کوەیت باری نائاسایی (هێزی لەناکاو-Force Majeure ) لە فرۆشتنی نەوتدا ڕادەگەیەنێت
روونبین
کوەیت باری نائاسایی (هێزی باڵا -Force Majeure ) لە فرۆشتنی نەوتدا ڕادەگەیەنێت
بلۆمبێرگ: کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمڕۆوە بە بڕی ١٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستی پێکردووە، و پێشبینی دەکرێت بەپێی ئاستی کۆگاکردن بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد بکات.
▪️ دامەزراوەی پەترۆڵی کوەیت: کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی نەوت بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران دژ بە هاتوچۆی ئارامی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا.
کوەیت، کە پێنجەم گەورەترین بەرهەمهێنەرە لە “ئۆپیک”، بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی نەوتی کەمکردەوە دوای خاوبوونەوەی جوڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا. دامەزراوەی پەترۆڵی کوەیت باری “هێزی باڵا- قوة قاهرە” (Force Majeure)ی لە فرۆشتنی نەوتی خاودا ڕاگەیاند، ئەمەش وەک نوێترین هەنگاو لە زنجیرەیەک کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان کە هەندێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی وزەی لە جیهاندا گرتووەتەوە.
کۆمپانیای “دامەزراوەی پەترۆڵی کوەیت” ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کەمکردنەوەکان لە دوای “دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی کوەیت، لەنێویاندا هەڕەشەکانی ئێران دژ بە تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە” هاتووە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە کەمکردنەوەکە لە ڕۆژی شەممەوە بە بڕی ١٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستی پێکردووە، و بەپێی ئاژانسی “بلۆمبێرگ” لە زاری کەسێکی ئاگادار لە پلانەکە، ئەگەری هەیە بڕەکە بەپێی ئاستی کۆگاکردن بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد بکات.
مەبەست لە “هێزی باڵا” قوة قاهرە” (Force Majeure لە گرێبەستە بازرگانییەکاندا، ڕوودانی بارودۆخێکی نائاساییە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی کۆمپانیادایە و جێبەجێکردنی پابەندییە گرێبەستییەکان بە مەحاڵ یان ئەستەم دەکات، ئەمەش ڕێگە بە کۆمپانیا دەدات کە ناردنی بارەکان ڕابگرێت یان خشتەی گەیاندنەکان دەستکاری بکات بەبێ ئەوەی بکەوێتە ژێر باری سزای دارایی گرێبەستەکان.
دامەزراوەی پەترۆڵی کوەیت لە بەیاننامەکەیدا جەختی کردەوە کە ئەم ڕێکارە “تەنها بۆ خۆپارێزییە و لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت”، هاوکات جەختیشی کردەوە کە تەواوی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ بەپێی پلانە داڕێژراوەکان بەتەواوی دابین کراون.
وڵاتانی کەنداو دەستیان بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان کردووە
ئەم کەمکردنەوانە دەچنە پاڵ لیستی کەمکردنەوەی دابینکردن لە وڵاتانی تری کەنداو، ئەمەش وایکرد نرخی خاوی “برێنت” لە لەندەن بەرزببێتەوە بۆ نزیکەی ٩٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمە بەرزترین ئاستی داخستنە لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵدا.
عێراق لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دەستی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان کرد بەهۆی نزیکبوونەوەی پڕبوونی کۆگاکان لەبەر وەستانی بارەکان لە گەرووی هورمز، لە کاتێکدا سعودیە کارەکانی گەورەترین پاڵاوگەی وڵاتەکەی ڕاگرت، و قەتەریش گەورەترین دامەزراوەی هەناردەکردنی غازی سروشتی شلکراوەی لە جیهاندا لە دوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان پەکخست.
هەروەها کۆمپانیای “قەتەر وزە” کڕیارە زیانلێکەوتووەکانی لە ڕاگەیاندنی باری “قوة قاهرە” (Force Majeure) ئاگادار کردەوە، دوای ئەوەی بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم و هەندێک ماددەی کیمیایی ڕاگرت لە ژێر کاریگەریی هێرشەکانی ئێراندا، کە ناچاری کرد دامەزراوە سەرەکییەکەی بۆ بەرهەمهێنانی غازی سروشتی شلکراوە دابخات.
بەرهەمهێنانی نەوتی کوەیت لە مانگی یەکدا نزیکەی ٢.٥٧ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا. گەرووی هورمز تاکە ڕێگەی دەرچوونی نەوتی کوەیتە. لە بەرامبەردا، سعودیە کە گەورەترین بەرهەمهێنەری ناوچەکەیە، بەشێک لە هەناردەکەی بۆ بەندەری “یەتبوع” لەسەر دەریای سوور گواستووەتەوە تا لەو ڕێگایەوە قەرەبووی گەرووی هورمز بکاتەوە.
کوەیت هەروەها دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی ئاستی پاڵاوتن لە پاڵاوگەکانیدا لە دوای ئەو شەڕەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش بەهۆی پڕبوونی شوێنەکانی کۆگاکردن. توانای گشتیی پاڵاوگەکانی وڵات (الزور، میناء الأحمدي، میناء عبدالله) دەگاتە نزیکەی ١.٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و پاڵاوگەی “الزور” یەکێکە لە گەورەترین دامەزراوەکانی پاڵاوتنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.