واشنتۆن و تاران یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کرد
روونبین
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە شێوازی ئەلیکترۆنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کردووە، بەمەش ڕێگەیان خۆشکردووە بۆ قۆناغی دووەمی دانوستانەکان لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ئاژانسی هەواڵی ئێران ڕایگەیاند کە سەرۆکی ئێران و سەرۆکی ئەمریکا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەیان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و لە دوورەوە واژۆ کردووە، بە جیاوازییەکی کاتیی کەم لە نێوان هەردوو واژۆکەدا.

پەیامنێری ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”ی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ خۆی لە کاتی ئێوارە خوانێکدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆشکی “ڤێرسای” کۆپییەکی ڕێککەوتنەکەی واژۆ کردووە، و وێنەیەکی ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکەش بۆ ئێرانییەکان و وڵاتانی نێوەندگیر نێردراوە. پەیامنێرەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە وتویەتی کە یاداشتنامەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
تۆڕی “سی ئێن ئێن” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە گواستییەوە کە “ترەمپ و جێگرەکەی جەی دی فانس پێشتر بە شێوازی ئەلیکترۆنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئێران واژۆ کردبوو، لە کاتێکدا ترەمپ ئێوارەی چوارشەممە ئیمزای لەسە کۆپییەکی کاغەزیی کردەوە.”

سەرۆکی فەڕەنسا لە تویتێکدا نووسیویەتی: “سەرۆک ترەمپ ئەم ئێوارەیە لە ڤێرسای ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام دەکاتەوە و ڕێگە دەدات گەرووی هورمز سەرلەنوێ بکرێتەوە. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەیەکی ڕاستدا بۆ هاووڵاتیانمان، و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی وزە.
ماکرۆن هۆکاری واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە کۆشکی ڤێرسای ئاشکرا دەکات
سەرەڕای شکۆمەندی و قەشەنگیی کۆشکی ڤێرسای، کە بە گرنگترین کۆشکی شاهانە لە فەڕەنسا دادەنرێت و دەکەوێتە شاری ڤێرسای کە ٢٥ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای ناوەندی شاری پاریسەوە دوورە، بەڵام ئەمە هۆکاری واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە نەبوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە لە هۆڵەکانیدا.
هەروەها ئەو “زێڕە”ش هۆکار نەبوو کە ڕازاوەیی بەو شوێنە مێژووییە بەخشیوە و ترەمپ سەرسامیی خۆی پێشاندابوو.
بەڵکو بەپێی ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی پێداوە، هۆکارەکە گرنگیی مێژوویی ئەم شوێنە و هێمایە بۆ پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و فەڕەنسا.
ماکرۆن ڕۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان جەختی کردەوە کە ئەم کۆشکە شایەتی یەکەم دانپێدانان و پشتگیریی فەڕەنسا بووە بۆ سەربەخۆیی ئەمریکا، کە ٢٥٠ ساڵ بەسەریا تێپەڕیوە.
سەرۆکی فەڕەنسا وتی کە بێنجامین فرانکلین لەم کۆشکەدا لە ساڵی ١٧٨٨دا، لویسی شازدەیەمی پادشای فەڕەنسای ڕازی کردووە کە پشتگیریی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات.
له بەر ئەمەشە کۆشکی ڤێرسای بە هێمایەکی وەرچەرخان لە مێژووی هاوپەیمانی و دیپلۆماسیی ئەمریکی-فەڕەنسیدا دادەنرێت؛ چونکە شایەتی ئەو دانوستان و بڕیارانە بووە کە هاوپەیمانیی پاڵپشتیکاری شۆڕشی ئەمریکایان داڕشت، کە بە واژۆکردنی پەیماننامەکانی ڤێرسای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٧٨٣دا گەیشتە لووتکە، تا ببێتە دیارترین شایەتحاڵی لەدایکبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
لە ساڵی ١٧٧٨دا و لە سەردەمی پادشا “لویسی شازدەیەم”دا، کۆشکەکە شایەتی دەرکردنی بڕیارە شاهانەییەکان بوو بۆ پێشکەشکردنی پشتگیریی سەربازی و دارایی بۆ کۆلۆنییە ئەمریکییەکان، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ پەیماننامەی هاوپەیمانی مێژوویی کە پشتگیریی هێزەکانی ئەمریکای دەکرد دژی بەریتانیا.
ماکرۆن بە ئامادەبوونی هاوسەرەکەی لەم کۆشکە میژوییەدا ئاهەنگێکی لەسەر شەرەفی ترەمپ ڕێکخستبوو و تێیدا یادی ٨٠ ساڵەی لەدایکبوونیشی پیرۆز کرد.
لەکاتێکدا ترەمپ لە کاتی چوونە دەرەوەی لە کۆشکی ڤێرسای بە ڕۆژنامەنووسانی وت “ئێستاواژۆم کرد” ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی دواتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر پلاتفۆرمی “ئێکس” بڵاوکردەوە کە تێیدا سەرۆک تر مپ دەردەکەوێت کاتێک ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکات و هاوتا فەڕەنسییەکەی لە تەنیشتیەتی، و پەنجەگەورەی بە نیشانەی سەرکەوتن بەرزکردووەتەوە و پێدەکەنێت.