عێراق ڕێپێدانی ئێرانی بۆ تێپەڕبوونی نەوتی عێراقی بە گەرووی هورمزدا پشتڕاست دەکاتەوە
روونبین
عێراق ڕایگەیاند کە ئێران ڕێگەی داوە بە تێپەڕبوونی ئەو تانکەرانەی نەوتی عێراق دەگوازنەوە بە ناو گەرووی هورمزدا، ئەمەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراقی کە لە زاری فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەوە گواستوویەتییەوە.
ئاژانسی “بلومبێرگ” ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند کە تانکەرێکی نەوت کە بارێکی نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو، بە ناو ئەو ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەدا تێپەڕیوە، ئەمەش یەک ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە تاران ڕایگەیاندبوو دراوسێکەی (عێراق) لێخۆشبوونی تایبەتی بۆ بەکارهێنانی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە پێدراوە.
داتاکانی چاودێریکردنی تانکەرەکان کە “بلومبێرگ” کۆی کردوونەتەوە، نیشانی دەدەن کە تانکەرەکە لە جۆری “سوێزماکس”ە و بە ناوی “ئۆشن ساندەر” (Ocean Thunder) ناسراوە، لە سەرەتای مانگی ئازاردا بارەکەی لە وێستگەی بەسرەی عێراقی بارکردووە و ئێستا بەرەو مالیزیا بەڕێوەیە.
ئەم جۆرە تانکەرانە توانای هەڵگرتنی نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەیە. هەروەها ئەو وڵاتە ئاسیایییەش (مالیزیا) لێخۆشبوونی بۆ بەکارهێنانی گەرووەکە پێدراوە، کە تا ئێستا بە ڕووی زۆربەی وڵاتانی تری جیهاندا داخراوە.
داتاکانی چاودێری نیشانی دەدەن کە تانکەری «ئۆشن ساندەر» لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی باکووری تەسکەوە کە بە نێوان هەردوو دوورگەی «لارک» و «قەشم»ی ئێرانیدا تێدەپەڕێت، گەرووەکەی بڕیوە. ئەو تێپەڕبوونانەی کە بەم دواییانە تۆمارکراون، ئاماژە بە بەکارهێنانی ئەم ڕێڕەوە دەکەن کە وادیارە لەلایەن تارانەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە.
چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان هەندێک جار ورد نییە، ئەمەش بەهۆی ئەگەری تێکەڵبوونی ئەلیکترۆنی لەگەڵ ئاماژەکانی کەشتییەکە، یان بەهۆی ئەوەی کاپتنەکان لە کاتی گەشتکردن لە ناوچە مەترسیدارەکاندا بە ئەنقەست ئامێرەکانی پەیوەندی دەکوژێننەوە.
بازرگانانی نەوت لە نزیکەوە و بەوردی چاودێری گەرووەکە دەکەکەن و بەتایبەت لەو کاتەوەی بە کردەیی داخراوە، کەمێک دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتدا هێرشیان کردە سەر کۆماری ئیسلامی. ئەم داخستنە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو و بەرهەمەکانی وەک سوتەمەنی فڕۆکە و دیزڵ، ئەمەش هەڕەشەی زیادکردنی بارگرانی دارایی لەسەر بەکاربەران لە هەموو شوێنێک دەکات.