بەڕێوەبەری سۆمۆ: داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاردا نزیکەی ٢ ملیار دۆلار بووە کە دەکاتە رێژەی ٢٨٪ی مانگی شوبات

2026-04-02 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

لە سایەی هەڵکشانی گرژییە ناوچەییەکان و ئەو هەڕەشانەی بەرۆکی هاتوچۆی دەریایییان لە کەنداودا گرتووە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) لە دیدارێکدا وردەکارییەکانی بەڕێوەبردنی تەنگژەی هەناردەکردنی نەوتی لەلایەن عێراقەوە ئاشکرا کرد، و جەختی لە توانای وڵات کردەوە بۆ پاراستنی ڕەوتی هەناردەکردن سەرەڕای ئاڵانگارییە ئەمنی و لۆجستییەکان.

بەڕێوەبەری گشتی ڕوونی کردەوە کە هەڕەشەکانی داخستنی گەرووی هورمز لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگەکەوە دەستی پێکرد، ئەمەش ترسی لای کۆمپانیاکانی گواستنەوە و خاوەن کەشتییەکان دروستکرد لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هێرش. ئاماژەی بەوەش کرد کە “سۆمۆ” دەستپێشخەری کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێشوەختە لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ کڕیاران و زیادکردنی ژمارەی کەشتییەکان لە ناوچەکانی چاوەڕوانی لە نزیک بەندەرەکانی باشوور، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەردەوامی پڕۆسەکانی بارکردن بۆ درێژترین ماوەی گونجاو.

سەرەڕای ئەو تەمومژەی دەربارەی داهاتووی ململانێکان هەیە، جەختی کردەوە کە عێراق توانیویەتی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە تاوەکو ٨ی ئازار بەردەوام بێت لە هەناردەکردن، و ئاستێکی باشی تۆمارکردووە بەراورد بە وڵاتانی تری کەنداو کە هەناردەکردنیان دەستبەجێ لەگەڵ دەستپێکی تەنگژەکەدا وەستا.

هەروەها ڕایگەیاند لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا، هێڵی هەناردەکردنی باکوور بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووبارە کارا کراوەتەوە، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە تا دەگاتە بەندەری جیهان.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دەستکەوتە بە هەوڵی هاوبەشی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکانی تر بەدی هاتووە، بە جۆرێک بڕێک لە نەوتی بەسرە ڕەوانەی پاڵاوگەکانی باکوور کراوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، ئەمەش وایکردووە بڕێکی زیاتر لە نەوتی کەرکوک بۆ هەناردەکردن بەردەست بێت.

بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوە کرد کە نەوتی کەرکوک خاوەن کوالیتییەکی مامناوەند بە لای سووکی هەیە، ئەمەش وای کردووە لە بازاڕە جیهانییەکاندا داواکاری زۆری لەسەر بێت، بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمریکا.

بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ وتی؛ کۆی هەناردەکردن لە مانگی ئازاردا گەیشتە نزیکەی ١٨ ملیۆن بەرمیل، کە داهاتەکەی گەیشتە نزیکەی ٢٨٪ بەراورد بە مانگی شوبات (پێش دەستپێکردنی تەنگژەکە).

کارەکان لە دوای بڕیاری ژمارە ١٢٠ی ساڵی ٢٠٢٦ی ئەنجومەنی وەزیران دەستیان پێکرد، کە ڕێکاری نائاسایی بۆ کردنەوەی دەروازەی هەناردەی وشکانی و زیادکردنی هەناردە لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە پەسەند کرد. وەزارەتی نەوت دەستی کرد بە وەرگرتنی داواکاری لە کۆمپانیا عێراقی و بیانییەکان بۆ سوودوەرگرتن لە تەنکەرە (حەوزی) بەردەستەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ (سووریا و ئەردەن).

​بۆ شارەزایان شاراوە نییە کە بارکردن بە تەنکەر ناگاتە ئاستی بۆرییەکان لە ڕووی کاراییەوە؛ چونکە بۆرییەکان پێویستیان بە ڕێپێدانی ئەمنی یان گومرگی ئاڵۆز نییە و پەستانیان جێگیرە، لە کاتێکدا تەنکەرەکان پێویستیان بە ئامادەکاری لۆجستی تایبەت هەیە (وەک شەممەی بارکردن و پەمپەکان). بەڵام ئێمە ئەمڕۆ نەوتی کەرکوک بە نرخێکی زیادە (Premium) دەفرۆشین چونکە بازاڕی ئەوروپا تینووە، و سۆمۆ ئەم هەلە بۆ وەبەرهێنان لەدەست نادات

ئەل شەتری وتی، ئێستا لە شانەی بەڕێوەبردنی تەنگژەکاندا، لەپێشینەی کارەکانمان ساغکردنەوەی بەرهەمە نەوتییە زیادەکانە (نەوتی ڕەش) بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کاری پاڵاوگەکان و گەیشتن بە خۆبژێوی، بەتایبەت بەرهەمی ‘گاز’ کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێویستە، تاوەکو قەرەبووی ئەو کورتهێنانەی گاز بکرێتەوە کە بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە دروست دەبێت.

ئاماژەی بەوەش دا کە بۆرییە کۆنەکەی کەرکوک- تورکیا  کە بەهۆی کارە تیرۆریستییەکانی پێشووەوە زیانی پێگەیشتبوو، پرۆسەیەکی نۆژەنکردنەوەی چڕی بۆ ئەنجامدرا. ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی تەواوبوونی بنیاتنان و چاککردنەوە، و لە ئێستادا پشکنینی هایدرۆستاتیکی (پەستانی ئاو)ی بۆ دەکرێت. کەمتر لە ٢٠٠ کیلۆمەتر ماوە بۆ تەواوبوونی پشکنینەکە، و وەزارەتنزیکە لەوەی لە ماوەی دوو بۆ چوار ڕۆژدا تەواوبوونی ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی دەست بە ناردنی نەوتی کەرکوک بکرێت لەو ڕێگەیەوە.

سەبارەت بە ڕێگە جێگرەوەکانی تریش، لیژنەکانمان کار لەسەر پڕۆژەی بۆری عێراق-سووریا و گەیشتن بە بەندەرەکانی لوبنان (تەرابلوس) دەکەن. بژاردەی وشکانی بە تەنکەر تێچووی زۆرە و کاریگەری لەسەر ژێرخان هەیە، بۆیە تەنها وەک بژاردەی کاتی تەنگژە بەکاردێت.

بەڕێوەبەری سۆمۆ وتی, کردنەوەی دەروازەکانی سووریا و ئەردەن کە بۆ چەندین دەیە داخرابوون لە ماوەیەکی پێوانەییدا، بە خۆی دەستکەوتێکە. ئەمە بە هەماهەنگییەکی بەرزی سەرۆکایەتی وەزیران، وەزارەتی نەوت، سەرکردایەتی ئەمنی و گومرگ ئەنجامدرا. دوێنێ یەکەمین تەنکەرەکان لە پاڵاوگەکانی شەعیبە، دۆرە و بێجی دەرچوون و ئەمڕۆ بە سەلامەتی تەواوەوە گەیشتنە بەندەر و کۆگاکانی سووریا.

هەروەها وتی ، داوا لە هەموو کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەکەین داواکاری پێشکەش بکەن بۆ زیادکردنی بڕی بارکردن. ئەمڕۆ سۆمۆ گرێبەستێکی بۆ بارکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا واژۆ کرد بۆ گواستنەوەی نەوتی مامناوەندی بەسرە ڕاستەوخۆ لە بەندەرەکانی باشوورەوە و لە ڕێگەی سنووری سووریاوە بۆ دەریای ناوەڕاست و ئەوروپا. ئەم ڕێگەیە ئەگەری هەیە تا دوای تەنگژەکەش بە مەرجی نرخی نوێ بەردەوام بێت.

ئاماژەشی بەوەکرد کە حکومەتی سووریا و کۆمپانیای نەوتی سووریا ئاسانکاری زۆریان پێشکەش کردووە لە ڕووی پاراستنی ئەمنی و دابینکردنی کۆگا لە بەندەری بانیاس. نووسینگەیەکی سۆمۆ و نەوتی باکوور لەوێ دابین دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان و خشتەکردنی تەکەرەکان. تەنگژەکان بە ئازارن بەڵام بۆ بنیاتنانی پلانی درێژخایەن وەبەرهێنانیان تێدا دەکرێت.

سەبارەت بە هەناردەی نەوتی کەرکوک وتی، تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بە ١٧٠ هەزار بەرمیل دەستی پێکرد و بۆ ٢٠٠ هەزار زیادی کرد، ئێستاش لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار بەرمیلدایە لە ڕۆژێکدا. هیوادارین لەگەڵ باشبوونی دۆخی ئەمنی لە کێڵگەکانی هەرێمدا، هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆریی تورکیاوە بگاتە ٤٠٠ بۆ ٤٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەمەش هێزێکی دانوستاندن دەستەبەر دەکات بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەی عێراق-تورکیا، کە لە تەمموزی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی “سۆمۆ” دووپاتی کردەوە کە کۆی داهاتی نەوت لە مانگی ئازاردا  گەیشتووەتە زیاتر لە ١.٩ ملیار دۆلار، ئەمەش داهاتێکی نایابە بۆ دەوڵەت و بۆ دابینکردنی بودجەی کۆمپانیا نەوتییەکان و وەزارەتی دارایی.