ئاماری زیانەکانی دامەزراوەکانی وزەی ناوچەکە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە
روونبین – راپۆرتی بلومبێرگ
دوای تێپەڕبوونی پێنج هەفتە بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی ئێراندا. دەیان پاڵاوگە، کێڵگەی نەوتی، دامەزراوەی گاز، بەندەر و ژێرخانەکانی دیکەی وزە بەهۆی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بەرپاکردنی “دۆزەخ”ی لە ئێران کرد لەرێگەی بە ئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەبا و دامەزراوەکانی دیکە ئەگەر گەرووی هورمز نەکرێتەوە. بەڵام تاران ئەم داواکارییانەی ڕەتکردەوە و بەردەوام بوو لە هێرشەکانی لە ناوچەکەدا.
بەو هۆیەوە کۆمەڵگەیەکی گەورەی پێترۆکیمیاوی لە ئیمارات لەکارکەوت، لە کاتێکدا کەرتی نەوتی کوێت ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان بووەوە.
ئەمانەی خوارەوە دیارترین ئەو دامەزراوانەی وزەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەر هێرشەکان کەوتوون یان بەهۆی ململانێکانەوە پەکیان کەوتووە. لە کاتێکدا هەندێکیان دوای وەستانێکی کاتی دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، بەڵام باری کارکردنی هەندێک شوێنی دیکە هێشتا ناڕوونە:
پاڵاوگەکانی نەوت
ڕوەیس، ئیمارات: بەپێی ڕاگەیەندراوی حکومەتی ئەبوزەبی لە ٥ی نیسان، چەندین ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی جیهان کەوتەوە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی موشەکە تێکشکێنراوەکانی بەرگری ئاسمانی.
ڕەئس تەنورە، سعوودیە: کۆمپانیای ئارامکۆ بە شێوەیەکی کاتی کارەکانی لە گەورەترین دامەزراوەی چارەسەرکردنی نەوتی خاو لە شانشینی سعوودیە ڕاگرت -بە توانای ٥٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا- دوای هێرشێکی درۆنی لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگەکەدا. دواتر دامەزراوەکە دەستی بە کارکردن کردەوە.
سامرێف، سعوودیە: لە ١٩ی ئازاردا درۆنێک کەوتە ناو ئەو پاڵاوگەیەی کە کۆمپانیای (Exxon Mobil) خاوەندارێتی نیوەی دەکات.
بابکۆ ئینێرجیز، بەحرەین: دامەزراوەکە کە توانای پاڵاوتنی ٤٠٠ هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا هەیە لە هێرشێکدا زیانی بەرکەوت، و باری “هێزی باڵا” (Force Majeure) بۆ کارە زیانلێکەوتووەکان ڕاگەیەندرا.
کۆمپانیای کەنداو بۆ پیشەسازی پێترۆکیمیاوی، بەحرەین: لە ٥ی نیسان بەهۆی هێرشی درۆنییەوە ئاگر لە هەندێک یەکەی کارکردن کەوتەوە.
کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی کوێت و کۆمپانیای پیشەسازییە پێترۆکیمیاوییەکان: زیانێکی زۆر بە دامەزراوەکان گەیشت، تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگر بوون لە چەندین شوێن، ئەمەش بەپێی ڕاگەیەندراوی دامەزراوەی نەوتی کوێت لە ٥ی نیسان، دوای هێرشەکان بۆ سەر بارەگای سەرەکییان.
بەندەری ئەحمەدی، کوێت: هێرشێکی درۆنی لە ٣ی نیسان بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە چەند یەکەیەکی کارکردن، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو پاڵاوگەکە بۆ دوو ڕۆژ لەسەریەک ڕووبەڕووی هێرش بووەوە و بووە هۆی وەستانی هەندێک یەکە.
بەندەری عەبدوڵا، کوێت: دوای هێرشەکەی ١٩ی ئازار، ئاگری ناو دامەزراوەکە کوژێنرایەوە.
لاناز، عێراق: ئاژانسی “ڕۆیتەرز” لە زاری بەرپرسانی کە ئامادەنەبوون خۆیان ئاشکرا بکەن بڵاویکردەوە، کارەکانی ئەو دامەزراوەیەی کە دەکەوێتە شاری هەولێر لە باکووری وڵات، دوای ئاگرکەوتنەوەیەک بەهۆی هێرشی درۆنییەوە ڕاگیراوە.
دامەزراوەکانی گاز:
ڕەئس لەفان، قەتەر: کۆمپانیای “قەتەر وزە” ڕایگەیاند دامەزراوەکانی گازی سروشتی شل (LNG) ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی ئێران بوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و زیانی زۆر، لەوانەش دامەزراوەی گۆڕینی گاز بۆ شلەی سەر بە کۆمپانیای (Shell). قەتەر وزە باری “هێزی باڵا”ی لەسەر هەندێک گرێبەستی دابینکردنی درێژخایەن ڕاگەیاند.
حەبشان، ئیمارات: ئەبوزەبی کارەکانی لە گەورەترین دامەزراوەی چارەسەرکردنی گازی سروشتی لە وڵاتەکەدا لە ڕۆژی هەینی ڕاگرت، دوای ئەوەی هێرشێک بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە تێیدا.
پارسی باشوور، ئێران: ئیسرائیل لە ١٨ی ئازاردا هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی ئەو کێڵگە گەورەیەی گاز، ئاژانسی “تەسنیم”ی نیمچە فەرمی ڕایگەیاند کە ئاگرکەوتنەوەکان هەندێک یەکەی بەرهەمهێنانیان پەکخستووە.
ئەسفەهان، ئێران: بەپێی ئاژانسی “فارس”ی نیمچە فەرمی، وێستگەیەکی ڕێکخستنی پەستانی گاز و باڵەخانەیەکی کارگێڕی سەر بەو وێستگەیە لەم هەفتەیەدا لە پارێزگای ئەسفەهان لە ناوەڕاستی ئێران، لە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا کراونەتە ئامانج.
شا، ئیمارات: کارەکان ڕاگیران دوای ئەوەی هێرشێکی درۆنی ئێرانی لە ١٦ی ئازاردا بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەو کێڵگە زەبەلاحەی گازی سروشتی.
دوورگەی داس بۆ گازی سروشتی شل، ئیمارات: دامەزراوەکەی ئەبوزەبی لە کەنداوی عەرەبی بە ئاستێکی نزم کار دەکات، بەهۆی نەتوانینی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
کێڵگە نەوتییەکان
مەجنوون، عێراق: وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کێڵگە نەوتییەکە لە باشووری وڵات ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو.
شەیبە، سعوودیە: چەندین جار هەوڵدراوە ئەو کێڵگەیەی ڕۆژهەڵاتی شانشینی سعوودیە -بە توانای یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا- بە درۆن بکرێتە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.
دامەزراوە ئەتۆمییەکان:
بوشەهر، ئێران: ئاژانسی “فارس” ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ٢٧ی ئازاردا تەنێکی تەقەمەنی لە ناو سنووری وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر کەوتووەتە خوارەوە، هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن کە هیچ زیانێک بە هیچ بەشێکی دامەزراوەکە نەگەیشتووە. پێشتریش ئەم دامەزراوەیە ڕووبەڕووی هێرش ببووەوە.
کارگەکانی ئەلەمنیۆم
ئەل تەویلە، ئیمارات: کۆمپانیای “ئیماراتی جیهانی بۆ ئەلەمنیۆم” لە ٢٨ی ئازاردا ڕایگەیاند کە شوێنەکەیان لە ناوچەی پیشەسازی بەندەری خەلیفە لە ئەبوزەبی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە تووشی “زیانی کوشندە” بووە.
ئەلبا، بەحرەین: کۆمپانیای “ئەلەمنیۆمی بەحرەین” ڕایگەیاند کە خەریکی هەڵسەنگاندنی قەبارەی ئەو زیانانەن کە بەهۆی هێرشێکی ئێرانەوە بە دامەزراوەکانیان گەیشتووە.
موبارەکە، ئێران: ئاژانسی “نور”ی فەرمی ئێران لە ٢ی نیسان لە زاری بەیاننامەیەکی کۆمپانیاکەوە بڵاویکردەوە، کۆمپانیای پۆڵای موبارەکە بەرهەمهێنانی بە تەواوی ڕاگرتووە دوای ئەوەی هێرشەکان بوونە هۆی زیان و تێکشکانی یەکە سەرەکییەکان.
بەندەرەکان:
یەنبوع، سعوودیە: کارەکانی بارکردن لە بەندەرە سەرەکییەکەی سەر دەریای سوور لە ١٩ی ئازاردا دوای وەستانێکی کورت بەهۆی هێرشێکی ئێرانەوە دەستیان پێکردەوە. ئەم دامەزراوەیە بووەتە شوێنێکی ستراتیژی بۆ زیادکردنی هەناردەی سعوودیە لە کاتی وەستانی گەرووی هورمزدا.
فوجەیرە، ئیمارات: ئەم بەندەرە گرنگەی دەرەوەی گەرووی هورمز چەندین جار بەهۆی هێرشی درۆنییەوە داخراوە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر ڕەوتی نەوتی خاو و سووتەمەنی.
جەبەل عەلی، ئیمارات: کۆمپانیای “موانئ دبي العالمية” پێشتر وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی کارەکانی لە بەندەری سەرەکی کۆنتەینەرەکان لە دوبەی ڕاگرتبوو.
خۆرفەکان، ئیمارات: لە ٥ی نیسان پاشماوەی موشەکی تێکشکێنراوی بەرگری ئاسمانی لە بەندەرەکە کەوتە خوارەوە و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە، بەڵام دەسەڵاتداران توانییان کۆنترۆڵی بکەن.
سەحار، عومان: کارەکان لە بەندەرەکەدا دەستیان پێکردەوە، دوای ئەوەی ڕاگیرابوون بەهۆی بە ئامانجگرتنی ناوچەکە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە (درۆنەکان).
بەندەری فەحل، عومان: وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ١٢ی ئازاردا دوای داخستنی وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، دەستی بە کارکردن کردەوە.
سەلالە، عومان: بەپێی کۆمپانیای (Inchcape Shipping Services)، بەندەرەکە دوای هێرشێکی ٢٨ی ئازار کارەکانی ڕاگرت. عومان ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە و پاڵنەرەکانی هێرشەکە دەکات، چونکە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی ڕانەگەیاندووە. ئەم شوێنە پێشتریش هێرشی کراوەتە سەر.
خەلیفە بن سەلمان، بەحرەین: یەکەی (APM Terminals)ی سەر بە کۆمپانیای (Maersk) لە ١٢ی ئازاردا ڕایگەیاند کە کارەکانی لە بەندەرەکە ڕاگرتووە.
شەهید حەقانی، ئێران: ئاژانسی “تەسنیم” لە ١ی نیسان ڕایگەیاند کە هێرشە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکان بەندەرەکەیان لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری وڵات، لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج.