میدیای ئێران: عێراق بەخشراوە لەو کۆت و بەندانەی خراونەتە سەر گەرووی هورمز

2026-04-04 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، لە زاری وتەبێژێکی بارەگای خاتەم لئەنبیا  بڵاویکەوە، عێراق بەخشراوە لەو کۆت و بەندانەی خراونەتە سەر گەرووی هورمز.

هەر ئەمڕۆش ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاوی کردەوە کە وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند “گازی ئێران بە تەواوی لە باشوورەوە بڕاوە.”

عێراق نزیکەی ٧٢٪ی داهاتی هەناردەکردنی نەوتەکەی لەدەستداوە لەو کاتەوەی جەنگی ئێران هەڵگیرساوە، ئەوەش بەهۆی داخستنی گەرووی ستراتیژیی هورمز کە نزیکەی پێنج یەکی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ڕابردوودا بۆ ١.٩ ملیار دۆلار، وەک ئەوەی عەلی نزار شە تری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “ئەلشەرق” ئاشکرای کردووە.

هەناردەی نەوتی عێراق پێش جەنگی ئێران ڕۆژانە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل بووە، کە تەنها لە مانگی شوباتی ڕابردوودا داهاتێکی دارایی زیاتر لە ٦.٨ ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا کۆی داهاتەکانی  لە ساڵی ٢٠٢٥دا نزیکەی ٨١ ملیار دۆلار بووە بە هەناردەکردنی زیاتر لە ملیارێک بەرمیل نەوت.