لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا نرخی نەوت نزیک بوویەوە لە ١٢٠ دۆلار
روونبین
لە بازدانێکی مێژووییدا کە بەهۆی بەردەوامیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەمارۆدانی بەردەوامی گەرووی هورمزەوە دروست بووە، نرخی بەرمیلێک نەوت ئەمڕۆ دووشەممە بە ڕێژەی ٣٠٪ بەرزبووەوە و نزیک بویە و لە ١٢٠ دۆلار.
▪️ نزیکەی کاتژمێر ٠٢:٣٠ بەکاتی گێرنیتچ، نرخی خامی تێکساس (WTI) بە ڕێژەی ٣٠.٠٤٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ١١٨.٢١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. پاشان دابەزی بۆ نزیکەی ١٠١ دۆلار.
▪️ هەروەها نرخی خامی برێنت ٢٧.٥٤٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ١١٨.٢٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک پێش ئەوەی دابەزی و لە نزیک ١٠٧ دۆلار دا بگیرسێتەوە.
“باجێکی کەم”
لەکاتێکدا ئەم بەرزبوونەوە بێ وێنەیەی نرخەکان نیگەرانیی سەرکردەکانی جیهانی لێکەوتەوە، دۆناڵد ترەمپ بە خێرایی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس سۆشیاڵ”ەوە وەڵامی دایەوە و وتی: “نرخی نەوت لە مەودای کورتدا -بە خێرایی دادەبەزێتەوە هەر کە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناوچوو- ئەمە باجێکی زۆر کەمە کە دەبێت بدریت لە پێناو ئاسایش و سەلامەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و جیهان.”
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە هات کە داخرانی گەرووی هورمز ژمارەیەک وڵاتی ناچار کرد، لەنێویاندا عێراق، کوەیت، ئیمارات، و بەحرەین بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەنەوە، پێشتریش قەتەر بەرهەمهێنانی گازی شلکراوەی بەتەواوەتی ڕاگرت.

گەرووی هورمز
ئەم گەرووە ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ نەوتی خاوی مامناوەند و قورس لە ناوچەی کەنداو، و ئێستا ئەم هەناردەیە تا ئاستێکی زۆر پچڕاوە بەهۆی شەڕ و هەڕەشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان.
بەپێی زانیارییەکانی گروپەکانی شیکردنەوەی داتا، نزیکەی ١٠ کەشتی لە ناو گەرووی هورمز یان لە نزیکیدا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە لەو کاتەوەی ئێران ئەم ڕێڕەوە ئاوییە زیندووەی داخستووە وەک وەڵامێک بۆ لێدانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە ٢٨ی شوباتەوە دەستی پێکردووە.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە نزیکەی ٢٠٪ی نەوت و غازی سروشتی شلکراوەی جیهان بەم گەرووەدا تێپەڕ دەبێت. بەڵام بەپێی کۆمپانیای “کێپلەر” بۆ شیکردنەوە، جوڵەی تانکەرەکانی نەوت لە هەفتەیەکدا بە ڕێژەی ٩٠٪ کەمی کردووە. بەپێی ئەوەی “فرانس پرێس” گواستیەتیەوە، لە دووشەممەی ڕابردووەوە تەنها ٩ کەشتی بازرگانی و تانکەر و کەشتی بارهەڵگر بینراون کە بە گەرووەکەدا تێپەڕ بوون، کە هەندێکیشیان ناوبەناو شوێنی خۆیان شاردووەتەوە.

گەرووی هورمز