ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز؛ لە نێوان تێپەڕبوونی کەشتییەکانی قەتەر و هەڕەشەی داخستنەوەی
روونبین
سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، گەرووی هورمز جارێکی تر بووەوە بە چەقی ئاڵۆزییەکان. لە کاتێکدا کەشتییە بازرگانییەکان هەوڵی تێپەڕبوون دەدەن، هەڕەشە سەربازییەکانی ئێران و ئەمریکا ئاسۆی سەقامگیریی ئەم ڕێڕەوە گرنگەی جیهانیان لێڵ کردووە.
تاقیکردنەوەی ئاگربەست بە کەشتییە گازییەکان
داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان ئەمڕۆ شەممە دەریانخستووە کە پێنج کەشتیی پڕ لە گازی سروشتیی شل (LNG) کە لە “ڕەئس لافان”ی قەتەرەوە بەڕێکەوتوون، لە گەرووی هورمز نزیک دەبنەوە، ئەمەش بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی “ڕۆیتەرز”.
ئەگەر ئەم کەشتیانە بتوانن بە سەرکەوتوویی لە گەرووەکە بپەڕنەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم تێپەڕبوونی بارە گازییە سروشتییە شلەکان بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ٢٨ی شوباتدا.
ڕۆژی هەینی، ئێران گەرووەکەی کردەوە کە پێش جەنگ پێنجیەکی بازرگانیی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی، ئەمەش دوای ڕێککەوتنێکی جیای ئاگربەست هات کە ڕۆژی پێنجشەممە بە نێوەندگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان واژۆ کرا. ئەمڕۆ شەممەش کاروانێکی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان خەریکی تێپەڕبوون بوون لە گەرووی هورمز.
پەیامی توندی ئێران و تەقەکردن لە کەشتییەکان
ئەم هەوڵە بۆ تێپەڕبوون لە کاتێکدایە کە دۆخە .مەیدانییەکە بە خێرایی بەرەو تێکچوون دەچێت
سەرچاوە دەریاییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێزی دەریایی ئێران لە ڕێگەی ئامێری بێ تەلەوە پەیامی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان ناردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە “گەرووەکە دووبارە داخراوەتەوە”.
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) پشتڕاستی کردەوە کە دوو بەلەمی سوپای پاسدارانی ئێران لە دووری ٢٠ میلی دەریایی لە عومان، تەقەیان لە نەوتهەڵگرێک و کەشتییەکی بازرگانی کردووە، هەرچەندە ستافی کەشتییەکان سەلامەتن.
جەنگی ئیرادەکان؛ “خاتم الأنبياء” بەرامبەر ترەمپ
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن کە وتەبێژی بارەگای سەربازیی “خاتم الأنبياء”ی ئێران ڕایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆکانی ئەمریکا، تاران دووبارە .کۆنترۆڵی تەواوەتی گەرووەکە دەگرێتە دەست
لەلایەکی تریشەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر بەردەوامیی گەمارۆکان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە تا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاران، فشارەکان کەم ناکەنەوە. ئەم جەنگە ساردەی نێوان واشنتن و تاران، جارێکی تر یەکێک لە گرنگترین شادەمارەکانی وزەی جیهانی خستووەتە ژێر مەترسیی پەککەوتن.