٨٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو ئامادەیە بۆ دەرچوون لە گەرووی هورمز
روونبین
بەپشتبەستن بە داتاکانی کۆمپانیای (ڤۆرتێکسا)، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەرایی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە کۆی گشتی ٨٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەڵگرتووە، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا.
ئەو نەوتە خاوە لەسەر پشتی ٤٠ کەشتیی نەوتهەڵگرە، کە ٢١ دانەیان بەرەو ئاسیا بەڕێ دەکەون؛ پێنج لەوانە چین مەبەستی کۆتاییانە و پێنج دانەی دیکەش بەرەو مالیزیا و سەنگاپوورە بەڕێ دەکەون کە مەڵبەندی سەرەکیی گواستنەوەی هەرێمین. هیچ کام لەو نەوتهەڵگرانە نەوتی خاوی ئێرانییان پێ نییە.
رۆژی پێنجشەممە، ئاژانسی بلۆمبێرگ مەزەندەی کرد کە بڕی ئەو نەوتە خاوەی چاوەڕێی گڵۆپی سەوز دەکات بۆ تێپەڕبوون بە هورمزدا، نزیکەی ٦٢ ملیۆن بەرمیلە و بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا دەچێت. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بڕەی کە چاوەڕێی دەرچوون لە گەرووی هورمز دەکات، ڕەنگە هانی هەندێک لە پاڵاوگەکان بدات بۆ زیادکردنی ڕێژەی پاڵاوتن یان بڕیار بدەن بۆ پڕکردنەوەی کۆگا بازرگانییەکانیان کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا کەمبوونەتەوە.
ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکات بڕێکی زۆر لە نەوتی خاو لە لێواری چوونە ناو بازاڕە جیهانییەکان دایە، پێدەچێت زیاتر نرخی نەوت بخاتە ژێر گوشارەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر دابەزیبوو بۆ ئاستەکانی پێش جەنگ، هەرچەندە هێشتا هەندێک نادیاری لەسەر تێپەڕبوونی سەلامەتی نەوتهەڵگرەکان بە گەرووی هورمزدا ماوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەگەلێک هەن کە پیشانی دەدەن ئەمجارە هەردوولا لە دانوستانەکانی ئاشتیدا جیدین، ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانەوەی جەنگی کەمکردووەتەوە کە ببووە هۆی داخرانی ئەو خاڵە ستراتیژییە. ئەمەش وای لە چەندین پێشبینیکاری نرخی نەوت کرد لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پێشبینییەکانی خۆیان بۆ نەوتی خاو کەم بکەنەوە، لەوانەش (مۆرگان ستانلی)، (گۆڵدمان ساکس) و (سیتی). کۆتا بانکیان (سیتی) نەرێنیترین پێشبینی هەیە و پێشبینی دەکات نرخی نەوتی خاوی برێنت لە چارەکی داهاتوودا بە تێکڕا بگاتە ٧٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. لە لایەکی دیکەوە، (مۆرگان ستانلی) سەرەڕای هێوربوونەوە و کرانەوەی گەرووی هورمز، نرخی نەوتی خاوی برێنت لە چارەکی سێیەمدا بە ٩٠ دۆلار دەبینێت.
لە کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتەدا، نەوتی برێنت بە ٨٠.٠٣ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا، و نەوتی تێکساس (WTI) بە ٧٦.١٤ دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک، کە هەردووکیان بەراورد بە کاتی داخرانی بازاڕ لە ڕۆژی پێنجشەممەدا کەمێک بەرزبوونەتەوە.