قەتەر هۆشداری دەدات: هەناردەی وزەی کەنداو ڕەنگە دوای چەند هەفتەیەک بوەستێت و نرخی نەوت بگاتە 150 دۆلار

2026-03-06 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

وەزیری وزەی قەتەر بۆ “فاینانشاڵ تایمز”: تا شەڕ کۆتایی نەیەت دەست بە بەرهەمهێنان ناکەینەوە و لەژێر مەترسیدا کار ناکەین.

  • سەعد کەعبی، وەزیری وزەی قەتەر: شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە زیانی گەورە بە ئابووری جیهان بگەیەنێت.

  • وەزیر کەعبی: پێشبینی دەکات نرخی نەوت باز بدات بۆ 150 دۆلار ئەگەر هاتووچۆ لە گەرووی هورمز پەک بکەوێت.

  • کەعبی: هەر لایەنێک تا ئێستا باری نائاسایی (هێزی قاهیرە)ی ڕانەگەیاندبێت، پێشبینی دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕایبگەیەنێت.

  • کەعبی: پڕۆژەی کێڵگەی باکوور بۆ غاز دوادەکەوێت.. لە کاتی شەڕدا بەرهەمهێنان نییە.. ناردنی کەشتی بۆ ناو گەرووی هورمز زۆر مەترسیدارە.

  • کەعبی: تەنانەت ئەگەر شەڕەکە دەستبەجێش کۆتایی بێت، قەتەر پێویستی بە “چەند هەفتەیەک تا چەند مانگێک” دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی.

سەعد شەریدە کەعبی، وەزیری وزەی قەتەر هۆشداری دا لەوەی بەردەوامیی شەڕی ئێران ڕەنگە هەندێک لە هەناردەکارانی نەوت و غازی کەنداو ناچار بکات لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بەرهەمهێنان ڕابگرن، ئەمەش ڕەنگە نرخی نەوت بۆ سنووری 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بکاتەوە.

قەتەر، کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری غازی سروشتی شلکراوە یە لە جیهاندا، ناچار بوو ئەم هەفتەیە باری نائاسایی (هێزی قاهیرە) ڕابگەیەنێت دوای ئەو هێرشەی کرایە سەر دامەزراوەی “رأس لفان”. کەعبی بۆ ڕۆژنامەی “فاینانشاڵ تایمز” جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان زیانیان بەرنەکەوتووە، بەڵام زیانەکانی دامەزراوە وشکانییەکان هێشتا لە قۆناغی هەڵسەنگانداندان.

وتیشی: “هێشتا قەبارەی زیانەکان نازانین، چونکە ئێستا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. هێشتا ڕوون نییە چەند کاتی دەوێت بۆ چاککردنەوەیان”. ئاماژەی بەوەش کرد کە گەڕانەوەی قەتەر بۆ بارودۆخی ئاسایی گەیاندن ڕەنگە “چەند هەفتەیەک تا چەند مانگێک” بخایەنێت تەنانەت ئەگەر شەڕەکە دەستبەجێش بوەستێت، ئەمەش دوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆ سەر گەورەترین دامەزراوەی غازی سروشتی شلکراو لە وڵاتەکەدا. جەختیشی کردەوە کە بەرهەمهێنان لە قەتەر دەست پێ ناکاتەوە تاوەکو کارە شەڕەنگێزییەکان بە تەواوی نەوەستن.

کەعبی ئاماژەی بەوە کرد کە هەناردەکاری زیاتر ڕەنگە باری نائاسایی ڕابگەیەنن ئەگەر دۆخی ئێستا بەردەوام بێت، وتی: “هەرکەسێک باری نائاسایی ڕانەگەیاندبێت، پێشبینی دەکەم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەوە بکات ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت. هەموو هەناردەکارانی ناوچەی کەنداو ناچار دەبن باری نائاسایی ڕابگەیەنن”. هەروەها وتی: “ئەگەر ئەوە نەکەن، لە قۆناغێکدا باجی بەرپرسیارێتییە یاساییەکان دەدەن کە لیی دەکەوێتەوە، و ئەوەش بژاردەی خۆیانە”.

“ئازارێکی گەورە” چاوەڕێی هاوردەکارانی وزە دەکات

هەرچەندە پشکی ئەوروپا لە غازی قەتەری سنووردارە، بەڵام کەعبی وتی کیشوەرەکە ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر دەبێتەوە، چونکە کڕیارە ئاسیاییەکان بە نرخی بەرزتر کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستکەوتنی ئەو بڕە غازەی کە بەردەستە، لە کاتێکدا ڕەنگە وڵاتانی تری کەنداو خۆیان بە ناتوانا ببیننەوە لە جێبەجێکردنی پابەندبوونە گرێبەستییەکانیان.

ئەم لێدوانانەی وەزیر ڕەنگدانەوەی زیادبوونی مەترسییەکانی کەنداوە لە لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەو شەڕەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران هەڵیانگیرساندووە، کە بووەتە هۆی پشێوییەکی بەرفراوان لە ناوچە دەوڵەمەندەکە بە وزە.

کەعبی وتی: “ئەمە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئابووریی جیهان. ئەگەر ئەم شەڕە بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت، کاریگەری لەسەر گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی (GDP) لەسەر ئاستی جیهان دەبێت. نرخی وزە لای هەمووان بەرز دەبێتەوە، کەمیی هەندێک بەرهەم ڕوودەدات، و زنجیرەیەک کاردانەوەی یەک لەدوای یەک لە کارگەکان دەبینین کە ناتوانن پێداویستییەکان دابین بکەن”.

دواکەوتنی فراوانکردنی کێڵگەی باکوور (North Field)

قەتەر لە ساڵانی ڕابردوودا کاری کردووە بۆ فراوانکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانی غاز، لەوانە پڕۆژەیەک بە بەهای 30 ملیار دۆلار بۆ بەرزکردنەوەی توانای کێڵگەی باکوور لە 77 ملیۆن تۆنەوە بۆ 126 ملیۆن تۆن ساڵانە تا ساڵی 2027. بڕیار بوو یەکەم بەرهەمهێنانی ئەو فراوانکردنە لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا دەست پێ بکات، بەڵام کەعبی وتی پڕۆژەکە ڕووبەڕووی دواکەوتن دەبێتەوە و وتی: “بەدڵنیاییەوە ئەمە پلانەکانی فراوانکردنی ئێمە دوادەخات. ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەکدا بگەڕێینەوە ڕەنگە کاریگەرییەکەی سنووردار بێت، بەڵام ئەگەر مانگێک یان دوو مانگ بخایەنێت دۆخەکە جیاواز دەبێت”.

بەگوێرەی “فاینانشاڵ تایمز”، وەزیر پێشبینی کردووە نرخی نەوتی خاو لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا بۆ 150 دۆلار باز بدات ئەگەر تانکەرەکانی نەوت و کەشتییە بازرگانییەکانی تر نەتوانن بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، کە یەک لەسەر پێنجی بازرگانی نەوت و غازی جیهانی پیایدا تێپەڕ دەبێت. هەروەها پێشبینی کردووە نرخی غاز بۆ 40 دۆلار بۆ هەر ملیۆن یەکەی گەرمی بەریتانی بەرز ببێتەوە، کە نزیکەی چوار ئەوەندەی ئاستی پێش هەڵگیرسانی شەڕەکەیە.

کاریگەرییەک کە لە بازاڕەکانی وزە تێپەڕ دەبێت

کەعبی وتیشی کاریگەری پەککەوتنی بازرگانی دەریایی لە ڕێگەی گەرووەکەوە تەنها لەسەر بازاڕەکانی وزە نابێت، بەڵکو کەرتە پیشەسازییەکانی تریش دەگرێتەوە، چونکە ناوچەکە ڕێژەیەکی زۆری پێداویستییە پترۆکیمیاییەکان و پەینی کیمیایی جیهان بەرهەم دەهێنێت.

هاتووچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا بە تەواوی خاو بووەتەوە لەوەتەی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ڕۆژی شەممەوە دەستی پێکردووە، کە تێیدا لانی کەم 10 کەشتی پێکران، لە کاتێکدا تێچووی دڵنیایی (تامین) بە شێوەیەکی خێرا بەرزبووەوە و خاوەن کەشتییەکان زیاتر دوودڵ بوون لەوەی سەرکێشی بە کەشتی و ستافەکانیانەوە بکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی ئیسرائیلی هۆشدارییان دابوو کە شەڕەکە ڕەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت وەک بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی ڕژێم لە ئێران. ترەمپ ئەم هەفتەیە وتی هێزی دەریایی ئەمریکا یاوەریی کەشتییەکان دەکات لەناو گەرووەکەدا، هەروەها واشنتن پێشنیاری دابینکردنی دڵنیایی زیاتری بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوە کردووە.

بەڵام کەعبی پێیوابوو تێپەڕبوونی کەشتییەکان هەر بە پڕ لە مەترسی دەمێنێتەوە تا شەڕەکە بەردەوام بێت، ئاماژەی بە تەسکایی گەرووەکە کرد کە لە تەسکترین خاڵیدا نزیکەی 24 میلە و بە درێژایی کەناراوەکانی ئێران دەڕوات. بۆ ڕۆژنامەکە وتی: “بەو شێوەیەی ئێمە هێرشەکان دەبینین، ناردنی کەشتی بۆ ناو گەرووەکە کارێکی زۆر مەترسیدارە. چونکە زۆر نزیکە لە کەناراوەکانەوە. زۆر زەحمەت دەبێت کەشتییەکان قایل بکرێن بە چوونە ژوورەوە.. زۆربەی خاوەن کەشتییەکان دەبینن کە دەبنە ئامانجێکی گەورەتر، چونکە ئێران کەشتییە سەربازییەکان دەکاتە ئامانج”.

پێگەی قەتەر لە بازاڕی وزەدا

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە قەتەر پێگەیەکی سەرەکی هەیە لە بازاڕی وزەی جیهانیدا وەک دووەم گەورەترین هەناردەکاری غازی سروشتی شلکراوە، و نزیکەی 12%ی کۆی هەناردەی غازی جیهانی پێکدەهێنێت. جگە لە ئەوروپا، بازاڕە ئاسیاییەکانیش پشت بە دابینکردنی قەتەر دەبەستن بۆ دڵنیابوون لە خواست، ئەمەش وا دەکات هەر پشێوییەک لە هاتوچۆی دەریایی یان بەرهەمهێناندا، خێرا لە نرخەکان و زنجیرەی دابینکردندا ڕەنگ بداتەوە.

وەستانی بەرهەمهێنان لە قەتەر بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی غاز بە خێراییەک کە گەورەترینە لە دوای قەیرانی وزەی جیهانییەوە. لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، گرێبەستە پێوانەییەکان لە ئەوروپا بە ڕێژەی زیاتر لە 60% بەرزبوونەوە، لە کاتێکدا نرخی گرێبەستی هۆڵەندی گەیشتە نزیکەی 52.68 یۆرۆ بۆ هەر مێگاوات کاتژمێرێک.