پوتین: ئامادەین نەوت و غاز بۆ ئەوروپا دابین بکەین
روونبین
پوتین: ئامادەین نەوت و غاز بۆ ئەوروپا دابین بکەین لە چوارچێوەی هاوکارییەکی بەردەوامدا
▪️ سەرۆکی ڕووسیا هانی کۆمپانیاکانی نەوت و غازی وڵاتەکەی دەدات سوود لە بەرزبوونەوەی توندی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان وەربگرن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی قەرزەکانیان.
▪️ پوتین: گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی غازی سروشتی شلکراوە (LNG) لە ناوچەکەدا ڕەنگە چەند هەفتەیەک و لەوانەشە مانگێکی پێ بچێت.
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی “ئامادەیە لەگەڵ ئەوروپییەکان کار بکات سەبارەت بە دابینکردنی نەوت و غاز” ئەگەر کۆمپانیا و کڕیارە ئەوروپییەکان بڕیار بدەن “هاوکارییەکی درێژخایەن و بەردەواممان لەگەڵدا بنیاد بنێن”.
پوتین ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی نەوت و غاز بۆ “هاوبەشە جێگە متمانەکان”، نەک تەنها لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن، بەڵکو لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیش، بەتایبەتی بۆ هەنگاریا و سلۆڤاکیا.
ئەم قسانەی سەرۆکی ڕووسیا ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتی کۆبوونەوەیەکدا هات لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و سەرکردەکانی کەرتی وزە، کە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ڕووسیا و ئاژانسی “ئینتەرفاکس” گواستیانەوە.
پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە گەرووی هورمز لە ژێر سایەی پەرەسەندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست “بە کردەیی داخراوە”، ئەمەش بەرهەمهێنانی ئەو نەوتەی کە پشت بەم ڕێڕەوە زیندووە دەبەستێت دەخاتە بەردەم “مەترسی وەستانی تەواوەتی” لە ماوەی مانگێکدا.
کەمکردنەوەی قەرزی کۆمپانیاکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکاندا
پوتین هانی کۆمپانیاکانی نەوت و غازی وڵاتەکەی دا کە سوود لە بەرزبوونەوەی توندی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان (نەوت و غاز) وەربگرن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی قەرزەکانیان، و هۆشداریشی دا کە ئەم بەرزبونەوەی نرخەکان هەمیشەیی نابێت.
زیاتر وتیشی کە گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی غازی سروشتی شلکراوە لە ناوچەکەدا ڕەنگە “چەند هەفتەیەک، و لەوانەشە مانگێکی” پێ بچێت، جەختیشی کردەوە کە “مەحاڵە بە خێرایی قەرەبووی ئەو بڕە لەدەستچووانە بکرێتەوە”.
ڕووسیا بیر لەوە دەکاتەوە کە زۆربەی فرۆشی گازی سروشتی بە یەکێتی ئەوروپا زووتر لە کاتی خۆی ڕابگرێت، لەبری ئەوەی چاوەڕێ بکات تا ئەو کاتەی یەکێتییەکە پلانەکەی بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی غازی ڕووسی بە پلەبەندی جێبەجێ دەکات (چ لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە بێت یان غازی شلکراوە LNG) کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ تەواو بێت.