دوورگەی خارگ: چی دەربارەی ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەزانین؟

2026-03-14 لە لایەن روونبیین
شیکردنەوە

روونبین

دوورگەی خارگی ئێران لە کاتی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاراندا بووەتە جێی بایەخێکی زۆر، بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ١٤ی ئازار ڕایگەیاند کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) “هەموو ئامانجە سەربازییەکانی” لە دوورگەی خارگ تێکشکاندووە، ئەمەش بە وتەی ئەو “یەکێک بووە لە بەهێزترین هێرشە ئاسمانییەکان لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”.

کۆلین فریمان، ڕۆژنامەنووس و نووسەری بەریتانی کە وەک پەیامنێری جەنگ لە ناوچەکانی ململانێ وەک عێراق و لیبیا بۆ ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف کاری کردووە، لە وتارێکدا کە لە ٩ی ئازاری ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: “لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ساڵی ١٩٨٨دا، دۆناڵد ترەمپ ئەگەری خۆکاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتی پشتڕاستکردەوە و دەربارەی ئێران لە کاتی جەنگ لەگەڵ عێراق وتی: ئەگەر یەک فیشەک بنرێت بە یەکێک لە پیاوانمان یان کەشتییەکانمانەوە، دوورگەی خارکم وێران دەکرد، دەچوومە ناوەوە و دەستم بەسەردا دەگرت.”

میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری فەرماندەیی سەربازیی “خاتم الأنبیاء” لە تاران بڵاویانکردەوە کە وڵاتەکەیان جەختی کردووەتەوە “هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی نەوت و وزەی وڵاتەکە، دەبێتە هۆی هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ئەو دامەزراوانەی ناوچەکە کە خاوەندارێتییان بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان دەگەڕێتەوە کە پشکی ئەمریکایان تێدایە یان هاوکاری ئەمریکان.”

ئەم دوورگە مەرجانییە بچووکە کە لە باکووری کەنداو و لە دووری نزیکەی ٢٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێرانەوە هەڵکەوتووە، بە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی پیشەسازیی نەوتی ئەو وڵاتە دادەنرێت. دوای ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ، دوورگەکە چیتر “دوور نییە لە هێرشەکان”، بەڵکو کەوتووەتە چەقی ئامانجە ڕاستەقینەکانەوە.

ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە: “ئیدارەی ئەمریکا لە دواترین  وتووێژەکانیدا  چەند بژاردەیەکی پەیوەست بە مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگی ناوچەکە تاوتوێ کردووە، لەنێویاندا بژاردەی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ.”

ئەم ڕۆڵە زیندووە وای لە هەندێک شرۆڤەکار و بەرپرس لە واشنتن کردووە پرسیار لەسەر ئەوە بکەن کە ئامانجگرتن یان تەنانەت کۆنترۆڵکردنی دوورگەکە چ مانایەکی دەبێت.

ئامانجێکی سەربازیی هەستیار

ڕۆڵە ئابوورییەکەی دوورگەی خارگ وای لێ دەکات ببێتە ئامانجێکی سەربازیی گونجاو. هەندێک شرۆڤەکار پێیان وایە ئامانجگرتن یان دەستبەسەرداگرتنی دوورگەکە دەبێتە هۆی پەکخستنی بەشێکی زۆری داهاتی نەوتی ئێران، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی حکومەتە.

لە واشنتن، جارۆد ئاگن، ڕاوێژکاری کۆشکی سپی وتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا “هەوڵ دەدات یەدەگی نەوتی ئێران لەژێر دەستی تیرۆریستان دەربهێنێت”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزەی ئێران وەک ئامرازێکی گوشار بۆ سەر حکومەتی تاران.
لەو چوارچێوەیەدا، بیرۆکەی کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ کە گەورەترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی تێدایە، خرایە ڕوو. مایکڵ ڕۆبین، شرۆڤەکاری ئەمریکی، ئەم هەنگاوەی بە ئامرازێکی کاریگەر وەسف کرد بۆ “بڕینی داهاتی نەوت لە حکومەتی ئێران”.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە،بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا ڕیچارد نێفیۆ، هۆشداری دا کە بەئامانجگرتنی دوورگەکە “ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنێکی گەورەی ململانێکان و هەڕەشە لە سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهان بکات”.

شارەزایانی دیکەش دەڵێن کۆنترۆڵکردنی دوورگەکە پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی دەبێت نەک تەنها هێرشی ئاسمانی، ئەمەش شتێکە کە ئەمریکا تا ئێستا دودڵە لە ئەنجامدانی.

ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران

دوورگەی خارگ بە بەندەری سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران و کۆڵەکەی سەرەکیی ژێرخانی وزەی وڵاتەکە دادەنرێت. نزیکەی ٩٠ لەسەدی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بەم دوورگەیەدا تێدەپەڕێت پێش ئەوەی تانکەرە نەوتەکان ڕوو لە بازاڕەکانی جیهان بکەن، زۆربەی کات لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا.

دامەزراوەکانی بارکردن لە دوورگەکەدا دەتوانن ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت بار بکەن، ئەمەش وای کردووە ببێتە ئەڵقەیەکی پەیوەندیی سەرەکی لە نێوان کێڵگە نەوتییەکانی ئێران و بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا. دوورگەکە بە هێڵی بۆریی دەریاییەوە بەستراوەتەوە بە هەندێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی ئێران.

تەنکەرەکانی ئەمبارکردن لە دورگەی خاگ

نەوت لە کێڵگەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ دوورگەکە و لەوێ لە کۆگای گەورەدا هەڵدەگیرێت پێش ئەوەی لە ڕێگەی لەنگەرگا (سەکۆ) درێژەکانەوە کە دەگەنە ناو ئاوە قووڵەکان، باربکرێنە سەر تانکەرە زەبەلاحەکان.

ئەمە زۆر گرنگە چونکە زۆربەی کەناراوەکانی ئێران قووڵییان کەمە و ناتوانن تانکەرە زەبەلاحەکان وەربگرن، ئەمەش دوورگەی خارگ دەکاتە یەکێک لەو شوێنە کەمانەی کە دەتوانێت ئەم ئەرکە بە قەبارەیەکی گەورە ئەنجام بدات.
بەهۆی کۆبوونەوەی ئەم ژێرخانە گرنگە لە یەک شوێندا، شارەزایان دەڵێن دوورگەکە خاڵێکی لاوازیی ئابووریی گەورەیە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن گرنگییەکەی ئەوەندە زۆرە کە ئەگەر پەکبکەوێت، ئابووریی ئێران تووشی گورزێکی کوشندە دەبێت.

بۆچی تا ئێستا نەکراوەتە ئامانج؟

سەرەڕای گرنگییە ستراتیژییەکەی و ئاسانیی پەکخستنی دامەزراوەکانی، دوورگەی خارگ لە ململانێی ئێستادا (تا کاتی ئەم هەواڵە) تووشی هیچ هێرشێکی نەوتی نەبووە. شرۆڤەکاران پێیان وایە چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەمە:

ئامانجگرتنی دوورگەکە ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی جەنگ و پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بۆ وەڵامدانەوە لە ڕێگەی لێدانی دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتانی دراوسێ لە کەنداودا، ئەمەش هەڕەشە لە دابینکردنی وزەی جیهانی دەکات.
هەروەها شارەزایانی بانکی “جی پی مۆرگان” هۆشدارییان داوە کە کۆنترۆڵکردنی دوورگەکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ڕەنگە ببێتە هۆی “شۆک” لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا و تاران ناچار بکات بە پەکخستنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز وەڵام بداتەوە. ئەوە جگە لە مەترسیی بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی نەوت.

مێژوویەکی دوورودرێژ

دوورگەی خارگ لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە ڕۆڵێکی ناوەندیی هەیە لە هەناردەی نەوتی ئێراندا، کاتێک ژێرخانەکەی بە بەشداریی کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی “ئامۆکۆ” پەرەی پێدرا.

لە کاتی جەنگی عێراق-ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دوورگەکە چەندین جار بۆردومان کرا بۆ پەکخستنی هەناردەی نەوت.

لە کاتی قەیرانی بارمتە ئەمریکییەکان لە ساڵی ١٩٧٩، جیمی کارتەر سزای بەسەر ئێراندا سەپاند بەڵام هێرشی نەکردە سەر دوورگەکە.

ڕۆناڵد ڕێگان-یش لە کاتی “جەنگی تانکەرەکان”دا تەنها سەرنجی خستە سەر پاراستنی کەشتیوانی و لێدانی سەکۆ موشەکییەکان و دوورگەی خارگ لە دەرەوەی هێرشەکان مایەوە.
بانکی “جی پی مۆرگان” دەڵێت هەرچەندە هێزەکانی عێراق لە ماوەی هەشت ساڵەی جەنگدا هەندێک وێستگە و تانکەریان کردە ئامانج، بەڵام دوورگەی خارگ بەردەوام بوو لە کارکردن و زیانەکان خێرا چاک دەکرانەوە. ئەمەش دەری دەخات کە پەکخستنی یەکجاریی دوورگەکە پێویستی بە هێرشی بەردەوام و فراوان هەیە.