نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمەریکا WTI بۆ یەکەمجار لە ماوەی ١٥ ساڵدا زیاترە لە بەرمیلێک نەوتی برێنت

2026-04-03 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

نرخی خاوی ئەمەریکا WTI گەیشتە ١١٢ دۆلار و پێش برێنت کەوت کە ١٠٧ دۆلارە. بازرگانان باجی “دڵنیایی مەترسی” دەدەن بۆ بەرمیلە نەوتەکانی ئەمریکا چونکە پێویستیان بە تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا نییە.


بۆ یەکەمجار لە دوای زیاتر لە ١٥ ساڵ، نرخى یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی زیاترە لە بەرمیلێک نەوتی برێنت.
ڕۆژی پێنجشەممە نرخی نەوتی ئەمەریکا WTI بەرزبووەوە بۆ سەرووی ١١١ دۆلار و پێش برێنت Brent کەوت کە لە دەوروبەری ١٠٧ دۆلار بوو، بەمەش جیاوازییەکی ٣ بۆ ٤ دۆلاری دروستکرد کە مانگێک لەمەوبەر بیرکردنەوە لێی مەحاڵ بوو.

بەیانی ڕۆژی هەینی، WTI بە ١١١.٥٤ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا برێنت لە ١٠٩.٢٤ دۆلاردا جێگیر بوو. هەرچەندە مەوداکە کەمبووەتەوە بەڵام هێشتا پێچەوانەبوونەوەی نرخەکان بەردەوامە.

یۆهانس ڕاوبال، شرۆڤەکاری نەوتی خاو لە دامەزراوەی Kpler دەڵێت: “جیاوازیی نرخی نێوان برێنت و WTI وەرچەرخانێکی تەواوی بەخۆوە بینیوە، بە شێوەیەک کە لە ئێستادا نەوتی WTI بە نرخێکی بەرزتر لە برێنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.”

سیستەمی ئاسایی بازاڕی نەوت پێچەوانە بووەتەوە، هۆکارەکەشی گەرووی هورمزە.

بۆچی هەمیشە برێنت لە پێش بوو؟

بۆ ماوەی ١٥ ساڵ، برێنت بە نرخێکی بەرزتر لە رۆژاوای ئەمەریکا WTI مامەڵەی پێوە دەکرا. لۆژیکەکەی پشتی  سادە بوو؛ برێنت پێوەرێکی دەریاییە و نرخەکەی لەسەر ئەو بەرمیلانە دادەنرێت کە لە دەریای باکوور بار دەکرێن و کڕیاران لە سەرانسەری جیهان دەستیان پێیان دەگات. بەڵام WTI جۆرێکی وشکانییە و لە ڕێگەی بۆرییەوە دەگاتە کۆگاکانی کوشینگ لە ئۆکلاهۆما.

دەستڕاگەیشتنی جیهانی بە برێنت وایکردبوو نرخەکەی بەرزتر بێت. پێش جەنگەکە، برێنت بە شێوەیەکی ئاسایی ٣ بۆ ٥ دۆلار گرانتر بوو لە WTI. لە ١٩ی ئازاردا، ئەو جیاوازییە گەیشتە نزیکەی ١٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەوەش فراوانترین جیاوازی بوو لە دوای ساڵی ٢٠١٢وە، چونکە گەمارۆدانی هورمز زیانی گەورەی بە نرخە دەریاییەکان گەیاند.
دواتر شتێک ڕوویدا کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد؛ جیاوازییەکە نەما، پێچەوانە بووەوە و بەو شێوەیەش بەردەوامە.

چی گۆڕا؟

لەگەڵ کەمبوونەوەی ٩٥٪ی هاتوچۆ بەگەرووی هورمز لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، ئەو بارە نەوتانەی پەیوەستن بە برێنتەوە لە کەنداوی عەرەبی گیریانخواردووە.  نەوتی سعودیە، ئیمارات، کووەیت و عێراق ناتوانن بگەنە دەریای کراوە. نزیکەی ٢٠٪ی نەوتی دەریایی جیهان بەو ناوچە ٢١ میلەدا تێپەڕ دەبێت، کە ئێستا نزیکەی هیچ جوڵەیەکی تێدا نییە.

ئەو کڕیارانەی نەوت کە بەدوای نەوتێکدا دەگەڕێن بە شێوەیەکی کردەیی بگاتە دەستیان، نرخی ئەو نەوتانە بەرز دەکەنەوە کە دەتوانن دەستیان بکەوێت. نەوتی ئەمەریکا  WTI ئەم مەرجەی تێدایە؛ لە ڕێگەی بۆرییەکانی ئەمریکاوە دەگاتە وێستگەکانی هەناردەکردن لە کەناراوەکانی تێکساس و لویزیانا. نە ڕێگری و خاڵی پەککەوتنی هەیە، نە پێویستی بە بەلەمی پاسەوانە و نە باجی ٢ ملیۆن دۆلاری بۆ تێپەڕبوون دەدرێت بە سوپای پاسداران.

بازرگانان ناوی دەنێن “باجی دڵنیایی”. مەسەلەکە ئەوە نییە لەپڕ نەوتی ئەمەریکا  WTI بووبێتە نەوتێکی باشتر، بەڵکو ئەوەیە کە ئەمە ئەو نەوتەیە کە “دەگاتە دەست کڕیار”.
نەوتی “موربان”ی ئەبو زەبیش بە هەمان شێوەیە. بەهۆی ئەوەی کوالێتییەکەی لە WTI نزیکە و لە ڕێگەی وێستگەی فۆجەیرە لەسەر دەریای عومان بار دەکرێت، بە تەواوی گەرووی هورمز دەبڕێت. ئەم نەوتەش لە هەمان کاتدا نزیکەی ١٠٪ بەرزبووەوە. ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەو داواکارییە زۆرەی لەسەر هەر بەرمیلێک هەیە کە لە دەرەوەی ناوچەی ئاڵۆزییەکانە.

گرێ کوێرە تەکنیکییەکە

بەشێک لەم جیاوازییە گەورەیە، پەیوەندی بە میکانیزمی بازاڕ و گرێبەستەکانەوە هەیە. گرێبەستی مانگی داهاتووی WTI گوزارشت لە ڕادەستکردنی مانگی ئایار دەکات، لە کاتێکدا برێنت پێشوەختە گواستراوەتەوە بۆ گرێبەستەکانی مانگی حوزەیران. لە بازاڕێکدا کە تووشی “باکواردەیشن”ی (Backwardation) توند بووە ” واتە ئەو بارە نەوتانەی لە کاتێکی نزیکدا ڕادەست دەکرێن زۆر گرانترن لەوانەی لە داهاتوودا ڕادەست دەکرێن” بەراوردکردنی دوو مانگی جیاواز جیاوازییەکە گەورەتر نیشان دەدات.

​بەڵام هۆکارە تەکنیکییەکان تەنها یەک یان دوو دۆلار لەو جیاوازییە ڕوون دەکەنەوە، نەک سێ یان چوار دۆلار. ئاستی “باکواردەیشن” لە WTI ئەم هەفتەیە گەیشتە ژمارەیەکی پێوانەیی، چونکە بازرگانان ئامادەن پارەیەکی زۆر زیاتر بدەن بۆ ئەو بەرمیلانەی کە “ئێستا” بەردەستن. ئەو پەلەپەل و پێویستییە دەستبەجێیە ڕاستەقینەیە، تەنها پەیوەندی بە کات و مامەڵەی سەر کاغەزەوە نییە

هەناردەی ئەمریکا لە هەڵکشاندایە

نەوتی خاوی ئەمریکی لەپڕ بووەتە داواکراوترین نەوت لەسەر زەوی. بەپێی ئامارەکانی Kpler، پێشبینی دەکرێت هەناردەی ئەمریکا بۆ ئاسیا لە مانگی نیساندا بگاتە ١.٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە مانگی ئازاردا ١.٣ ملیۆن بووە. تەنها چین ڕۆژانە نزیکەی ٧٠٠ هەزار بەرمیل دەبات و کۆریای باشووریش نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل.

وێستگەکانی هەناردەکردن لە کەناراوەکانی کەنداو بەوپەڕی توانای خۆیانەوە کاردەکەن. هەر کۆمپانیایەکی گواستنەوە کە بتوانێت تانکەرێک لە “کۆریپس کریستی” یان “هیوستن” بار بکات، خاوەنی هێزێکی وەهایە لە دیاریکردنی نرخدا کە مێژویەکی درێژە نەبینراوە.

ئەمە چی دەگەیەنێت؟

بۆ کڕیارانی جیهانی، ئەم پێچەوانەبوونەوەیە ئاماژەیەکی ناخۆشە. پێنج هۆکاری مەترسیدار لەم هەفتەیەدا لە بازاڕیان دا، بەڵام بازدانی نەوتی ئەمەریکا  WTI بەسەر برێنتدا هەموو ئەمانە لە یەک خاڵدا کۆدەکاتەوە: سیستەمی گەیاندنی نەوتی جیهانی پەکیکەوتووە.

گرانتربوونی برێنت لە ڕابردوودا ڕەنگدانەوەی تۆڕێکی کارای تانکەرە جیهانییەکان بوو. لەدەستدانی ئەو باڵادەستییەی برێنت واتای ئەوەیە کە ئەو تۆڕە چیتر کارا نییە. ئەگەر گەرووی هورمز لە دوای وادەی دیاریکراوی تڕەمپ لە ٦ی نیسان بە داخراوی بمێنێتەوە، ڕەنگە ئەم هەڵگەڕانەوەی نرخە زیاتر فراوان بێت، چونکە کۆسپەکانی بەردەم دابینکردنی نەوتی فیزیکی زاڵ دەبن بەسەر هەموو ئاماژەکانی تری نرخدا.

پاشخانی مێژوویی

پێش ساڵی ٢٠١١، WTI و برێنت نرخەکانیان لەیەک نزیک بوو، تەنانەت زۆرجار WTI گرانتر بوو. دواتر شۆڕشی “نەوتی شێڵ” لە ئەمریکا وایکرد کۆگاکانی کوشینگ پڕ بن لە نەوت و بەوەش نرخەکەی ٢٠ بۆ ٢٥ دۆلار هەرزانتر لە برێنت. دواتر بۆری نوێ دروستکرا جیاوازییەکە کەم بویەوە، بەڵام برێنت هەر بە گرانتر مایەوە چونکە کڕیارانی جیهان شێوازی گەیاندنی دەریایی و ئاسانی مامەڵەکردنیان پێ باشتر بوو.

ئەم گۆڕانکارییەی ئێستا گەڕانەوە نییە بۆ بارودۆخی ئاسایی کۆن، بەڵکو “باجی قەیرانە” لەسەر تەنها پێوەرێکی سەرەکی کە بۆ گەیشتن بە دەستی کڕیاران پشت بە ناوچەیەکی جەنگ نابەستێت. مانەوەی ئەم دۆخەش تەنها بەستراوەتەوە بە یەک شتەوە: گەرووی هورمز.