ئێران چۆن هورمزی کردە ڕێگایەکی سەرانەوەرگرتن

گەرووی هورمز 2026-04-02 لە لایەن روونبیین
شیکردنەوە

روونبين

سوپای پاسداران بڕی تا ٢ ملیۆن دۆلار لە کەشتییەکان وەردەگرێت بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا. لیژنەیەکی پەرلەمانی ئێران  رۆژی دوو شەممە  دەنگی دا بە یاساییکردنی ئەم باجانە، کە داهاتێکی زۆری لە کاتی جەنگدا بۆ دابین دەکات.

گرانترین ڕێگای سەرانە (باج) وەرگرتنی جیهان بە ناو ئاودا تێدەپەڕێت.
مانگێک دوای دەستپێکردنی جەنگ، ئێران گەرووی هورمزی گۆڕیوە بۆ شتێک کە کەس پێشبینی نەدەکرد: سەرچاوەیەکی گەورەی داهات.
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ڕێڕەوێکی کەشتیوانیی کۆنترۆڵکراو لە نێوان دوورگەکانی قیشم و لارەک بەڕێوەدەبات، کە زۆر نزیکە لە کەناراوەکانی ئێران.

ئەو کەشتیانەی دەیانەوێت تێپەڕبن، دەبێت لیستی بارەکان، لیستی ستاف و وردەکاریی شوێنی گەشتن بدەنە دەست نێوەندگیرە پەیوەندیدارەکان بە سوپای پاسداران. ئەو کەشتیانەی ڕەزامەندییان بۆ دەردەچێت، کۆدێکی ڕێپێدان، بەلەمێکی پاسەوان و پەیوەندییەکی ڕادیۆیی VHF لەلایەن فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانەوەیان پێدەگات لە کاتی تێپەڕبووندا.
هەندێکیان ٢ ملیۆن دۆلار بۆ هەر تێپەڕبوونێک دەدەن. باجەکەش بە یوانی چینی یەکلایی دەکرێتەوە.

کێ تێدەپەڕێت و کێ تێناپەڕێت؟

ئێران جیهانی کردووە بە دوو بەرەوە. ئەو کەشتیانەی پەیوەندییان بە چین، ڕووسیا، هیندستان، پاکستان، عێراق و بەنگلادیشەوە هەیە دەتوانن تێپەڕبن؛ هەندێکیان بە خۆڕایی و هەندێکی تریان بە پارە. تانکەرە گازییەکانی هیندستان بەبێ بەرامبەر تێپەڕین، وەک ئاماژەیەکی دیپلۆماسی. هەروەها کەشتییەکانی مالیزیا، میسر و کۆریای باشووریش تێپەڕیون. ئەوانی تر هەموویان چاوەڕێ دەکەن.

بەگوێرەی کەناڵی جەزیرە، تا کۆتایی مانگی ئازار نزیکەی ٢,٠٠٠ کەشتی لە دەرەوەی گەرووەکە گیریان خواردووە. بەپێی داتاکانی لۆید. لیست (Lloyd’s List): لە نێوان ١ بۆ ٢٥ی ئازار تەنها ١٤٢ تێپەڕبوون لە هورمز تۆمارکراوە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٢٦٥٢ تێپەڕبوون هەبووە. ئەمە بەواتای داڕمانی ٩٥٪ی هاتوچۆ دێت لەو خاڵە ستراتیژییەی کە لە کاتی ئاسایدا  ٢٠٪ی نەوت و گازی سروشتیی شلکراوەی (LNG) جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت.

پەرلەمان کردی بە یاسا

پەرلەمانی ئێران دەنگی دا بۆ فەرمیکردنی ئەم سەرانانە و یاساکەی وەک دانپێدانان بە “سەروەری، باڵادەستی و سەرپەرشتی” تاران بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییەدا وەسف کرد. ئەم یاسایە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ئەو کارانە دانا کە سوپای پاسداران لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە بە شێوەیەکی نافەرمی ئەنجامی دەدان.

 داهاتەکە شتێک نییە پشتگوێ بخرێت. بڕی ٢ ملیۆن دۆلار بۆ هەر تانکەرێک، بەمانای ئەوە دێت  تەنها لە هاتوچۆی نەوت دەتوانێت ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار داهات دەست بخات. ئەگەر کەشتییەکانی گازی سروشتی و کەشتییە بازرگانییەکانی تریشی بخەیتە سەر، CNN مەزەندەی کردووە کە ئێران دەتوانێت مانگانە ٦٠٠ بۆ ٨٠٠ ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە. ئەمە پارەیەکی زۆرە بۆ وڵاتێک کە لە ژێر سزای قورسدایە و لە ناو جەنگدایە.
عەلادین بروجردی، پەرلەمانتاری ئێرانی بە ڕاشکاوی وتی: “جەنگ تێچووی هەیە. سروشتییە کە دەبێت تێچووی تێپەڕبوون لەو کەشتیانە وەربگرین کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.”

ململانێیەکی یاسایی کە کەس ناتوانێت جێبەجێی بکات

ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو (GCC) ئەم باجانەی بە نایاسایی ناوبرد و ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (UNCLOS) کرد. ئەم ڕێککەوتننامەیە مافی تێپەڕبوونی ئازاد لە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا گرەنتی دەکات، واتە کەشتییەکان دەتوانن بەبێدانی پارە یان وەرگرتنی مۆڵەت تێپەڕبن.

وەڵامی تاران سادەیە: ئێران لە ساڵی ١٩٨٢دا ڕێککەوتننامەی UNCLOSی واژۆ کردووە بەڵام هەرگیز پەسەندی نەکردووە. بەرپرسان دەڵێن یاساکانی تێپەڕبوون لەو پەیماننامەیەدا پابەندیان ناکات.
سولتان ئەلجابر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ADNOC، لەوە  زیاتری وت و ئەم سنووردارکردنانەی بە “تیرۆری ئابووری” ناوبرد.

بەڵام مشتومڕە یاساییەکان ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی ناکەنەوە. لەکاتێکدا هێزی دەریایی ئەمریکا سەرنجی لەسەر ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانە نەک پاراستنی کەشتییەکان، کەس نییە ئازادیی کەشتیوانی لە خاڵەکانی پشکنینی سوپای پاسداران بسەپێنێت.

کاریگەری لەسەر نرخەکان

ڕۆژی پێنج شەممە نرخی نەوتی برێنت لە سەروو ١٠٩ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرێت. بەرزبونەوەی نرخەکان ڕەنگدانەوەی  لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکایە کە شەوی ڕابردوورایگەیاند کە شەڕ بۆ چەند هەفتەیەکی تر بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا ڕۆژی سێ شەممە و چوار شەممە نرخی نەوت دابەزی بوو ئەویش بە هۆی ئەو گرەوانەبوو  کە دەوترا مۆڵەتەکەی ترەمپ بۆ ئێران ( تا ٦ی نیسانە) بۆ کردنەوەی گەرووەکە. بەڵام سیستەمی سەرانەوەرگرتنەکە ئەم گرەوە ئاڵۆز دەکات. ئێستا ئێران هۆکارێکی دارایی هەیە بۆ ئەوەی گەرووەکە بە داخراوی بهێڵێتەوە. هەر هەفتەیەک لە تێپەڕبوونی کەشتی بەپێدانی سەرانە، واتە سەدان ملیۆن دۆلار داهات، لەگەڵ ئەو هەژموونە جیۆپۆلیتیکییەی کە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەوەوە دێت: کە کێ نەوتی دەستبکەوێت و کێ دەستی نەکەوێت.

هەڕەشەکانی حوسییەکان بۆ داخستنی گەرووی باب المندب مەترسییەکان زیادتر دەکات. ئەگەر هەردوو گەرووەکە دابخرێت، نزیکەی ٣٠٪ی بازرگانیی دەریایی نەوتی جیهان دەکەوێتە ناو بازنەی مەترسییەوە.
جارێ بۆ ئێستا، “وەرگرتنی سەرانە” بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەو مەرجانەی کە ئێران دایان ناوە.