عێراق لەماوەی هەفتەیەکدا دەتوانێت ئاستی هەناردەکردنی نەوتی بگەڕێنێتەوە بۆ پێش جەنگەکە

هەناردەی نەوتی عێراق 2026-04-06 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
  • بەرپرسێک: عێراق دەتوانێت لە ماوەی هەفتەیەکدا ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ پێش جەنگ بگەڕێنێتەوە
  • بەڵێنی زارەکی لە ئێرانەوە بۆ ڕێگەی دان بە تێپەڕبوونی تانکەرە نەوتەکانی عێراق بە گەرووی هورمزدا

باسم عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسرەی حکوومی ڕایگەیاند، بەغدا دەتوانێت لە ماوەی هەفتەیەکدا هەناردەی نەوتی خاوبگەڕێنێتەوە  بۆ نزیکەی ٣.٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەو مەرجەی جەنگ لەگەڵ ئێران کۆتایی بێت و گەرووی هورمز دووبارە بکرێتەوە.
شیکارییەکی ئاژانسی “ڕۆیتەرز” دەریخستووە کە عێراق بەدەست گەورەترین دابەزینی داهاتی نەوتەوە دەناڵێنێت لە ناوچەی کەنداو بەهۆی داخرانی کردەیی گەرووەکە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ڕێگەی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی نەوت.
بەڵام عێراق، کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەرە لە ڕێکخراوی ئۆپێک (OPEC)، دەتوانێت بە خێرایی بەرهەمهێنان بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ئاستانەی کە پێش هێرشە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا هەبوو، کە بووە هۆی داخرانی ڕێڕەوە ئاوییەکە.

بەڵێنی زارەکی لە ئێرانەوە

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “ڕۆیتەرز” عەبدولکەریم ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران تا ئێستا تەنها بەڵێنی زارەکی داوە کە ڕێگە بە تانکەرە نەوتییەکانی عێراق دەدات بە گەرووەکەدا تێپەڕن. هەروەها وتیشی کە عێراق هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی لەبارەی ڕێگەپێدانی تێپەڕبوونی تانکەرەکانی وەرنەگرتووە.
هەروەها باسی لەوە کرد کە ئێستا بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق نزیکەی ٩٠٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بەڵام ئەگەر جەنگ کۆتایی بێت و تێپەڕبوونی سەلامەت لە گەرووەکە مسۆگەر بکرێت، هەناردەکردن لە ماوەی هەفتەیەکدا دەگاتە ٣.٤ ملیۆن بەرمیل.
لە لایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردنەوەی دەرگای  “دۆزەخ”ی بەسەر تاران کردووە ئەگەر تا کۆتایی سبەی سێشەممە ڕێککەوتنێک ئەنجام نەدەن کە ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بدات.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.