لە کەنداوەوە تا ئەوروپا.. جەنگی ئێران هاوکێشەکانی بازاڕی نەوت و گاز تێکدەدات
روونبین
پێشبینییەکان لە تیشک خستنە سەر “زیادەی خستنەڕوو” گۆڕدراون بۆ نیگەرانییەکی قووڵ سەبارەت بە “دەستکەوتنی نەوت”.
▪️ بەرپرسێکی ئێرانی: هێزەکانمان “ڕێگە نادەن تەنانەت یەک دڵۆپە نەوتیش لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە.”
▪️ “وود ماکنزی“: پێشبینی دەکات نرخی نەوت ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕێنێت ئەگەر پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی بە گەرووی هورمزدا درێژە بکێشێت.
▪️ “جی پی مۆرگان”: ڕاوەستانی هاتوچۆ بە گەرووی هورمزدا هەڕەشەی ئەوە دەکات کە بەرهەمهێنەران بگەنە ئەوپەڕی توانای کۆگاکردنیان.
▪️ ڕاگرتنی کارەکانی دامەزراوەی “ڕەئس لافان“: بازاڕی گاز دەهەژێنێت و هەڕەشە لە پێنج یەکی پێداویستییە جیهانییەکان دەکات.
▪️ توندبوونی ململانێی ئاسیایی: تێچووی هاوردەکردنی گازی سروشتی شل (LNG) بۆ ئەوروپا بەرز دەکاتەوە.
▪️ سزاکان و لاوازی وەبەرهێنان: هەژموونی ئێران لە بازاڕی نەوت کەم دەکەنەوە سەرەڕای پشتبەستنی بە هەناردەکردن.
نیگەرانییەکان لە پەککەوتنی دابینکردنی نەوت و گازی جیهانی لە هەڵکشاندایە بەهۆی هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. هاتوچۆی تانکەرە نەوتەکان بە گەرووی هورمزدا نزیکە لە ڕاوەستانی تەواوەتییەوە، و کۆمپانیای “قەتەر وزە” کارەکانی لە دامەزراوەی گازی سروشتی شل ڕاگرتووە.
ڕەنگە نرخی نەوت و گاز ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕێنێت، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕە جیهانییەکان و ئابوورییە ناوخۆییەکان دەبێت.
نیگەرانییەکان لە پەککەوتنی فراوانتر لە دابینکردنی نەوت و گازی سروشتی جیهانی زیاد دەکەن، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرش دژی ئێران، و وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی بە هاوێشتنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دوای ئەوەی نرخەکانی نەوت و گاز بازدانیان بەخۆوە بینی، بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە ڕەنگە ببێتە هۆی شەپۆلێکی هەڵاوسان.
بەشێک لە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەهۆی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی سەرەکیی وزە بەخۆی پەرەسەندنی ململانێکانەوە پەکیکەوتووە. کۆمپانیای “قەتەر وزە” (QatarEnergy) ڕایگەیاند کە کارەکانی لە گەورەترین دامەزراوەی هەناردەکردنی گازی سروشتی شل لە ئاستی جیهاندا ڕاگرتووە، دوای ئەوەی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کرایە ئامانج.
لە پەرەسەندنێکی کاریگەرتردا، هاتوچۆی تانکەرە نەوتەکان بە ناو گەرووی هورمزدا ـ ئەو ڕێڕەوە دەریاییە تەسکەی کە نزیکەی چارەکی بازرگانی نەوتی جیهانی و پێنج یەکی دابینکردنی گازی سروشتی شلی پێدا تێدەپەڕێت ـ نزیک بووەتەوە لە ڕاوەستانی تەواوەتی.
چ مەترسییەک هەڕەشە لە بازاڕی نەوت دەکات؟
پێشبینییەکانی بازاڕی نەوتی جیهانی لە تیشک خستنە سەر زیادەی خستنەڕووە وە گۆڕدراون بۆ نیگەرانی سەبارەت بە دەستکەوتنیان. گەرووی هورمز شاخوێنبەرێکی زیندووە بۆ زۆربەی هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، بەو پێیەی نزیکەی 90%ی نەوتی خاو و چڕکراوەکان (condensates) کە ساڵی ڕابردوو بەوێدا تێپەڕیون، بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا چوون.
ڕاوێژکارێکی باڵای فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە هێزەکانی ئێران “ڕێگە نادەن تەنانەت یەک دڵۆپە نەوتیش لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە.” ئێران پێشتر تانکەرە نەوتەکانی کردووەتە ئامانج، و سەرەڕای هەبوونی بیمە بۆ کەشتییەکان، بەڵام خاوەن کەشتییەکان و تیمەکانیان پێیان وایە مەترسییەکانی تێپەڕبوون بە گەرووەکە زۆر بەرزە.
سعودیە و ئیمارات هەندێک توانایان هەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەی هەناردەی نەوتیان لە ڕێگەی بۆرییەکانی گواستنەوەوە کە گەرووی هورمز تێدەپەڕێنن. هەروەها هێڵێکی بۆری عێراقی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکی درێژ دەبێتەوە. بەڵام کاریگەری ململانێکان لەسەر ژێرخانی وزە لە کەنداو، وای لە عێراق کردووە وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی هەناردەکردنی لەو ڕێگەیەوە ڕابگرێت. لە بەرامبەردا، کوێت و قەتەر و بەحرەین هیچ جێگرەوەیەکیان نییە جگە لە گواستنەوەی نەوتەکەیان بە گەرووی هورمزدا.
شیکەرەوەکانی “وود ماکنزی” (Wood Mackenzie) مەزندە دەکەن کە نرخی نەوت بۆ “زۆر زیاتر لە” ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز ببێتەوە ئەگەر هاتوچۆی تانکەرەکان بە گەرووی هورمزدا بە خێرایی دەست پێ نەکاتەوە. دواین جار کە نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ئەم ئاستانە لە دوای جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا بوو لە ساڵی ٢٠٢٢.

جوڵەی کەشتییەوانی لە گەرووی هورمزدا
هەروەها شیکەرەوەکانی “جی پی مۆرگان چەیس” (JPMorgan Chase & Co.) پێیان وایە بەردەوامبوونی ڕاوەستانی تێپەڕبوونی نەوت بە هورمزدا بۆ ماوەیەکی درێژ، ڕەنگە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی ناوچەکە بگەیەنێتە ئەوپەڕی توانای کۆگاکردنیان. ئەم فشارانە لە ئێستاوە لە عێراقدا دەرکەوتوون، کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ناو “ئۆپێك”ـە و دەستی کردووە بە ڕاگرتنی کارەکان لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانیدا بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانەوە.
ئایا کاریگەرییەکان لە نەوتی خاو زیاتر دەبن؟
دابینکردنی بەرهەمە نەوتییە پاڵێوراوەکانیش لەژێر مەترسیدان. کارکردن لە پاڵاوگەی “ڕەئس تەنورە”ی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆ، کە گەورەترین پاڵاوگەی سعودیەیە، ڕاگیراوە دوای هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابینکارێکی سەرەکیی سووتەمەنییە لە جیهاندا
نرخی دیزڵ، بەنزین، سووتەمەنی فڕۆکە و نافتا لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەتەوە. بەرزبوونەوەی نرخ لە وێستگەکانی سووتەمەنی دەبێتە هۆی فشاری ناوخۆیی لەسەر سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆماری، بە تایبەت کە تێچووی ژیان دەبێتە تەوەری سەرەکی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لەمساڵدا.
لە ئاسیاش، حکومەتەکان هەنگاو دەنێن بۆ پاراستنی سووتەمەنی ناوخۆییان. چین داوای لە پاڵاوگە گەورەکانی کردووە هەناردەی دیزڵ و بەنزین ڕابگرن، و پاڵاوگە ژاپۆنییەکانیش داوایان لە حکومەتەکەیان کردووە بەشێک لە یەدەگی ستراتیژی نەوت بەکاربهێنێت.
جەنگی ئێران چۆن کاریگەری لەسەر بازاڕی گاز دەبێت؟
بازاڕی گاز لەبەردەم مەترسیی گەورەترین شۆکدایە لە دوای جەنگی هەمەلایەنەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، کە بووە هۆی شڵەژانی بازرگانیی گازی جیهانی و پاڵی بە ئەوروپاوە نا بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا.
گرێبەستە داهاتووەکانی گاز لە ئەوروپا لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا دوای هەڵگیرسانی ململانێکان لەگەڵ ئێران نزیکەی دوو هێندە بەرزبوونەتەوە، و بەرزترین ئاستی خۆیان لە ساڵی ٢٠٢٣وە تۆمار کردووە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی قەتەرەوە، کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری جیهان بووە لە ساڵی ڕابردوودا لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ گازی سروشتی شل (LNG). دامەزراوەی “ڕەئس لافان” کە کۆمپانیای “قەتەر وزە” کارەکانی تێدا ڕاگرتووە، نزیکەی پێنج یەکی (20%)ی دابینکردنی جیهانی پێکدەهێنێت؛ ئەمەش یەکەم ڕاگرتنی تەواوەتی ئەو دامەزراوەیەیە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا.
زۆربەی هەناردەی گازی سروشتی شلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاسیا دەچێت. ئەگەر کڕیارە ئاسیاییەکان نەتوانن بارە گازییەکانی ئەو ناوچەیە دابین بکەن، جا چ بەهۆی تێکچوونی هاتوچۆی دەریایی بێت یان ڕاگرتنی بەرهەمهێنان، ئەوە دەبێتە هۆی توندبوونی ململانێ لەسەر ئەو گازەی کە لە ناوچەکانی ترەوە دێت، ئەمەش نرخەکان لەسەر ئاستی جیهان بەرز دەکاتەوە.
ئەمە هەواڵێکی خراپ دەبێت بۆ ئەوروپا. لە کاتێکدا کیشوەرەکە لە کۆتایی وەرزی زستان نزیک دەبێتەوە و پێویستی بە سووتەمەنی گەرمکەرەوە کەم دەبێتەوە، بەڵام وەرزی زستان بە ئاستێکی نزمی کۆگاکردن کۆتایی پێدەهێنێت کە جێگەی سەرنجە. بۆیە، پێویستە لەسەری بڕێکی زۆر گازی سروشتی شل هاوردە بکات بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی، ئەمەش ئەرکێکە کە تێچووەکەی زۆر زیاتر دەبێت ئەگەر کێبڕکێ لەگەڵ ئاسیا توندتر ببێتەوە.
لە هەمان کاتدا، میسر هەوڵ دەدات بڕی زیاتری گازی سروشتی شل دابین بکات دوای ئەوەی ئیسرائیل هەندێک لە کێڵگەکانی گازی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە هێرشە ئەگەرییەکانی ئێران. هەروەها ڕەنگە داخوازی تورکیاش بۆ گازی شل زیاد بکات ئەگەر هەناردەی گازی ئێران لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە پەکیکەوێت.
بەرهەمهێنەرانی گازی سروشتی شل لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانن سوود لەم شڵەژانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرن، بەڵام دەستکەوتە ئەگەرییەکان سنووردار دەردەکەون، چونکە وێستگەکانی هەناردەکردنی ئەمریکا لە ئێستادا لە ئەوپەڕی توانای کارکردنی دان. هەروەها ئەو دامەزراوە نوێیانەی گازی شل کە بڕیارە ئەمساڵ بکەونە کار، تەنها دەتوانن بەشێکی کەم لەو گازە قەتەرییە پەککەوتووە قەرەبوو بکەنەوە، ئەمەش ڕەنگە هەندێک لە بەکاربەران ناچار بکات بەکارهێنان کەم بکەنەوە یان بەدوای جێگرەوەی تردا بگەڕێن.
ئێران تا چەند بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهانی گرنگە؟
هەناردەی نەوت کۆڵەکەی سەرەکیی ئابووریی ئێرانە، سەرەڕای هەوڵەکانی چەندین ساڵەی بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی گەشەی ئابووری. بەڵام هەژموونی تاران لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا بەهۆی سزای نێودەوڵەتی درێژخایەن، سنوورداریی وەبەرهێنانی بیانی و کۆنیی ژێرخانەکەیەوە پاشەکشەی کردووە.
هەرچەندە چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەرە لە ناو “ئۆپێك”، بەڵام بەرهەمەکەی تەنها نزیکەی ٣ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە دەکاتە نزیکەی ٣٪ی دابینکردنی جیهانی.
نزیکەی ٩٠٪ی نەوتی ئێران بۆ چین هەناردە دەکرێت، کە زۆربەی دەچێت بۆ پاڵاوگە سەربەخۆکان کە ئامادەن نەوتی سزادراو بە داشکاندنی زۆر بکڕن. سوریاش یەکێکە لەو وڵاتانەی تر کە بەردەوامە لە هاوردەکردنی بارە نەوتییەکانی ئێران.
گرنگترین دارایی و بنکەکانی وزەی ئێران کامانەن؟
ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە وێستگەی دوورگەی خارکـە لە باکووری کەنداوی عەرەبی، ئەمەش وای کردووە زۆر هەستیار بێت لەئەگەری هەر هێرشێک بۆسەری. چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تاران بارکردنی تانکەرە نەوتییەکانی لەم مەڵبەندە چڕکردەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی نەوت ڕەوانەی ناو دەریا بکات پێش هەر هێرشێک.
گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی ئێران کە بریتین لە (ئەهواز، مارون و ڕۆژئاوای کارون)، لە پارێزگای خوزستانن لە کەناری باکووری کەنداوی عەرەبی لەسەر سنووری عێراق.
لە هەمان ناوچەدا پاڵاوگەی ئابادان هەیە، کە گەورەترین پاڵاوگەی ئێرانە و توانای پاڵاوتنی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیلی هەیە لە ڕۆژێکدا.
لە دامەزراوە سەرەکییەکانی تر: پاڵاوگەی بەندەر عەباس و پاڵاوگەی “ستار” لە کەنداو کە لە گەرووی هورمزەوە نزیکن، جگە لە پاڵاوگەیەک لە تاران-ی پایتەخت.
سەبارەت بە کێڵگە سەرەکییەکانی گازی سروشتی، ئەمانە بەدرێژایی کەناراوەکانی باشووری کەنداوی عەرەبی بڵاوبوونەتەوە. دامەزراوەکانی عەسەلوویە و بەندەر عەباس ئەرکی چارەسەرکردن و گواستنەوە و هەناردەکردنی گاز و چڕکراوەکان (condensates) دەگرنە ئەستۆ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ لە بەرهەمهێنانی کارەبا، گەرمکەرەوە، پیشەسازیی پترۆکیمیاوی و پیشەسازییەکانی تر.