگەر زیاتریش بخایەنێت، پێشبینی دەکەن نرخەکان لە ئەوروپا 35 دۆلار تێپەڕێنن، ئەمەش خواستی سەر غاز لاواز دەکات.
هێشتا نەزانراوە ئەم جەنگە تا کەی بەردەوام دەبێت، بۆیە زووە بزانرێت بازاڕەکانی غاز چۆن لەسەر مەودای درێژ کاریگەر دەبن، بەڵام ئەم قەیرانە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە توندترین بێت لە دوای جەنگی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
دیمەنی جیهانی
سێ وڵات دەست دەگرن بەسەر هەناردەی غازی سروشتی شل لە جیهاندا:
▪️ ویلایەتە یەکگرتووەکان: گەورەترین هەناردەکار (پشکی 27%).
▪️ ئوسترالیا و قەتەر: پشکی هەریەکێکیان نزیکەی 20%ـە.
بەپێی داتاکانی “ئیدارەی زانیاریی وزە”ی ئەمریکا، لە ساڵی 2024دا ئەمریکا ڕۆژانە 11.9 ملیار پێ سێجا غازی هەناردە کردووە، لە کاتێکدا هەناردەی ئوسترالیا و قەتەر لە نێوان 10.2 بۆ 10.7 ملیار پێ سێجا بووە.

نزیکەی %٦٠ی گازی شلکراوەی قەتەر بۆ ٤ شوێن دەچێت: چین، هیندستان، کۆریای باشوور و یەکێتیی ئەورووپا.
یاریزانی تریش لە بازاڕدا هەن وەک ڕووسیا، نەرویج و مالیزیا، بەڵام توانای هەناردەکردنی غازی شلیان کەمترە بە بەراورد بە “سێ گەورەکە”.
ئەم ژمارانە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی غاز لە ئەوروپا ڕوون دەکەنەوە، چونکە قەتەر سێیەم گەورەترین دابینکەری غازە بۆ یەکێتیی ئەوروپا، و پێویستە بارهەڵگرەکانی ئەو وڵاتە لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕن، کە ئێران دەڵێت دایخستووە، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی واشنتۆن.
یەکێتیی ئەوروپا زیانمەندە.. بەڵام
یەکێتیی ئەوروپا لە ڕیزی پێشەوەی زیانمەندە ڕاستەوخۆکاندایە، بەتایبەتی کە هێشتا لە شۆکی غازی ڕووسیی سزادراو ڕزگاری نەبووە، کە یەکێتییەکە بە هەموو هێزییەوە هەوڵ دەدات لێی دوور بکەوێتەوە.
یەکێتیی ئەوروپا بە بەکارهێنەری سەرەکیی غازی قەتەری دانانرێت، بەڵکو لە دوای جەنگی ڕووسیا و گەڕانەوەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆشکی سپی و ناچارکردنی وڵاتان بە هاوردەکردنی وزەی ئەمریکی لە بەرامبەر کەمکردنەوەی باجە گومرگییەکان، زیاتر و زیاتر پشتی بە غازی ئەمریکی بەستووە.
بەڵام کۆگاکانی ئەوروپا دوای وەرزێکی زستانی سارد لە ئاستێکی نزمتر لە ئاساییدان، ئەمەش واتە یەکێتییەکە پێویستی بە هاوردەکردنی بڕی زیاتر هەیە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی.
ڕەنگە ئەوروپا بۆ دابینکردنی ئەم خواستە پەنا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان ببات، بەڵام ڕاگرتنی هەناردەی قەتەر دەبێتە هۆی دروستبوونی شتێک هاوشێوەی “جەنگی نرخ” لەسەر بارهەڵگرە خێراکانی ئەمریکا (Spot shipments)، بەتایبەتی کە واشنتۆن مەرجی توند لەسەر شوێنی گەیشتنی بارهەڵگرەکان دانانێت، ئەمەش ڕێگە بە کڕیاران دەدات بارهەڵگرەکان بەرەو ئەو بازاڕانە ئاراستە بکەنەوە کە بەرزترین نرخ پێشکەش دەکەن.
ئەم واقیعە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر نرخەکان، هەروەها ڕەنگە کێبڕکێ لەسەر نرخ و دابینکردنی غازی جێگیر بۆ وڵاتە گەشەسەندوو و هەژارەکان قورستر بکات.
چین بە ناچاری دەکەوێتە تەڵەی تڕەمپەوە
وڵاتانی ئاسیا گەورەترین زیانمەند دەبن، بەتایبەتی چین کە 8%ی کۆی گشتیی غازی بەکارهاتوی خۆی هاوردە دەکات و بە گەورەترین کڕیاری غازی قەتەری دادەنرێت، لە دوای ئەویش هیندستان دێت.
ئەم پشتبەستنە، پەکین دەخاتە بەردەم دوو بژاردەی سەرەکی: یان ئەوەتا ڕوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات و بگاتە ڕێککەوتنێک بۆ چۆنیەتی گەیاندنی غاز بۆ وڵاتەکەی، یان ئەوەتا ڕوو لە ئوسترالیا بکات.
بژاردەی ئەمریکی، پەکین دەخاتە بەردەم داوێکی هاوشێوەی ئەوەی کە پێشتر لە کاتی هەڵمەتەکەی واشنتۆن لە ڤەنزوێلا و دەستبەسەرداگرتنی کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی بووەوە، کە فشاری زۆری خستە سەر چین کە نەوتی خاوی ڤەنزوێلای هاوردە دەکرد.
بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر ئاماژەیان بەوە کردبوو کە پەکین بە کردەیی بڕە بارهەڵگرێکی ڤەنزوێلی کڕیوە کە واشنتۆن دەستی بەسەردا گرتبوون، ئەوەش بە “نرخی بازاڕ”، دوای ئەوەی پێشتر چین داشکاندنی زۆر گەورەی لە کەرەکاس وەردەگرت.
ئەم قەیرانە، کارتی فشارێکی زیاتر دەداتە دەست واشنتۆن دژی پەکین کە بە گەورەترین هاوردەکاری وزە لە جیهاندا دادەنرێت، بەتایبەتی ئەگەر دابینکردنی جیهانیی پێویست لە دەرەوەی ئەمریکا بوونی نەبێت.
غازی ئوسترالیا بەدوای کڕیاردا دەگەڕێت
سەبارەت بە غازی ئوسترالیا، ڕووبەڕووی کێشەیەکی جیاواز بووەتەوە، ئەویش جێگیربوونی ئاستی بەرهەمهێنانە لە ساڵی ٢٠١٩وە. بەپێی داتاکانی “ئیدارەی زانیاریی وزە”ی ئەمریکا، بەرهەمهێنانی ئوسترالیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە لوتکە کە نزیکەی ٥٥٠٠ ملیار پێ سێجا بووە.
جێگیربوونی بەرهەمهێنان پەیوەندی بە نەبوونی یەدەگەوە نییە، بەڵکو بارودۆخی بازاڕ بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخە.
ئوسترالیا زۆربەی غازەکەی بۆ بازاڕە سەرەکییەکانی چین و ژاپۆن هەناردە دەکات، بەڵام ساڵی ڕابردوو خواست لە ئاسیا لاواز بوو، ئەمەش وڵاتەکەی تووشی سەرلێشێوان کردووە کە چۆن ئەو بڕە غازانە ساغ بکاتەوە کە گرێبەستیان لەسەر نەکراوە.
لە شوباتی ڕابردوودا، یەکەم بارهەڵگری غازی ئوسترالی هەزاران میلی بڕی تا لە کەنەدا جێگیر بوو، کە نزیکەی ١٦ هەزار میلی بڕیبوو. هەروەها بارهەڵگرێکی تری ئوسترالی گەیشتە تورکیا، کە ئەمە یەکەم هەناردەی لەو شێوەیەیە لە دوای ساڵی ٢٠١٧وە، بەپێی ئەو داتایانەی “بلۆمبێرگ” کۆی کردوونەتەوە؛ لە کاتێکدا بارهەڵگرێکی تریش ئەمساڵ ڕووی لە چیلی کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پیشەسازیی غازی ئوسترالیا ڕووبەڕووی ئاڵانگاری پێکهاتەیی ورد بووەتەوە. لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، هەناردەی غازی شلی ئوسترالیا بۆ نزمترین ئاستی چوار ساڵی ڕابردوو دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیای “وودساید” یەکێک لە هێڵەکانی بەرهەمهێنانی لە وێستگەی باکووری ڕۆژئاوا داخست، بەهۆی کەمیی بەرهەمهێنان لە کێڵگە کۆنەکاندا.
ئەم پاشەکشەیە هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و دەرکەوتنی هۆشدارییەکان سەبارەت بە کەمیی ئەگەری دابینکردن لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا تا ساڵی ٢٠٢٨، ئەمەش ڕەنگە بەرهەمهێنەرانی “کوینزلاند” ناچار بکات بڕێکی زیاتری ئەو غازەی بۆ هەناردەکردن تەرخانکراوە، بەرەو پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی باشوور ئاراستە بکەن.

وڵاتە ئاسیایییەکان زۆربەی گازی شلکراوەی ئوسترالیا هاوردە دەکەن
ئوسترالیا سێیەم گەورەترین هەناردەکاری غازی سروشتیی شل (LNG)ـە لە جیهاندا، بەڵام هەر دە وێستگەی هەناردەکردنەکە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا یان باکوور هەڵکەوتوون.
بڕیارەکەی ئوسترالیا لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا فشارەکانی زیاتر کرد، کاتێک وەزیری وزە لە شوباتی ڕابردوودا ڕایگەیاند، وڵاتەکە هەناردەکارانی غاز ناچار دەکات تا ئاستی چارەکی بەرهەمهێنانی نوێ بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی تەرخان بکەن، بڕیارە جێبەجێکردنی ئەم سیاستەش لە ساڵی ٢٠٢٧ەوە دەست پێ بکات، بێ ئەوەی کار بکاتە سەر گرێبەستە کاراکانی ئێستا.
ویلایەتی ئوسترالیای ڕۆژئاوا، کە هەندێک لە گەورەترین وێستگەکانی غازی شلی تێدایە بەڵام بە هێڵی بۆری نەبەستراوەتەوە بە بەشەکانی تری وڵاتەکەوە، لە ئێستاوە بەرهەمهێنەرانی پابەند کردووە کە تا ١٥٪ی بەرهەمهێنان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بپارێزن.
پەککەوتنی بازاڕەکانی دیکە
ئەوەی دیمەنەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە چەندین وڵاتی دیکە لە جیهاندا تووشی قەیران بوون لە کەرتی گازدا. میسر کە گەورەترین وڵاتی عەرەبییە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، لە وڵاتێکی هەناردەکارەوە بووەتە هاوردەکارێکی تەواو. هەروەها ئیسرائیل بەهۆی جەنگەوە بەرهەمهێنانی لە کێڵگە سەرەکییەکانی دەریای ناوەڕاست ڕاگرتووە، کە ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر میسریش.
وەک ئەنجامێکی بڕیارەکەی ئیسرائیل، میسر ناردنی نزیکەی ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی ڕۆژانەی بۆ سوریا و لوبنان لە ڕێگەی “هێڵی گازی عەرەبی” ڕاگرتووە، ئەمەش بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی میسری بۆ “الشرق”. ئەمە بە واتای زیادبوونێکی گەورەی خواست دێت لەسەر دابینکردنی گاز، لە کاتێکدا کە خستنەڕوو دوای بڕیارەکەی قەتەر کەمی کردووە.
ئایا ئەمریکا سوودمەند دەبێت؟
ڕەنگە بازاڕ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون ببینێت، چونکە دەتوانێت لەگەڵ ئوسترالیا هەناردەکردن زیاد بکەن. بەڵام کارەکان بەو ئاسانییە نین، بەتایبەت ئەگەر ماوەی وەستانی هەناردەی قەتەر درێژە بکێشێت. شیکەرەوەکانی “گۆڵدمان ساکس” پێیان وایە کە وێستگەکانی شلکردنەوەی گاز (Liquefaction) لە ئەمریکا بەزۆری بە تەواوی توانای خۆیان کار دەکەن، ئەمەش مەجالێکی کەم دەهێڵێتەوە بۆ زیادکردنی بارەکان. لە هەمان چوارچێوەدا، “ئیرا جۆزێف” لێکۆڵەری سەرەکی لە ناوەندی سیاسەتی وزەی جیهانی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا پێی وایە کە ئەمریکا ئێستاش بە “تەواوی توانای خۆی” هەناردە دەکات و دەڵێت ئەوپەڕی بتوانێت ٥٪ زیاد بکات، بێگومان ئەم ڕێژەیەش بەس نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی گازی قەتەر.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەناردەکارانی ئەمریکا ڕەنگە بەزۆری سوودمەند بن لەم دۆخە، لانی کەم بە شێوەیەکی کاتی.

زۆربەی گازی شلکراوەی ئەمریکا بۆ یەکێتیی ئەورووپا دەچێت.
گەشبینی بازاڕ بەم بابەتە لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی پشکی چەندین کۆمپانیای ئەمریکی دەرکەوت؛ پشکی کۆمپانیای “Venture Global Inc” بە ڕێژەی ٢٠٪ و “Cheniere Energy Inc” بە ڕێژەی ٥.٧٪ لە ڕۆژی دووشەممەدا بەرزبوونەوە. بەڵام هۆکاری دیکەش هەن کە ڕێگرن لەوەی ئەمریکا بتوانێت جێگەی قەتەر بگرێتەوە، چونکە کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێویستیان بە سەرچاوەی گازی زۆر زیاترە.
ئایا دەتوانرێت جێگەی گازی قەتەر پڕبکرێتەوە؟
هەرچەندە کۆمپانیاکانی وەک “Venture Global” و “Cheniere” خەریکی فراوانکردنی دامەزراوەکانیانن، بەڵام دوورە کە ئەمریکا بتوانێت ئەو قەبارە گەورەیە دابین بکات. لەوەش گرنگتر، زۆربەی کڕیارەکانی قەتەر لە ئاسیان، ئەمەش واتە بارە گازییەکانی ئەمریکا کاتێکی زۆرتری دەوێت تا دەگەنە ئەوێ و تێچووەکەشی گرانتر دەبێت. تەنانەت ئەگەر بەرهەمهێنان زیاد بکات وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی داوە، ڕەنگە قەبارەی بەرهەمەکە بەس نەبێت بۆ پڕکردنەوەی خواستی ئێستا بەبێ گازی قەتەر.
ئایا ڕووسیا دەگەڕێتەوە… و گرنگی نەرویج زیاد دەکات؟
هەرچەندە چاوەکان لەسەر ئەمریکا و ئوسترالیان، بەڵام ئەم قەیرانە ڕەنگە دەسەڵاتێکی ناڕاستەوخۆ بداتە یاریزانانی دیکە. نەرویج کە بووەتە گەورەترین دابینکەری گازی ئەوروپا، کارگەکانی بە ئەوپەڕی توانایان کار دەکەن و زیادکردنی بەرهەمیان سنووردارە. سەبارەت بە ڕووسیا، سەرەڕای کەمبوونەوەی هەناردەی بۆ ئەوروپا، بەڵام ئەگەر کێشەی کەنداوی عەرەبی درێژە بکێشێت، پێگەی دەگۆڕێت. چین کە گەورەترین کڕیاری گازی قەتەرە، هێڵی گازی ڕووسیای هەیە. ئەگەر ڕکابەری لەسەر گازی ئەمریکا توند بێت، ئاسیا ڕوو لە گازی ڕووسیا دەکات و ئەمەش هەناسەیەکی دارایی بە مۆسکۆ دەدات.
تێرێ ئاسلاند، وەزیری وزەی نەرویج ڕایگەیاندووە کە بەرهەمهێنەرانی وڵاتەکەی بە تەواوی توانای خۆیان کار دەکەن و هیوای خواست ئەم دۆخە درێژە نەکێشێت. نەرویج ئێستا یەک لەسەر سێی پێویستی ئەوروپا دابین دەکات.
بارودۆخی بازاڕ پێش جەنگ
پێش جەنگ، پێشبینی دەکرا زیادەیەک لە نەوت و گازدا هەبێت، ئەمەش وایکرد کۆمپانیاکان وەبەرهێنان لە کێڵگە نوێیەکاندا خاو بکەنەوە. بەڵام جەنگ و دەرەنجامەکانی، بازاڕیان گەیاندە قۆناغی کورتهێنان (عجز)، بەجۆرێک کە قەرەبووکردنەوەی هەناردەی قەتەر لە ئایندەیەکی نزیکدا مەحاڵە. داخستنی گەرووی هورمز یان تەنانەت گرژی تێیدا، ڕێگر دەبێت لەوەی وڵاتانی وەک سعودیە و ئیماراتیش بتوانن بازاڕ ڕزگار بکەن، چونکە بەشێکی زۆری گازی ئەوانیش دەبێت بەوێدا تێپەڕێت.
قەیرانەکە تەنها وەستانی هەناردەی وڵاتێک نییە، بەڵکو دەریخست کە بازاڕی گاز چەند ناسک و لاوازە. ئەگەر پەککەوتنی گەرووی هورمز درێژە بکێشێت، بازاڕی گازی جیهانی دەچێتە قۆناغێکی نادیارەوە.