پاڵاوگە هیندییەکان دوای لادانی سزاکانی ئەمریکا  چاویان لە کڕینی نەوتی ئێرانە

نەوتی ئێران 2026-03-21 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

بازرگانان ئەمڕۆ ڕایانگەیاند کە پاڵاوگە هیندییەکان پلانیان هەیە دەست بکەنەوە بە کڕینی نەوتی ئێران، لە هەمان کاتدا کۆمپانیاکانی پاڵاوتن لە ناوچەکانی تری ئاسیا تاوتوێی هەنگاوێکی هاوشێوە دەکەن دوای ئەوەی واشنتۆن بە شێوەیەکی کاتی سزاکانی هەڵگرت بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی وزە کە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دروست بووە.

سێ سەرچاوە لە کەرتی پاڵاوتنی هیندستان بە ئاژانسی “ڕۆیتەرز”یان ڕاگەیاندووە کە پاڵاوگەکان نەوتی ئێران دەکڕن و چاوەڕێی ڕێنمایییەکانی حکومەت و ڕوونکردنەوەی واشنتۆن دەکەن سەبارەت بە وردەکارییەکان وەک مەرجەکانی پێدانی پارە.

کۆمپانیاکانی پاڵاوتن لە هیندستان، کە کۆگای نەوتی خاویان زۆر کەمترە لە هاوردەکارە گەورەکانی تری ئاسیا، پەلەیان کرد لە کڕینی نەوتی ڕووسی دوای ئەوەی ئەمریکا بەم دواییانە سزاکانی بە شێوەیەکی کاتی هەڵگرت. تا ئێستا نەتوانراوە پەیوەندی بە حکومەتی هیندستانەوە بکرێت بۆ لێدوان بەهۆی ئەوەی کاتی دەوامی فەرمی نییە.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایانگەیاندووە کە کۆمپانیاکانی تری پاڵاوتنی ئاسیا خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەتوانن نەوت بکڕن یان نا.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دوێنێ هەینی لێخۆشبوونێکی ٣٠ ڕۆژەی لە سزاکان دەرکردووە بۆ کڕینی ئەو نەوتە ئێرانییەی کە ئێستا لەناو دەریادایە.

ئێران: لە ئێستادا هیچ نەوتێکی زیادەمان نییە بۆ خستنەڕوو لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی ئێران ڕایگەیاند کە لە ئێستادا هیچ نەوتێکی زیادە نییە بۆ ئەوەی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی تردا بخرێتە ڕوو.

وەزارەتی نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە کە دۆخی داهاتی دراوی بیانی بەهۆی هەناردەکردنی نەوت “زۆر باشە”، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەک کە تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردووەتەوە.

هەروەها وەزارەتەکە وتی: “بەشێک لەو دراوەی کە لە هەناردەکردنی نەوتەوە دەستکەوتووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەڕاوەتەوە بۆ وڵات، زیاترە لە ئاستی ئاسایی و خراوەتە سەر یەدەگی نەختینەیی وڵات.”

کۆگای نەوتی ئێران

کۆمەڵێک داتا لە هەردوو کۆمپانیای “کێپلەر” و “ڤۆرتێکسا”وە دەریانخستووە کە ئێران تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دا بڕێکی بێپێشینە لە نەوتی لەناو دەریادا کۆگاکردووە، کە یەکسانە بە بەرهەمهێنانی نزیکەی ٥٠ ڕۆژ؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کڕینی نەوت لەلایەن چینەوە بەهۆی سزاکانەوە کەمی کردووە و تاران هەوڵ دەدات دابینکردنی نەوتەکەی لە مەترسی لێدانەکانی ئەمریکا بپارێزێت.

​کۆمپانیای “کێپلەر” کە تایبەتە بە داتاکانی گواستنەوەی دەریایی، ڕایگەیاندووە کە بڕی نەوتی خاو و چڕکراوەی (condensate) ئێران، چ لەناو ئەو تانکەرانەی لە ڕێگادان یان لەناو کەشتییە کۆگاکارە سەرئاوکەوتووەکاندا، گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی بەرز کە ١٦٦ ملیۆن بەرمیلە لەو هەفتەیەی کە لە ١١ی کانوونی دووەمدا کۆتایی هاتووە. کۆمپانیای کێپلەر خاوەنی داتایە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٦ دەگەڕێتەوە.

​هەروەها داتاکانی شرۆڤەکارانی بواری گواستنەوە لە کۆمپانیای “ڤۆرتێکسا” مەزەندەی ئەوە دەکەن کە قەبارەی کۆگاکراوەکان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی بەرز کە ١٧٠ ملیۆن بەرمیلە.

 


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.