پشێوی بازاڕی نەوت بەرەو خراپتربوون دەچێت لەگەڵ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و داخرانی هورمز
روونبین
▪️ بەرهەمهێنەرانی کەنداو بەرهەمهێنان کەمدەکەنەوە لەگەڵ پڕبوونی دامەزراوەکانی کۆگاکردن و دوورکەوتنەوەی تانکەرەکان لە گەرووەکە، لە کاتێکدا نرخی نەوتی خاو لە ١٠٠ دۆلار نزیک دەبنەوە.
▪️ عێراق بەرهەمهێنانی بە ڕێژەی ٦٠٪ کەمکردەوە بۆ نێوان ١.٧ و ١.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دوای پەککەوتنی هەناردە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
▪️ ئیمارات و کوەیت بەرهەمهێنان کەمدەکەنەوە لەگەڵ پڕبوونی دامەزراوەکانی کۆگاکردن، بەهۆی دوورکەوتنەوەی تانکەرەکان لە تێپەڕبوون بە ناو گەرووەکە و کەمبوونەوەی ئەو کەشتییە بەتاڵانەی بۆ بارکردن بەردەستن.
▪️ خامی “برێنت” لە ماوەی هەفتەیەکدا ٣٠٪ باز دەدات، کە ئەمە گەورەترین بەرزبوونەوەیە لە ماوەی شەش ساڵدا، و بەربەستی ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێدەپەڕێت.
وا دیارە ئەو پشێوییەی بازاڕی نەوتی گرتووەتەوە خراپتردەبێت، چونکە شەڕی ئێران بووەتە هۆی شڵەژانێکی بێ وێنە، و بەرهەمهێنەرە گەورەکانی پاڵ پێوە ناوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خاو لەگەڵ پڕبوونی دامەزراوەکانی کۆگاکردن، لە کاتێکدا گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی بۆ بازاڕەکانی وزە بە نیمچە-داخراوی ماوەتەوە.
ئیمارات و کوەیت لە ئێستاوە بە کردەیی دەستیان کردووە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ پڕبوونی دامەزراوەکانی کۆگاکردن، تا بچنە پاڵ عێراق کە ئێستا بەرهەمهێنانی بە ڕێژەی نزیکەی ٦٠٪ دابەزیوە.
ڕەنگە وڵاتانی تریش ناچار بن هەمان هەنگاو بنێن لەگەڵ بەردەوامیی دوورکەوتنەوەی تانکەرەکانی نەوت لە تێپەڕبوون بە ناو گەرووی هورمز کە ڕێڕەوێکی ئاوی تەسکە، ئەمەش بە خێرایی ژمارەی ئەو کەشتییە بەتاڵانە کەمدەکاتەوە کە بۆ بارکردن بەردەستن. هەر کە هەموو تانکەرەکان بار کران، دامەزراوەکانی کۆگاکردنی وشکانی کە لە ناوچەکەدا ماونەتەوە بە خێراییەکی زۆرتر پڕ دەبن.
ئەو شڵەژانانەی کە چوونەتە نۆیەم ڕۆژیانەوە، هیچ ئاماژەیەکی چارەسەری نزیکیان پێوە دیار نییە، ئەمەش واتای ئەوەیە ڕێڕەوێکی ئاوی کە بە شێوەیەکی ئاسایی پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بووەتە شوێنێک کە ناتوانرێت هاتوچۆی کەشتییەکانی پێیدا تێپەڕ ببێ. لە بەرامبەردا، سعودیە بڕێکی پێوانەیی لە نەوتی خاو بەرەو کەناراوەکانی لەسەر دەریای سوور دەگوازێتەوە بۆ هەناردەکردن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ سوککردنی بەشێک لەو پەستانەی بەسەریەتی.
نرخی نەوت ١٠٠ دۆلاری تێپەڕاند
ئێران بەڵێنی داوە پاشەکشە نەکات لە بەرامبەر لێدانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە ٢٨ی شوباتەوە دەستی پێکردووە.
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی شەممە وەڵامی دایەوە و وتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئێستا تاوتوێی بەئامانجگرتنی ناوچە و گروپگەلێک لە ناو ئێران دەکات کە پێشتر لە ناو ئامانجەکاندا نەبوون. لە پۆستێکدا لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکان بەردەوام دەبن “تا ئەو کاتەی خۆیان بەدەستەوە دەدەن یان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، بە تەواوی دەڕووخێن!”.
بۆ شیکەرەوەکانی نەوت و بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکان و بازرگانان، ئەمە واتای زیادبوونی هۆشدارییەکانە کە شەڕەکە نرخەکانی خاو بەرەو خاڵی وەرچەرخان پاڵ پێوە دەنێت، و لە بەربەستی دەروونیی ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێی دەپەڕێنێت. خامی “برێنت” پێشتر لە هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٣٠٪ بازدانی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەمە گەورەترین بەرزبوونەوەیە لە ماوەی شەش ساڵدا، و لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا ئاستی ١٠٠ دۆلاریشی تێپەڕاند.
بازدانی توند لە پێوەرەکانی نەوتدا
پێوەرەکانی تری کە بە توندی بە ناوچەکەوە بەستراونەتەوە پێشتر ئەو ئاستەیان تێپەڕاندووە. گرێبەستە ئایندەییەکانی خامی “مربان” کە خامی سەرەکیی ئەبوزەبییە، ڕۆژی هەینی لەسەر ١٠٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داخرا، لە کاتێکدا گرێبەستە ئایندەییەکانی خامی “عومان” گەیشتە ١٠٧ دۆلار. هەروەها گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاو لە بۆرسەی شەنگهای نێودەوڵەتی بۆ وزە لە چین، مامەڵەکانی لەسەر ١٠٩ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کۆتایی پێ هێنا کاتێک بە دۆلاری ئەمریکی هەژمار کرا.

بازدانێکی گەورە لە نرخی گرێبەستەکانی خامی ‘مربان’ی ئیماراتی و خامی ‘برێنت’ لە دوای دەسپێکی شەڕی ئێرانەوە.
ستێفانۆ گراسو، کە بازرگانێکی پێشووی بازاڕەکانی وزەیە و ئێستا وەک بەڕێوەبەری پۆرتفۆلیۆ لە سندوقی “8VantEdge” لە سەنگافورە کار دەکات، وتی: “هەر ڕۆژێکی زیادە لەم شڵەژانە فشارەکە زیاد دەکات، و لەم سیناریۆیەدا بە کردەیی هیچ سەقفێک بۆ نرخەکان لە مەودای کورتدا نییە”.
یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لە زیادبوونی هەڕەشەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوتی، ئەمەش مەترسی ڕوودانی شڵەژانێک زیاد دەکات کە ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژتر لە خودی هێرشەکان بەردەوام بێت.
سعودیە بە ماوەی پشووی هەفتەدا بەرپەرچی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دایەوە کە بەرەو کێڵگەی نەوتی “شەیبە” دەچوون کە توانای بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن بەرمیلی هەیە لە ڕۆژێکدا. هەروەها لێدانەکانی ئێران بۆ سەر بەحرەین و قەتەر بەردەوام بوون.
بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز
سەرباری ئەوەش، داخرانی نیمچە تەواوی گەرووی هورمز بەردەوامە. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، تەنها ئەو تانکەرانە بینراون کە بە ئێرانەوە بەستراونەتەوە و دوو تانکەری بارهەڵگر کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد سەر بە کۆمپانیا چینییەکانن کاتێک بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕ دەبوون.
داخرانی فعلی بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ نێوان ١.٧ و ١.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەراورد بە نزیکەی ٤.٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا پێش هەڵگیرسانی ململانێکان، بەپێی وتەی کەسانی ئاگادار لە بابەتەکە.
لە بەرامبەردا، سعودیە بڕێکی بێ وێنە لە نەوتی خاو بەرەو کەناراوەکانی لەسەر دەریای سوور ئاراستە دەکات.
بارکردنەکان لە بەندەرە ڕۆژئاواییەکانیەوە بۆ تێکڕای نزیکەی ٢.٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ئێستا لەم مانگەدا بەرزبووەتەوە، بەپێی داتاکانی شوێنکەوتنی کەشتییەکان کە “بلومبێرگ” کۆی کردوونەتەوە.
هەرچەندە ئەم ئاستە بە ڕێژەی نزیکەی ٥٠٪ زیاترە لەوەی سعودیە لە دەریای سوورەوە لە هەر مانگێکدا لە دوای کۆتایی ٢٠١٦وە باری کردووە، بەڵام هێشتا زۆر کەمترە لەو نزیکەی ٦ ملیۆن بەرمیلەی ڕۆژانە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە کەنداوی عەرەبییەوە هەناردەی دەکرد.
ڕێکارەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکان
ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڵێنی داوە پاراستنی دارایی بەهێز بکات و ڕەنگە پاسەوانی سەربازی بۆ کەشتییەکان دابین بکات، و ڕۆژی هەینی دەسپێکردنی بەرنامەیەکی بۆ دووبارە بیمەکردنەوەی دەریایی بۆ ناوچەی کەنداوی عەرەبی ڕاگەیاند. ئەم بەرنامەیە زیانەکان تا نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار “لەسەر بنەمای نوێبوونەوە” دادەپۆشێت، بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی.
کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە وتی بازاڕی نەوت لە ئێستادا نرخێکی “عەلاوەی ترس” دیاری دەکات کە بەردەوام نابێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە شەڕەکە تەنها دەبێتە هۆی شڵەژانێکی کاتی بۆ بازاڕەکان و جوڵەی گواستنەوەی دەریایی، و ڕایگەیاند کە خشتەی کاتی بۆ گەڕانەوەی بارودۆخەکە بۆ دۆخی ئاسایی، تەنانەت لە خراپترین سیناریۆکاندا، چەند هەفتە دەبێت نەک چەند مانگ، ئەمەی لە کاتی چاوپێکەوتنێکدا ووت لەگەڵ بەرنامەی “State of the Union” لەسەر تۆڕی “CNN”.
بەڵام بۆ خاوەن کەشتییەکان و کرێگرتەکان کە لە ناوچەکەدا کار دەکەن، تێچووی بیمە هۆکاری سەرەکی نییە کە ڕێگری لە جوڵەی دەریاوانی دەکات. نیگەرانییەکان لەسەر سەلامەتی کەشتییەکان و تیمەکانیان چڕبوونەتەوە، و دەڵێن ئەوان پێویستیان بە پاسەوانی دەریایی تەواو دەبێت، هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی “حارس الازدهار” کە ئامانجی پاراستنی گواستنەوەیە لە دەریای سوور، یان کۆتاییهاتنی هێرشەکان، کە ئەمەیان بژاردەی پەسەندی ئەوانە.
لە نێوان هەنگاوەکانی تری ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ڕێگەدانە بە هیندستان بۆ دەستگەیشتن بەو نەوتی ڕووسییە کە ئێستا لە ناو کەشتییە نەوت هەڵگرەکاندا لە ناوچەکەدا کۆگاکراوە.
هەروەها واشنتن بیرۆکەی ڕاکێشان لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خستە ڕوو، یان تەنانەت دەستوەردان لە بازاڕەکانی گرێبەستە ئایندەییەکاندا، بەڵام بەرپرسان دواتر گرنگی ئەم بیرۆکانەیان کەم کردەوە.
هەروەها ترەمپ نیگەرانییەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی پشتگوێ خست سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکانی بەنزین لە ئەمریکا. ڕۆژی شەممە وتی: “ئەمە تەنها شەپۆلێکی کاتییە. پێشبینیمان دەکرد نرخەکانی نەوت بەرز ببنەوە، و ئەوەش ڕوودەدات، بەڵام دادەبەزێ و زۆر بە خێرایی دادەبەزن”.
ئاسیا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لە قەیرانەکەدا
ئاسیا کە پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت و بە شێوەیەکی گەورە پشت بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەناڵێنێت بەدەست زیانەکانەوە.
لە ژاپۆن، کە زیاتر لە ٩٠٪ی نەوتی خاوی لە ناوچەکەوە دەستدەکەوێت، پاڵاوگەکان داوا دەکەن ڕێگەیان پێ بدرێت لە یەدەگی نیشتمانیی نەوت ڕابکێشن.
لە شوێنەکانی تر، چین هەناردەی سووتەمەنی کەمکردەوە بۆ پاراستنی دابینکردن و کۆنترۆڵکردنی نرخە ناوخۆییەکان. هەروەها کۆریای باشوور بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٣٠ ساڵدا تاوتوێی دووبارە سەپاندنەوەی سەقفێک بۆ نرخەکانی نەوت دەکات، بەپێی ئەوەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی “یۆنهاپ” ڕۆژی یەکشەممە لە زاری بەرپرسانی حکومەتەوە گواستییەوە.
لە باکووری ڕۆژئاوای ئەوروپا، نرخی سووتەمەنی فڕۆکە بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەوە کە گەیشتە ١٥٢٨ دۆلار بۆ هەر تەنێک، کە یەکسانە بە زیاتر لە ١٩٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ڕۆژی پێنجشەممە، بەپێی داتاکانی “General Index” کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨. کاریگەرییە توندەکە لەسەر سووتەمەنی فڕۆکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نیوەی هاوردەی یەکێتی ئەوروپا لەو سووتەمەنییە بە شێوەیەکی ئاسایی بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت.
سیناریۆکانی بەردەوامیی شڵەژان
شیکەرەوەکانی بانکی “ING Groep” پێیان وایە سیناریۆی بنەڕەتی ئێستا بریتییە لە چوار هەفتە لە شڵەژان. وارن پاتەرسۆن، سەرۆکی ستراتیژیی کاڵاکان لە بانکەکە لە سەنگافورە، وتی: “سیناریۆی گونجاو هەن، لەوانە دوو هەفتە لە شڵەژانی تەواو، و دوو هەفتە لە دابەزینی شڵەژان بە ڕێژەی ٥٠٪”.
هەروەها وتی: “ئەم سیناریۆیە مەرج نییە واتای ئەوە بێت کە ئێمە لەو ماوەیەدا شایەتی کۆتاییهاتنی تەواوی ململانێکە دەبین”، پاتەرسۆن وتی “بەڵام ئەگەر لێدانە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ببنە هۆی لاوازکردنی توانای ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان و سەپاندنی داخرانی گەرووی هورمز، ڕەنگە ببینین بەرخەمهێنانی نەوتەکە دەست بکاتەوە بە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی”.
بەڵام توندترین سیناریۆ لای بانکەکە بریتییە لە پەککەوتنی تەواوی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتیی شلکراوە بۆ ماوەی سێ مانگ. شیکەرەوەکانی بانکەکە لە یاداشتێکدا نووسیویانە، ئەم سیناریۆیە ڕەنگە نرخەکانی نەوت بەرەو ئاستگەلێکی پێوانەیی پاڵ پێوە بنێت لە ماوەی چارەکی دووەمی ساڵدا.