بڕی هەناردەی نەوت و داهاتی بەدەستهاتووی عێراق بۆ مانگی شوبات
روونبین
لە راگەیەندراوێکدا رۆژی سێ شەممە ٢٦ی ئازار وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردەی نەوت و داهاتی بەدەستهاتووی بۆ مانگی شوبات ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ئامارەی لە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە دەرچووە، تێیدا بڕی هەناردەی نەوتی خاو بە کۆندێنسەیتەوە گەیشتووەتە (٩٩) ملیۆن و (٨٧٢) هەزار و (٢٢٠) بەرمیل، بە داهاتێک کە گەیشتووەتە زیاتر لە (٦) ملیار و (٨١٤) ملیۆن و (٥٨٥) هەزار دۆلار. بەم پێیە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانە بریتی بووە لە ٣,٥٦٦,٨٦٥ بەرمیل.
ئامارەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی شوباتی ڕابردوو بەپێی دابەشبوونی هەناردە بەپێی ناوچەکان بەم شێوەیە بووە:
نەوتی ناوەڕاست و باشوری عێراق: وەک هەمیشە پشکی شێری بەرکەوتووە بە هەناردەکردنی ٩٣,٣٤٩,٤٨٠ بەرمیل، کە دەکاتە تێکڕای ٣,٣٣٣,٩١٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
نەوتی هەرێمی کوردستان: بڕی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی هەرێمەوە گەیشتووەتە ٥,٥٥١,٦١٠ بەرمیل، بە تێکڕای ڕۆژانەی ١٩٨,٢٧١ بەرمیل.
نەوتی باکوور (گەیارە): بڕی ٩٧١,١٣٠ بەرمیلی لێ هەناردە کراوە، کە تێکڕای ڕۆژانەکەی بریتی بووە لە ٣٤,٦٨٣ بەرمیل.
