ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چۆن دەتوانێت دەست بەسەر دوورگەی خارگی ئێراندا بگرێت؟
روونبين
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە هێز بنێرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی تێرمیناڵی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە دوورگەی خارگ لە باکووری کەنداو. ئەی چی لە پشت ئەمەوەیە، چۆن دەکرێت و مەترسییەکانی چین؟
دوورگەی خارگ مێژوویەکی درێژە وەک دەروازەی سەرەکی ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوت دادەنرێت. دوورگەکە لە کەناراوەکانەوە دوورە و ئاوەکەی ئەوەندە قووڵە کە ڕێگە دەدات بەرهەمەکان باربکرێنە سەر تانکەرە زەبەلاحەکان (VLCCs)، کە دەتوانن نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەڵبگرن. نزیکەی 90%ی هەناردەی نەوتی ئێران بە خارگدا تێدەپەڕێت.
لە کاتی جەنگی ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەم دوورگەیە چەندین جار لەلایەن هێزی ئاسمانی عێراقەوە بۆردومان کرا، و لە 13ی ئازاری ئەمساڵیشدا ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئەوەی کە وتی 90 ئامانجی سەربازییە لەسەر دوورگەکە. بەڵام ژێرخانی نەوتییەکەی پاراست و زیانی پێنەگەیاند.
ئەگەر ئەمریکا بڕیاری داگیرکردنی دوورگەی خارگ بدات، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەنگاوێکی کاتی دەبێت بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ئێران لە ڕێگەی بڕینی هەناردەی سووتەمەنییەکەی، تا ئەو کاتەی ئێران دەستبەرداری گەمارۆکانی سەر گەرووی هورمز دەبێت و مل بۆ داواکارییەکانی واشنتۆن کەچ دەکات.
بە لەبەرچاوگرتنی خۆڕاگری و بەرهەڵستی ڕژێمی ئێران، زۆر جێی گومانە کە ئایا ئەمە سەردەگرێت یان نا.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری داوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی “ئاگر بەسەر هەر هێزی داگیرکەری ئەمریکادا دەبارێنن”. پێدەچێت ئێران بەرگرییەکانی لە دوورگەکە بەهێز کردبێت، لەوانەش بە پاترییەکانی موشەکی زەوی بۆ ئاسمان.
هەروەها ئێران ئەمریکای بە دووڕوویی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە هەمان کاتدا کە پێشنیاری گفتوگۆی ئاشتی دەکات، هێز دەنێرێتە ناوچەکە. ئەم هێزانە پێکهاتوون لە نزیکەی 5,000 سەربازی مارینزی ئەمریکی و نزیکەی 2,000 هێزی پەڕەشوت لە فیرقەی 82ی ئاسمانی.
ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی دەنگۆیەکی بەرفراوان کە ڕەنگە یەکێک لەو هێزانە یان هەردووکیان بۆ گرتنی خارگ بەکاربهێنرێن.
لە تیۆریدا، هێزەکانی پەڕەشوت دەتوانن هێرشێکی ئاسمانی ئەنجام بدەن، پێدەچێت لە شەودا بێت، بۆ گرتنی شوێنە سەرەکییەکانی ئەم دوورگە بچووکە کە ڕووبەرەکەی تەنها 20 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

مارینزەکانی ئەمریکا لەو کەشتییانەوە بڵاوەیان پێدەکرێت کە فڕۆکەی “ئۆسپری” و بەلەمە خێراکان (LCAC)یان پێیە بۆ ئەنجامدانی نیشتنەوەی وشکانی. بەڵام سەرەتا دەبێت ئەو کەشتییانە بەناو گەرووی هورمزدا تێپەڕن کە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە، پاشان بە درێژایی کەنداو گەشت بکەن و بەلای چەندین شوێنی شاراوەی هەڵدانی درۆن و موشەکی ئێراندا بڕۆن.
هەر نیشتنەوەیەک، چ بە ئاسمان بێت یان بە دەریا، چاوەڕوان دەکرێت ڕووبەڕووی مینی دژە کەس و کۆمەڵە درۆن ببێتەوە. هێزی شەڕکەری ئەم یەکانەی مارینز (MEUs) ئەوەندە گەورەیە کە بە دڵنیاییەوە هێزە ئەمریکییەکە سەردەکەوێت، بەڵام ڕەنگە لە بەرانبەردا ژمارەیەکی زۆر قوربانی بدەن.
پاشان ئەمریکا ڕووبەڕووی کێشەی پاراستنی زەوییەکە دەبێتەوە بۆ ماوەیەکی نادیار، لە کاتێکدا لە ژێر بۆردومانی زەمینی سەرەکی ئێراندایە.
نموونەیەکی هاوشێوەی ئەمە “دوورگەی مار”ە لە دەریای ڕەش، کە ڕووسیا لە سەرەتای دەسپێکردنی هێرشە گەورەکەی لە شوباتی 2022دا دەستی بەسەردا گرت، بەڵام دواتر بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی زەمینی ئۆکرانیاوە ناچار بوو لێی پاشەکشە بکات.
هەر داگیرکارییەکی درێژخایەنی خاکی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، لە ناوخۆی ئەمریکاشدا ناپەسند دەبێت، تەنانەت لای هەندێک لە لایەنگرانی سەرۆک ترەمپ کە بەشێکیان بەهۆی بەڵێنی “نەچوونە ناو ئەم جۆرە ململانێیانە بۆ جارێکی تر” دەنگیان پێداوە.
لەکۆتاییدا، شایەنی باسە کە ئەوەندە دەنگەدەنگ و قسەوباس دەربارەی هێرشی پیادەی ئەمریکا بۆ سەر خارگ کراوە، کە ڕەنگە هەمووی بەشێک بێت لە پلانێکی چەواشەکاری.
هیچ گومانێک لە بایەخی ستراتیژی ئەم دوورگەیە بۆ ئێران و سوپای پاسداران نییە.
بەڵام دوورگەی تریش لە کەنداودا هەن کە ڕەنگە چاوی ئەمریکای لەسەر بن. لەوانە دوورگەی “لاراک” کە ڕێک لە کەناراوەکانی بەندەری عەباس و لەسەر گەرووی هورمزە. لە ئێستادا ئێران هەموو تانکەرەکان ناچار دەکات بەلای ئەم دوورگەیەدا بڕۆن بۆ پشکنین و دەوترێت بڕی 2 ملیۆن دۆلار لە هەر کەشتییەک وەردەگرێت بۆ تێپەڕبوون.
پاشان دوورگەی “قێشم” هەیە کە گەورەترین دوورگەی کەنداوە و 75 جار لە خارگ گەورەترە، کە گومان دەکرێت ئێران بنکەی ژێرزەمینیی موشەک و درۆنی لێ شاردبێتەوە.
هەروەها سێ دوورگەی (ئەبوموسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک) هەن کە کێشەی خاوەندارێتییان لە نێوان ئێران و ئیماراتدایە، بەڵام هەموویان لەلایەن ئێرانەوە داگیرکراون.
ئەم دوورگانە پێکەوە قەڵغانێکی پارێزەر بۆ ئێران دروست دەکەن کە دەتوانێت هەڕەشە لە کەشتیوانی بکات و سوودێکی جوگرافی بە ئێران ببەخشێت کە تا ڕادەیەکی زۆر هاوسەنگی بەرانبەر بە هێزی سەربازیی باڵای ئەمریکا دروست دەکات.
پاشان، ئەگەری ئەوە هەیە هیچ کام لەمانە ڕوونەدەن.
لە هەمان کاتدا کە هێزی زیاتر دەنێرێت و ئاماژە بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەکات، ترەمپ ڕۆژی دووشەممە دووبارە وتی کە ئەمریکا لە “گفتوگۆی جددی”دایە لەگەڵ ئێران، کە دەکرێت “کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان بهێنێت”.
لەکاتێکدا دەچینە هەفتەی پێنجەمی جەنگەوە، لێدوانە گشتییەکانی ترەمپ سەرەداوی کەم دەدەن بەدەستەوە لەسەر ئەوەی هەنگاوی گەورەی داهاتووی چی دەبێت.
بەڵام گەیشتن بە “ڕێککەوتن”، کە زۆر کەس گومان دەکەن سەرۆک ترەمپ زیاتر لە ئێرانییەکان پەرۆشی بێت بۆی، پێویستی بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیە هەیە کە لە ئێستادا لە نێوان هەڵوێستەکانی ئەمریکا و ئێراندایە.
راپۆرتی بی بی سی BBC