ئەمریکا پەنا بۆ نەوتی ئێران دەبات بۆ دابەزاندنی نرخەکان، بەڵام بەربەستەکان هێشتا زۆرن

سزاکانی سەر ئێران 2026-03-21 لە لایەن روونبیین
شیکردنەوە

روونبین                                            راپۆرتی کپلەر

بۆ جاری سێیەم لە ماوەی دوو هەفتەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێخۆشبوونی کاتیی بۆ ئەو نەوتانە دەرکرد کە سزایان لەسەرە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان. بەڵام ئەمجارەیان “نەوتی ئەمبارکراوی ناو دەریای ئێرانی کردووەتە ئامانج” هەنگاوەکە زۆر ئاڵۆزترە لە قۆناغەکانی پێشوو.

  • لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ نەوتی ناو دەریای  ئێران دەتوانێت رۆژانە نزیکەی ٥ ملیۆن بەرمیل بۆ ماوەی مانگێک  بخاتە بازاڕەوە، بەڵام ناتوانێت قەرەبووی پچڕانە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە.
  • سزاکانی لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، سنووردارکردنی شێوازی پارەدان، و مەترسییەکانی “کەشتیگەلی سێبەر” (Shadow fleet) وەک بەربەستی سەرەکی دەمێننەوە و ڕێگرن لە کڕینی دەستبەجێ.
  • کڕیارە ئاسیاییەکان “بە پێشەنگی هیندستان و پاڵاوگە حکومییەکانی چین” لە باشترین پێگەدان بۆ ئەم هەنگاوە، هەرچەندە پابەندبوونی یاسایی و نرخاندن، خێرایی پڕۆسەکە دیاری دەکەن.
  •  پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین (Teapots) کە ئێستا گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانن، لەبەردەم دووڕیانێکدان لە نێوان قبوڵکردنی نرخی بەرزتر یان سەرکێشیکردن بە لەدەستدانی سەرچاوەکانی داهاتوویان.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەوی هەینی مۆڵەتێکی گشتیی ٣٠ ڕۆژەی دەرکرد، کە ڕێگە بە وڵاتان دەدات بە ئەمریکاشەوە، بەڵام بەدەر لە “کوبا، کۆریای باکوور و کریمیا”نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بکڕن کە پێش ٢٠ی ئازار بار کراون. ئەم لێخۆشبوونە دوای دوو بڕیاری هاوشێوە دێت لە سەرەتای ئەم مانگەدا کە ڕێگەیان بە کڕینی ئەو نەوتە ڕووسیانە دەدا کە لەناو ئاوەکان بوون.

ئەم هەنگاوە بە ڕوونی هەوڵێکی دیکەی ئیدارەی ترەمپە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی نرخی نەوت، کە بەهۆی توندبوونەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەککەوتنی درێژخایەنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا دروست بووە.

داتاکانی “کێپلەر” نیشانی دەدەن کە نزیکەی ١٧٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران ئێستا لە دەریادایە، کە نزیکەی ١٥٤ ملیۆن بەرمیلیان لە دەرەوەی کەنداو وە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. ئەم قەبارەیە کەمبووەتەوە لە بەراورد بە ئەو ئاستە پێوانەییەی لە کۆتایی شوباتدا تۆماریکرد (١٨٥ ملیۆن بەرمیل)، کاتێک ئێران هەناردەکردنی خێراتر کرد، کە پێدەچێت بەهۆی پێشبینیکردنی هەڵگیرسانی ململانێکان بووبێت.

ئەگەر ئەم بارە نەوتانەی ئێران لە ماوەی مانگێکدا لەلایەن پاڵاوگەکانەوە وەربگیرێن (وەک ئەوەی لێخۆشبوونەکەی ئەمریکا دەیخوازێت)، ئەوا ٥.١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخاتە  بازاڕی جیهانیەوە، کە دەکاتە یەک لەسەر سێی ئەو نەوتەی پێش شەڕەکە لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبوو.

نەوتی خاوی ئێران لە دەریادا بەپێی شوێنی ئێستایان، بە ملیۆن بەرمیل (mb)- سەرچاوە کپلێر

ئاڵۆزییەکان

بەڵام واقیعەکە زۆر ئاڵۆزترە. نەوتی ئێران لەژێر تۆڕێکی چڕی سزای نێودەوڵەتی لەلایەن ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا دایە، کە کۆتوبەندی توند دەخەنە سەر مامەڵە داراییەکان و دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی. لەبەر ئەوە، پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین -کە بۆ چەندین ساڵە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانن- سیستەمێکی پارەدان (پێدانی پارە)ی ئاڵۆزیان گرتووەتەبەر، کە یوانی چینی و دراوە نادۆلارییەکان و دامەزراوە داراییەکان  دەگرێتەوە.

ئەو مۆڵەتە گشتییەی ئەمریکا کە ڕۆژی هەینی دەرچوو، بە وردی باسی میکانیزمی پارەدان ناکات؛ بەتایبەت هێشتا ڕوون نییە ئایا کڕیاران دەتوانن لە ڕێگەی سیستەمی “سویفت” (SWIFT) و بە دۆلار پارە بدەن، یان ئایا ڕێگە بە فرۆشیارە ئێرانییەکان دەدرێت بە ئازادانە دەستیان بەو هەژمارە دۆلارییانە ڕابگات.

پاشان کێشەی گواستنەوە هەیە. نەوتی ئێران بەزۆری بە کەشتیە نەوت هەڵگرە کۆنەکان (سەروو ٢٠ ساڵ) دەگوازرێتەوە کە زۆرجار سزایان لەسەرە و بیمەی دروستیان نییە. ئەم کەشتیانە زۆرجار زانیارییەکانیان دەگۆڕن بۆ شاردنەوەی ناسنامەیان. ئەو مەترسییە ژینگەییانەی کە بەهۆی ڕێگەدان بەم “کەشتیگەلە سێبەرە” بۆ ناو ئاوە ناوخۆییەکان و لەنگەرگرتن لە بەندەرەکان دروست دەبێت، نیگەرانییەکی زیاتر بۆ کڕیاران دروست دەکات.

لە ڕوانگەی فرۆشیارەوە، بێجگە لە کێشەکانی مامەڵەکردن، پێشبینی دەکرێت کڕیاران داوای زانیاری وردی بازرگانی و گواستنەوە بکەن. پێدانی ئەم داتایانە دەبێتە هۆی ئاشکراکردنی ئەو لایەن و کەشتیانەی تێوەگلاون، ئەمەش بەڵگە بۆ سزادانیان لە داهاتوودا دروست دەکات ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە چەسپاندنی سزاکان.

جیاوازیی نرخە هەڵبژێردراوەکانی نەوتی خاو بەراورد بە نرخی جیهانی برنت (ICE Brent) لەسەر بنەمای گەیاندن بۆ چین. دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ($/bbl)– سەرچاوە ئارگۆس میدیا

هەڵوێستی پاڵاوگە ئاسیاییەکان

ئەگەر ئەم نیگەرانییانە وەلا بنێین، پاڵاوگە ئاسیاییەکان وەک کڕیارە هیندییەکان و کۆمپانیا حکومییەکانی چین کە بەم دواییانە و دوای لێخۆشبوونەکەی ئەمریکا کڕینی نەوتی خاوی ڕووسیایان زیاد کردووە، ڕەنگە ئامادەبن بارە نەوتەکانی ئێران وەربگرن بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی لەسەر ماددەی خاو هەیانە، ئەمەش بەهۆی بەردەستبوونی خێرا و نرخە نزمەکەیان بەراورد بەو بەرمیلە نەوتانەی کە لە بازاڕدا بەپێی یاساکان (Compliant barrels) مامەڵەیان پێوە دەکرێت.

​نەوتی “ئێرانی سووک” لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بە نزیکەی ٧ دۆلار کەمتر لە نرخی برنت (ICE Brent) مامەڵەی پێوە دەکرا بۆ گەیشتن بە چین؛ ئەم نرخە بەهێزترە لەو ئاستەی پێش ململانێکان هەبوو کە ١١ دۆلار کەمتر بوو لە برنت، بەڵام هێشتا زیاتر لە ٢٥ دۆلار هەرزانترە لە جۆرەکانی تری بەڕازیل و ڕۆژئاوای ئەفریقا.

هەندێک لە بەشداربووانی بازاڕ بە “کێپلەر”یان ڕاگەیاندووە کە پێشکەشکردنی نرخ بۆ کڕینی نەوتی ئێران لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ڕاگیراوە، ئەمەش دوای ئەوەی “بێسێنت”، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی هەواڵیدا ئاماژەی بە ئەگەری سووککردنی سزاکان کرد، چونکە فرۆشیارەکان چاوەڕێی خواستێکی بەهێزتر و نرخێکی بەرزتر دەکەن. بۆ نموونە، نرخەکانی نەوتی ESPOی ڕووسیا نزیکەی ١٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە لەو کاتەوەی ئەمریکا لێخۆشبوونی سزاکانی دەرکردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین ڕووبەڕووی دووڕیانێک بوونەتەوە. بەپێی ئامارەکانی (Oilchem)، تێکڕای قازانجی پاڵاوتن لەم پاڵاوگانەدا “پاڵاوگەی سەربەخۆکان” (Teapots) کەمترە لە ١٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش واتە هەر بەرزبوونەوەیەکی توندی نرخی نەوتی خاوی ئێران دەبێتە هۆی نەمانی زۆربەی قازانجەکانیان یان تەنانەت تووشی زیانیان دەکات. هەروەها پاڵاوگەکان لەوەش دەترسن کە لێخۆشبوونەکەی ئەمریکا درێژ بکرێتەوە —هاوشێوەی ئەوەی بۆ نەوتی ڕووسیا کرا— یان تەنانەت لە سیناریۆیەکی دوای شەڕدا بگۆڕێت بۆ لادانی فراوانتری سزاکان وەک ئەوەی لەگەڵ ڤەنزوێلا بینرا، کە ئەوەش ئەگەری هەیە نرخی نەوتی ئێران هێندەی تر بەرز بکاتەوە و دەستڕاگەیشتنیان بەو نەوتە سنووردار بکات.

​بۆ ئێستا، زۆربەی پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین خاوەنی کۆگایەکی تا ڕادەیەک باشن کە بۆ ماوەی ٢٠ تا ٣٠ ڕۆژ پێداویستییەکانیان پڕ دەکاتەوە. هەر بۆیە، هەر کورتهێنانێکی خستنەڕوو لە ماوەیەکی نزیکدا —ئەگەر کڕیارانی دیکە بێنە پێشەوە بۆ کڕینی بارە نەوتەکان لەژێر مۆڵەتە نوێیەکەی ئەمریکادا— نابێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر کارەکانیان. بەڵام نادڵنیاییە گەورەکە ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا مەبەستیەتی بە هەمیشەیی سزاکانی سەر ئێران سووک بکات، یان ئەمە تەنها هەنگاوێکی تاکتیکییە بۆ کڕینی کات لە کاتی ململانێکاندا.

​لە نێوان کڕیارە ئاسیاییەکاندا، پاڵاوگە هیندییەکان و کۆمپانیا حکومییەکانی چین ئەگەری زۆریان هەیە بە خێرایی دەست بکەن بە کڕینی نەوتی ئێران، لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ژاپۆن، کۆریای باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ڕەنگە کاتی زیاتریان بوێت بۆ جێبەجێکردنی مەرجە یاساییە ناوخۆییەکانیان (Compliance)، ئەمەش بەپێی ئەو کاردانەوەیەی بەرامبەر لێخۆشبوونەکانی نەوتی ڕووسیا هەیانبوو.

​لە ڕوانگەی هیندستانەوە، ئەم لێخۆشبوونە بژاردەی نوێ دەخاتە بەردەم وڵاتەکە، بەڵام خێرایی کڕینەکە خاڵی سەرەکی دەبێت. هیندستان مێژوویەکی درێژی هەیە وەک کڕیارێکی گەورەی نەوتی ئێران و لە کاتی لووتکەدا نزیکەی ١٠-١٢٪ی هاوردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەی پێکدەهێنا، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩دا هەناردەکە بوەستێت. هەرچەندە پاڵاوگەکان توانای تەواوی تەکنیکییان هەیە بۆ پاڵاوتنی جۆرەکانی نەوتی ئێران، بەڵام لە ئێستادا سەرچاوەی سەرەکییان زیاتر نەوتی ڕووسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. سەرچاوەکانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن کە پاڵاوگە هیندییەکان پێشوەختە قەبارەیەکی زۆری نەوتی ڕووسیایان بۆ مانگی نیسان دابین کردووە (نزیکەی ١.٨ بۆ ٢.٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا).

​لە هەمان کاتدا، پاڵاوگە هیندییەکان لە ئێستادا بە بەرزترین توانای خۆیان کار دەکەن، ئەمەش بەشێکی بەهۆی پێداویستی دابینکردنی غازی شلی ناوخۆیی (LPG) و ئاسایشی سووتەمەنییە، کە وایکردووە خواستی گشتی لەسەر نەوتی خاو بە جێگیری بمێنێتەوە.

​لە کاتێکی وادا، بەردەستبوونی بارە نەوتەکانی ئێران لە دەریادا نەرمییەکی زیاتر بە سەرچاوەکانی دابینکردنی نەوت دەبەخشێت، بەتایبەت ئەگەر پەککەوتنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا بەردەوام بێت. کڕیارە هیندییەکان ڕەنگە ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ دابینکردنی ئەم بارە نەوتانە تاوەکو دڵنیابن لە بەردەستبوونی ماددەی خاو و جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانیان، کە پێدەچێت بگاتە ١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

​بەڵام، شێوازی نرخاندن و پێوەرەکانی نرخ (Benchmarks) وەک خاڵی سەرەکی دەمێننەوە. لە ڕابردوودا هیندستان نەوتی ئێرانی بەپێی نرخەکانی پەیوەست بە دوبەی و عومان دەکڕی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا پێوەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شێواون، ئەمە ڕەنگە سەرنجڕاکێشیی کڕینەکە کەم بکاتەوە. لەبەر ئەوە، پێدەچێت حەز و ویستەکە زیاتر بەرەو ئەو بارە نەوتانە بڕوات کە بەپێی نرخی برنت دیاری دەکرێن، یاخود ئەوەی نرخی ئێرانییەکان بە ڕادەیەکی پێویست ڕکابەرانە بێت.

هەناردەی نەوتی خاو و چڕبووەوەکانی (Condensate) ئێران بەپێی شوێنی گەشتن، هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا (kbd)- سەرچاوە: کپلەر


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.