ڕێڕەوی ساختە بۆ کەشتییەکان بەرەو گەرووی هورمز… شێواندنی دەریاوانی چۆن ڕوودەدات؟

2026-03-10 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

پلاتفۆرمە پسپۆڕەکانی بواری گەشتیاری دەریایی شێوازێکی نوێی “شێواندن”یان دەستنیشان کردووە کە سیستەمەکانی دیاریکردنی شوێن لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە (GPS) لە نزیک کەناراوەکانی میرنشینی ڕئس الخیمە لە ئیمارات کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی دەرکەوتنی ڕێڕەوی وەهمی بۆ کەشتییەکان بە ئاراستەی گەرووی هورمز.

پلاتفۆرمی “مارین ترافیک” (MarineTraffic) کە تایبەتە بە شوێنپێهەڵگرتنی جوڵەی کەشتییەکان، ڕایگەیاند کە ئەم دەستکاریکردنە لە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی دوێنێ بە کاتی جیھانی (UTC) تۆمارکراوە. بە پێچەوانەی حاڵەتە ئاساییەکانی شێواندن کە تێیدا کەشتییەکان وەک ئەوەی لە یەک خاڵدا کۆبووبێتنەوە دەردەکەون، ئەم هااککردنە بووەتە هۆی کێشانی ڕێڕەوی دەستکرد؛ کەشتییەکان لەسەر شاشەی ڕادارەکان وەها دەردەکەون کە بە هێڵێکی ڕاست بەرەو گەرووی هورمز دەڕۆن، لە کاتێکدا لە راستیدا ئەو ڕێڕەوەیان نەگرتووەتە بەر.

شیکارییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم جوڵانە بە تەواوی وەهمین. بەراوردکردنی ڕێڕەوەکان بە جوڵەی ڕاستەقینە و ئاراستە تۆمارکراوەکان دەیسەلمێنێت کە ئەم تێپەڕبوونە ظاهرییە تەنها پڕۆسەیەکی دەستکاریکردنی بە ئەنقەستی سیستەمەکانی دەریاوانیە و ڕەنگدانەوەی جوڵەی ڕاستەقینە نییە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمە، شیکەرەوەکانی کۆمپانیای “کێپلەر” (Kpler) پرۆتۆکۆڵی چاودێری توندیان چالاک کردووە بۆ لادانی هەر زانیارییەکی چەواشەکارانە، تاوەکو ئاماژە بازرگانییەکان بە دروستی بمێننەوە و بازاڕەکان لە کاریگەری داتای دەستکرد بپارێزرێن.


شێواندن چۆن ڕوودەدات؟

پلاتفۆرمی “مارین ترافیک” وردەکاری تەکنیکی دەربارەی میکانیزمی ئەم دەستکاریکردنە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە “ساختەکاری گەشتیاری” (Navigational Spoofing) دەکرێتە دوو جۆری سەرەکی:

  1. ساختەکردنی سیستەمی مانگە دەستکردەکان (GNSS): لایەنی دەرەکی وەک سوپا یان دەوڵەتان لە پشتین، لە ڕێگەی ناردنی شەپۆلی وەهمی کە ئامێرەکانی ناو کەشتییەکە دەخەڵەتێنن. ئەمە زیاتر لە ناوچەکانی ململانێدا ڕوودەدات و لە یەک کاتدا کاریگەری دەکاتە سەر چەندین کەشتی.

     

    وێنەیەکی ڕوونکردنەوەیی بۆ شێوازێکی بازنەیی جێگیر لە جووڵەی کەشتییەکاندا بەهۆی کردەوەکانی شێواندن (مارین ترافیک).

    2. ساختەکردنی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS): خودی کەشتییەکە ئەنجامی دەدات لە ڕێگەی ناردنی زانیاری ناسنامە یان شوێنی جوگرافی هەڵە. ئامانج لێی شاردنەوەی جوڵەی ڕاستەقینەیە بۆ دەربازبوون لە سزاکانی نێودەوڵەتی یان گواستنەوەی نایاسایی کاڵاکان لە ناو دەریاکاندا.

پسپۆڕان دەڵێن ئەم شێواندنە لەسەر نەخشەکان بە شێوەی “بازدانی نالۆژیکی” یان دەرکەوتنی یەک کەشتی لە دوو شوێنی جیاواز و تۆمارکردنی خێرایی نامۆ دەردەکەوێت. گەرووی هورمز، کەنداوی عومان، دەریای ڕەش و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەو ناوچانەن کە زۆرترین جۆری ئەم دەستکاریکردنەیان تێدا دەبینرێت.


شێواندن وەک چەکێکی بەرگری

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی “فرانس پرێس”، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نزیکەی هەزار کەشتی لە ئاوەکانی کەنداو و کەنداوی عومان ڕووبەڕووی پەککەوتنی سیستەمی دەریاوانی بوونەتەوە. زۆربەی ئەم کەشتییانە ئامێری کۆن بەکاردەهێنن کە ئاستی پاراستنیان لە مۆبایلە زیرەکەکان کەمترە.

لە ڕووی سەربازییەوە، لایەنە ناکۆکەکان پەنا بۆ شێواندن دەبەن بۆ ئامانجی ستراتیژی:

  • لە وڵاتانی کەنداو: سیستەمەکانی بەرگری بەرەو کەناراوەکان ئاراستە دەکرێن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو درۆنانەی ئێران دەیاننێرێت و لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، ئەمەش لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی تێکچوونی گەشتیاری ئاسمانی و دەریایی.

  • ئیسرائیل و ئێران: ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئەم ڕێگەیەی گرتە بەر، و ئێرانیش دوای دەستپێکردنی ڕووبەڕووبوونەوەکان لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٥دا هەمان تەکنیکی بەکارهێنا.