پێش دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی؛ وەزارەتی نەوت بە پێنج خاڵ وەڵامی حکومەتی هەرێم دەداتەوە
روونبین
وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆریی کوردستانەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٠٦ وەزارەتی نەوتی عێراق پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا دەڵێت: ڕاگەینداراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی تەواو سیاسی بوو و هەڵوێستی حزبی لەپشت بوو؛ گوزارشت لە دیدگایەکی پیشەیی و یاسایی بۆ کارکردن لە کەرتی نەوتدا ناکات. تیایدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی هەولێر نا ودێنێت و دەڵێت:
داوا لە حکومەتی هەولێر دەکەین لە هەڵوێستی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردن پاشەکشە بکات. لە ئەگەری ڕەتکردنەوەدا، حکومەتی فیدراڵ هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرێتە بەر.
ڕاگەیاندنەکە بە پێنج خاڵ وەڵامی حکومەتی هەرێم دەداتەوە
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەدواداچوونمان کرد بۆ ئەو ڕاگەیەندراوەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەولێرەوە دەرچووە، کە ڕاگەیەندراوێکی تەواو سیاسی بوو و هەڵوێستی حزبی لەپشت بوو؛ گوزارشت لە دیدگایەکی پیشەیی و یاسایی بۆ کارکردن لە کەرتی نەوتدا ناکات.
لەسەر ئەم بنەمایە، دەمانەوێت ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ هەموو ڕۆڵەکانی گەلی عێراق ڕوون بکەینەوە:
یەکەم: وەزارەتی نەوت هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ دووبارە کاراکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک-جەیهان سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی هاتنە ڕێمان، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی کەمی داهاتوودا تەواو ببێت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بەکاربهێنرێت. بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە، وەزارەت داوای کردووە بۆریی بەستەرەوەی نێوان وێستگەی “سارلۆ” لە کەرکوک و وێستگەی “فیشخاپوور” بەرەو بەندەری جەیهان بە شێوەیەکی کاتی بەکاربهێنرێت بۆ هەناردەکردنی بڕێک کە لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تێنەپەڕێت. ئەگەر نەوتی بەرهەمێنراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیشی بۆ زیاد بکرێت، تێکڕای هەناردەکردن دەگاتە نزیکەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەم بەرهەمهێنانە لە ڕێگەی جیاوازیی نرخە بەرزەکانی ئێستاوە، دەتوانێت بارگرانی ئەو قەیرانە کەم بکاتەوە کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە دروست بووە.
دووەم: بەپێی ڕێککەوتنامەی بۆریی عێراق-تورکیا (ITP)، هێڵی بۆرییەکە دامەزراوەیەکی حکومیی فیدراڵییە و توانای گواستنەوەی زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیلی لە ڕۆژێکدا هەیە. ڕێڕەوی بۆرییەکە لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە ڕاستەوخۆ لەژێر ئیدارەی حکومەتی فیدراڵدایە، کە دەسەڵاتی کارپێکردنی هێڵەکە و هەناردەکردنی نەوتی هەیە تا ئەوپەڕی توانای. لایەنی تورکیش ئامادەیی بۆ ئەمە دەربڕیوە. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی وەزارەتدا، دروستکردنی بۆرییەکی نوێی جێگرەوە و هاوتەریب بۆ ئەم بۆرییە لە ئارادایە کە تەواکەری پڕۆژەی بۆریی بەسرە-حەدیسە دەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە، داوا لە حکومەتی هەولێر دەکەین لە هەڵوێستی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردن پاشەکشە بکات. لە ئەگەری ڕەتکردنەوەدا، حکومەتی فیدراڵ هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرێتە بەر.
سێیەم: ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەولێر بابەتی هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی بۆریی ئاماژەپێکراوەوە بەستووەتەوە بە مەلەفی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، کە ئەمە لە تایبەتمەندیی وەزارەتی داراییە سەرەڕای ئەو پاکێجە یاساییانەی بۆ ڕێکخستنی وەرگرتنی مووچە پێشکەش کراون. هەمان شت بۆ ئاماژەدان بە بابەتی جێبەجێکردنی سیستەمی “ئاسیکۆدا” (Asycuda) کە یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و مەلەفێکی چاکسازیی گرنگە بۆ دابینکردنی بازرگانییەکی شەرعی و دراوی بیانی بەبێ فێڵ و تەڵەکەبازی.
چوارەم: ئەمڕۆ حکومەتی هەولێر هەوڵەکانی بۆ پێشێلکردنی دەستوور دووبارە دەکاتەوە، بەتایبەت ماددەی (١١٠) کە مافی کێشانی سیاسەتی دارایی دەداتە حکومەتی فیدراڵ، و ماددەی (١١١) کە دەڵێت (نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا)، کە بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٥٩/فیدراڵی/٢٠١٢) و هاوپێچەکانی (١١٠/فیدراڵی/٢٠١٩) جەختی لێ کراوەتەوە. هەروەها ماددەی (١١٢)ی دەستوور ئیدارەدانی ئەم سامانانە و وەبەرهێنان تێیدا پابەند دەکات بەوەی بەرزترین سوود بۆ گەلی عێراق دەستەبەر بکات. قۆستنەوەی بارودۆخی نالەباری ناوچەکە لەلایەن حکومەتی هەولێرەوە و کارکردن بۆ پەکخستنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی کەرکوک-جەیهان، ڕەفتارێکە کە سەرکێشییەکی گەورە و ناڕەوایە بە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان، لە نێویاندا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، و زیان بە ناوبانگی نێودەوڵەتی عێراقیش دەگەیەنێت.
پێنجەم: داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین، کە شەرەفی نوێنەرایەتیکردنی تەواوی عێراقی لەسەر شانە بە هەموو ئەندامەکانییەوە (بەوانەشەوە کە لەلایەن گەلەکەمان لە هەرێم هەڵبژێردراون)، لێکۆڵینەوە لەم حاڵەتە نائاسایی و نەخوازراوە بکەن کە متمانە لەناو دەبات و لە بارودۆخێکی هەستیاردا کە جێگەی مانۆڕی سیاسی تێدا نابێتەوە، فشاری ئابووری دەخاتە سەر عێراق. پێویستە سەیری ڕاستییەکانی سەر زەوی و بەرژەوەندیی باڵای هەموو ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە یەکسانی بکرێت.
خۆ وەزارەتی نەوت
١٧ی ئازاری ٢٠٢٦