درۆنێکی ئێران لە تێرمیناڵی نەوتی فـوجـەیرەی دا؛ هەڕەشە لە دوایین ڕێڕەوی دەرەوەی هورمز دەکات
روونبین
درۆنێکی ئێرانی لە تێرمیناڵی نەوتی VTTI لە فـوجـەیرەی دا و بووە هۆی زیان گەیاندن بە دوو تانکی کۆگاکردن لە خاڵی کۆتایی ئەو بۆرییەی کە گەرووی هورمز تێدەپەڕێنێت. نرخی خاوی برێنت بۆ سەرووی ١١٣ دۆلار بەرزبووەوە.
ڕێڕەوە لاوەکییەکە چیتر ئارام نییە
ڕۆژی یەکشەممە، درۆنێکی ئێرانی توانی لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیمارات دەربازی بێت و لە تێرمیناڵی نەوتی VTTI فـوجـەیرەی دا، بەهۆیەوە دوو تانکی کۆگاکردن گڕیان گرت و دووکەڵێکی ڕەشی خەست ئاسمانی بەندەرەکەی داپۆشی. تا تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتن، تانکی سێیەمیش بە تەواوی سووتابوو.
فـوجـەیرە تەنها بەندەرێکی ئاسایی کەنداو نییە؛ بەڵکو کەوتووەتە کۆتایی ڕۆژهەڵاتی “بۆری نەوتی خاوی ئەبوزەبی”، کە هێڵێکی گواستنەوەی ١.٥ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا و کێڵگە ناوخۆییەکانی ئەبوزەبی بە کەناراوەکانی دەریای عومان دەبەستێتەوە — بەمەش بە تەواوی گەرووی هورمز تێدەپەڕێنێت. لەو کاتەوەی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا گەرووەکەی داخستووە، ئەو بۆرییە وەک “بیمەی ژیان” بۆ ئیمارات وابووە. تاران ئێستا ئاگری تێبەردا.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، نرخی خاوی برێنت ٥.٤٦ دۆلار بازدانی بەخۆوە بینی و گەیشتە ١١٣.٦٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. خاوی تێکساس (WTI) بە بڕی ٢.٩٢ دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە ١٠٤.٨٦ دۆلار. سەبەتەی ئۆپیکیش گەیشتە ١٢١.١١ دۆلار.
ئەوەی ئێران ئاڕاستەی ئیماراتی کرد
وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاند کە ئێران ١٥ مووشەک و ٤ درۆنی ئاڕاستەی ئامانجەکان لە سەرانسەری وڵاتدا کردووە. بەرگری ئاسمانی توانی سێ لە چوار مووشەکە کرۆزەکە تێکبشکێنێت، چوارەمیان کەوتە ناو دەریاوە. بەڵام لانی کەم یەک درۆن توانی تێپەڕێت و بگاتە تێرمیناڵی VTTI. خاوەن پشکەکانی ئەم دامەزراوەیە پێکهاتوون لە کۆمپانیای ڤیتۆل (Vitol Group) و سندوقی IFM بۆ ژێرخانی جیهانی، کە هەر یەکەو ١٥٪ی پشکەکانیان هەیە، لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئەبوزەبی (ADNOC) کە ١٠٪ی پشکەکانی هەیە.
سێ کرێکاری هیندی لە شوێنی ڕووداوەکە بریندار بوون کە برینەکانیان بە مامناوەند وەسف کراوە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک. سوپای بەریتانیاش بە جیا ڕاپۆرتی دا کە دوو کەشتیی بارهەڵگر لە کەناراوەکانی ئیمارات گڕیان گرتووە.
قوتابخانەکان لە سەرانسەری ئیمارات لە ڕۆژی دووشەممەوە تا پێنجشەممە گۆڕدران بۆ خوێندنی ئۆنلاین (لە دوورەوە). لەکاتێکدا لە کۆتایی مانگی نیساندا، دوای جێگیربوونی ئاگربەست، دەرگاکانیان کردبووەوە.
بۆچی فـوجـەیرە هاوکێشەکە دەگۆڕێت؟
تا ڕۆژی یەکشەممە، فـوجـەیرە وەڵامی ئەو پرسیارە بوو کە لەو کاتەوەی ئێران هورمزی داخستووە، بازرگانانی سەرقاڵ کردبوو: چۆن نەوتی کەنداو دەگاتە ئۆقیانووسە کراوەکان؟
بۆری نەوتی خاوی ئەبوزەبی ڕێک بۆ ئەم سیناریۆیە دروستکرابوو. دوای ئەوەی ئێران گەرووەکەی مینڕێژ کرد و هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی کرد بە پاسەوانیکردنی کەشتییەکان لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ئازادی”، فـوجـەیرە بوو بە سەلامەتترین خاڵی بارکردن لە نیمچە دوورگەی عەرەبی. کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەتوانن لە دیوی دەریای عومان نەوت بار بکەن و بەرەو ڕۆژهەڵات بڕۆن بەبێ ئەوەی گەرووی هورمز بەکاربهێنن .
ئەو هاوکێشەیە ڕۆژی یەکشەممە تێکشکا. ئەگەر ئێران بتوانێت بە تەنها یەک درۆن لە تێرمیناڵەکە بدات، بەهای بۆرییەکە وەک ڕێڕەوێکی جێگرەوە بە توندی دادەبەزێت. خاوەن کەشتییەکان و کۆمپانیاکانی بیمە پێویستیان بەوە دەبێت مەترسییەکی نوێ هەژمار بکەن: بارکردنی نەوت لە فـوجـەیرە لە ژێر هەڕەشەی مووشەکەکانی ئێراندا.
ئیمارات شەش ڕۆژ لەمەوبەر ئۆپیکی جێهێشت
زەحمەتە کاتی هێرشەکە وەک هەر شتێکی تر ببینرێت جگە لە تۆڵەسەندنەوە. ئیمارات لە ١ی ئایاردا دوای نزیکەی ٦٠ ساڵ لە ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس کشایەوە، بەمەش دەستی خۆی واڵا کرد بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لە پشکی پێشووی کە ٣.٢ ملیۆن بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا. توانای بەرهەمهێنانی ئەبوزەبی نزیکەی ٤.٨٥ ملیۆن بەرمیلە. ئێران، کە بەهۆی گەمارۆی دەریایی ئەمریکاوە خنکاوە و دەبینێت تانکییەکانی خۆی لە دوورگەی خارگ لێوانلێو بوون، بیانوو وە هۆکاری هەبوو بۆ ناردنی پەیامێکی لەو شێوەیە.
تاران بەرپرسیارێتی هێرشەکانی نەگرتە ئەستۆ. بە دەگمەن ڕاستەوخۆ دەیکات. بەڵام سوپای پاسداران چەندین جار هۆشداریی داوە کە هەر دەوڵەتێکی کەنداو هاوکاری لەگەڵ بوونی سەربازی ئەمریکا بکات، ڕووبەڕووی لێکەوتە دەبێتەوە.
ترەمپ لە کەناڵی فۆکس نیوز وەڵامی دایەوە و وتی، ئەگەر ئێران هێزەکانی ئەمریکا یان ژێرخانی هاوپەیمانەکانی بکاتە ئامانج، “لەسەر ڕووی زەوی دەسڕێتەوە”. هەروەها ئێرانی وەک وڵاتێک وەسف کرد کە لە دانوستانەکانی ئاشتیدا “زۆر نەرمتر” بووە — دوو لێدوان کە بە شێوەیەکی نالۆژیکی لەپاڵ یەکدا هات.
بازاڕەکان بە خێرایی کاردانەوەیان هەبوو
نەوتی خاو لە ماوەی چەند خولەکێکدا بەرزبووەوە. بەرزبوونەوەی ٥٪ی برێنت لەو ڕۆژەدا، زۆربەی پاشەکشەی هەفتەی ڕابردووی سڕییەوە، کاتێک ئاماژەکانی ئاشتی و کەمبوونەوەی خواست نرخی خاوی تێکساسی بۆ خوار ١٠٢ دۆلار بردبوو. زێڕ بە بڕی ١٢٠.٩٠ دۆلار دابەزی بۆ ٤,٥٢٣.٦٠ دۆلار — ئەم جۆرە گۆڕانکارییە لە پەناگە ئارامەکانەوە بەرەو مەترسییەکانی وزە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی بازرگانان پێشبینی پەرەسەندنی شەڕ دەکەن، نەک هێوربوونەوەی.
لە ئەمەریکا نرخی گرێبەستەکانی بەنزین بۆ ٣.٧٢ دۆلار بۆ هەر گالۆنێک بەرزبووەوە. نەوتی گەرمکەرەوەش بۆ ٤.٠٥ دۆلار سەرکەوت.
چاوەڕێی چی بین؟
یەکەم، ئایا ئێران شەپۆلێکی دووەمی هێرش ئەنجام دەدات یان نا. هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە “هۆشداری” دەچوو نەک هەوڵێک بۆ لەناوبردنی تەواوی تێرمیناڵەکە، بەڵام ئەمە بو بە پێشینە.
دووەم، چالاکی بارکردن لە فـوجـەیرە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا؛ ئەگەر کەشتییەکان لە بەندەرەکە بکشێنەوە، ئاستی تێپەڕبوونی نەوت لە بۆرییەکە کەمدەکاتەوە بێ گوێدانە زیانە فیزیکییەکان.
سێیەم، بیمە؛ نرخەکانی بیمەی مەترسیی شەڕ بۆ فـوجـەیرە پێشتریش بەرز بوون، دوای پێکانی ڕاستەوخۆی تانکی کۆگاکردن، کۆمپانیاکانی بیمە نرخەکان بەرز دەکەنەوە — و ئەو تێچووەش دەچێتە سەر هەر بەرمیلێک کە لەوێ بار دەکرێت.
گەرووی هورمز قورگی بوتڵەکە بوو (تەنگەبەرەکە بوو). فـوجـەیرە ڕێگەچارەی دەربازبوون بوو. ئێران نیشانی دا کە دەتوانێت بگاتە هەردووکیان.