وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامێک دەداتەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق
روونبین
هەولێر – ١٥ی مارسی ٢٠٢٦
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە بۆ ڕای گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق، دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەکی دەرکرد کە تێیدا هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئامادە نیە نەوت بە ڕێگەی بۆڕی نەوت بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا هەناردە بکات.
وەزارەتەکە وتی ئەو بەیاننامەیە هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکە باس ناکات و هەوڵ دەدات هەرێمی کوردستان تۆمەتبار بکات بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، حکومەتی بەغدا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا ASYCODA ئابلوقەیەکی دارایی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نەداوە دۆلار بۆ بازرگانانی هەرێم بەردەست بێت، کە بەهۆی ئەمەوە جوڵەی بازرگانی بە شێوەیەکی زۆر کەم بووەتەوە.
هەروەها وەزارەتەکە باس لەوە دەکات کە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان لەلایەن میلیشیاکانەوە کێڵگە و پالاوگەکانی نەوت و گاز و دامەزراوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، کە بەهۆی ئەم هێرشانە بەرهەمهێنانی نەوت وەستاوە و ئێستا بەرهەمێکی نەوتی بەردەست نییە بۆ هەناردە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە بەغدا تا ئێستا هیچ ڕێکارێکی کاریگەر نەگرتووەتەبەر بۆ ڕێگرتن لەو هێرشانە، لە کاتێکدا بەشێک لەو گروپانەی هێرش دەکەن مووچە و پشتگیری لە بەغدا وەردەگرن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە ڕێگەی گفتوگۆی بنیادنەر لەگەڵ بەغدا، بەڵام داواکارییەکانیان پشتگوێ خراوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتەکە جارێکی تر دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە تیمە پسپۆڕەکان دانیشتن بکەن بۆ چارەسەرکردنی خاڵەکانی ناکۆکی، بۆ ئەوەی زووترین کات ئەنجامێکی باش بەدەست بێت کە هەموو عێراق لێی سوودمەند بێت و هەرێمی کوردستانیش چیتر ستەمێکی لێ نەکرێت.
دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق
وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایا هەرێمی کوردستان ئامادە نییە نەوت بە ڕێگەی بۆڕی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات. بۆ ڕای گشتی ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕوون دەکەینەوە:
١- ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەکەدا هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و، بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی.
٢- حکومەتی ئێستای بەغدا لە مانگی یەکەوە ئابڵوقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و، ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت، لەو کاتەوە هیچ جوڵەیەکی بازرگانی نەماوە و ئامادە نییە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە، کە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە.
٣-میلیشیاکانی لە یاسا دەرچوو، هەموو کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت و گاز و وزەی هەرێمیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیروریستیانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا هەناردەی دەرەوە بکرێت.
٤- بەغدا ئامادە نییە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تیروریستیانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ بکات. تا ئێستا هیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە.
٥- بەشێکی زوری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.
٦- هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خوی دەربڕیوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات ، ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتوگۆیەکی بنیادنەر بۆ چارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکرێت، بەڵام داواکاری ئێمە پشتگوێ خراوە و هەوڵ دراوە ئەجندای نادەستوری و نایاسایی لە سەر هەرێم بسەپێندرێت.
جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرچی زووتر، تیمە بسپۆرەکان لە سەر ئەم خاڵانەی جێی ناکۆکین دانیشتن بکەن و بگەینە ئەنجامێکی خێرای وا، کە هەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/3/15