وەزارەتی نەوتی عێراق: هەرێم ڕێگری دەکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە

وەزارەتی نەوت 2026-03-15 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا وەڵامی ئەو پرسیار و تێبینییانەی دایەوە کە لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئاراستەی کراون، سەبارەت بە هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ناوچەی باکوورەوە (بەندەری جیهانی تورکی)، بەتایبەت دوای ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی باشوور بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز.

وەزارەتی نەوت چەند خاڵێکی لە بەیاننامەکەدا ڕوون کردووەتەوە:

١. وەزارەتی نەوت ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەناردەکردنی (٣٠٠) هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە، جگە لەو (٢٠٠) هەزار بەرمیلەی کە پێشتر لە کێڵگەکانی هەرێمەوە هەناردە دەکرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە توانای گواستنەوەی بۆرییەکە دەگاتە (٩٠٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

٢. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی ڕەتکردووەتەوە و چەندین مەرجی داناوە کە پەیوەندییان بە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە نییە.

٣. وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کردووە کە بە هەرێمیان ڕاگەیاندووە دەکرێت ئەو مەرجانە لە داهاتوودا و هاوتەریب لەگەڵ هەناردەکردنەکە تاوتوێ بکرێن، چونکە هەر دواکەوتنێک زیانی گەورە بە داهاتی گشتی عێراق دەگەیەنێت و وڵات بێبەش دەکات لەو سەرچاوە داراییەی کە دەتوانێت قەرەبووی ڕاوەستانی نەوتی باشوور بکاتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی نەوتی عێراق جارێکی تر داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە کە دەستبەجێ هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و پابەندبوون بە دەستوور و یاسای بودجەی وڵات.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.