شیڤرۆن یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ عێراق واژۆ دەکات بۆ کێڵگە نەوتییەکانی “ڕۆژئاوای قورنە ٢” و “ناسریە” وە ستراتیژی دەربازبوون لە گەرووی هورمز
روونبین
کۆمپانیای شیڤرۆن لە گەورەترین دەستکەوتی نەوتیی عێراق و ستراتیژییەکی نوێی هەناردەکردن بۆ دەربازبوون لە گەرووی هورمز نزیک دەبێتەوە.
پێشخستنی وەبەرهێنانەکان لە کێڵگەکانی باشوور
کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریکی “شیڤرۆن” (Chevron) هەنگاوێکی گرنگ دەنێت بۆ فراوانکردنی پێگەی خۆی لە عێراق. بڕیارە ئەم کۆمپانیایە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ بکات بۆ پێشخستنی پرۆسەی چوونە ناوەوەی ئەگەریی بۆ ناو کێڵگە نەوتییەکانی “ڕۆژئاوای قورنە ٢” و “ناسریە”. هەرچەندە ئەم ڕێککەوتنە سەرەتاییانە هێشتا پابەندکەر نین، بەڵام دانوستانە بازرگانییەکان بەرەو پێشەوە دەبەن بۆ گەیشتن بە گرێبەستی کۆتایی، کە پێدەچێت ببێتە یەکێک لە گەورەترین وەبەرهێنانەکانی شیڤرۆن لە کەرتی دەرهێنانی نەوتدا (Upstream) لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا.
کێڵگەی “ڕۆژئاوای قورنە ٢” کە دەکەوێتە باشووری عێراق، دەستکەوتێکی یەکجار گەورەیە و لە ئێستادا ڕۆژانە نزیکەی ٤٦٠,٠٠٠ بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەم کێڵگەیەی کردە موڵکی دەوڵەت (خۆماڵی کرد) بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە دروستبوونی هەر پەککەوتنێک بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیای “لۆکئۆیڵ”ی ڕووسی، کە پێشتر کێڵگەکەی بەڕێوەدەبرد.
شیڤرۆن لە مانگی شوباتەوە چووەتە ناو گفتوگۆی تایبەتەوە بۆ گرتنەدەستی ئەم کێڵگەیە. سەبارەت بە پڕۆژەی کێڵگەی “ناسریە”، هەرچەندە لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی کەمترە، بەڵام داهاتوویەکی گەش و توانایەکی باشی گەڕان و دۆزینەوەی نوێی لەگەڵدایە. شیڤرۆن و عێراق لە ئابی ساڵی ڕابردووشدا ڕێککەوتنێکی بنەڕەتییان بۆ پەرەپێدانی ئەم پڕۆژەیە واژۆ کردبوو کە چوار بلۆکی گەڕانی دەوروبەری کێڵگەکەش دەگرێتەوە.
ستراتیژیی بۆرییەکان و دەربازبوون لە گەرووی هورمز
گرنگی گفتوگۆکانی شیڤرۆن لەگەڵ بەغدا تەنیا لە پەرەپێدانی کێڵگەکاندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو کۆمپانیاکە کار لەسەر توێژینەوەی تەکنیکی دەکات بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی بۆریی نوێی هەناردەکردن کە نەوتی خاوی عێراق بگەیەنێتە دەریای ناوەڕاست بەبێ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا. لەم چوارچێوەیەدا، لە ٤ی تەممووزدا کۆنسۆرتیۆمێک (هاوپەیمانێتییەک) کە شیڤرۆن و کۆمپانیای UCCی قەتەری لەخۆدەگرێت، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرەی سەر بە دەوڵەت واژۆ کرد بۆ هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی ڕێڕەوە ئەگەرییەکان، لەوانەش گەیاندنی کێڵگەکانی عێراق بە سووریا یان ڕێڕەوەکانی تری ناوچەکە.
پەلەکردن لە دۆزینەوەی ئەم بژاردە جێگرەوانە بەهۆی ئەوەیە کە عێراق زۆربەی هەرە زۆری نەوتی خۆی لە ڕێگەی کەنداوەوە هەناردە دەکات. بەردەوامیی گرژی و جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەمیشە هەڕەشە لە سەر تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان درووست دەکات لە گەرووی هورمزدا. قەیرانەکانی ڕابردووی ئەم گەرووە بەغدایان ناچار کرد کە بەرهەمهێنانی نەوت بە توندی کەم بکاتەوە، ئەمەش خاڵە لاوازە ستراتیژییەکەی عێراقی دەرخست؛ چونکە توانای بەرهەمهێنان بێسوودە ئەگەر ڕێگایەک نەبێت بۆ ناردنی نەوتەکەت.
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆن پشتگیری خۆی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بۆریی نەوتی “کەرکووک-بانیاس” دەربڕیوە کە عێراق بە کەناراوەکانی سووریاوە دەبەس تێتەوە و لە دوای هێرشەکەی ساڵی ٢٠٠٣ی ئەمریکاوە زیانی پێگەیشتووە و پەککەوتووە. واشنتۆن دەیەوێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەم پڕۆژانەدا بەشدار بن، و عێراقیش دەیەوێت گرنتییەک (پۆلیسی دڵنیایی) بۆ پاراستنی هەناردەکەی دژی هەر داخرانێکی گەرووی هورمز دەستەبەر بکات.
دیپلۆماسیەتی وزە و ئاسۆی داهاتوو
ئەم ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە هاوکاتن لەگەڵ سەردانە پێنج ڕۆژییەکەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، عەلی ئەلزەیدی (کە لە مانگی ئایاردا دەستبەکاربووە) بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەلزەیدی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆن، سەردانی بارەگای سەرەکیی شیڤرۆنی لە ھیووستن کرد و لەگەڵ مارک نێڵسن، جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکە کۆبووەوە. عێراق بەدوای ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکیدایە بۆ بووژاندنەوە و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی.
لە بەرانبەردا، کلای نێف، سەرۆکی کەرتی دەرهێنان و بەرهەمهێنان لە شیڤرۆن، دڵخۆشی کۆمپانیاکەی دەربڕیوە کە بتوانن بە شارەزایی خۆیان لە پڕۆژە گەورەکانی جیهاندا پاڵپشتی عێراق بکەن لە پەرەپێدانی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی وزەکەیدا.
دوای گەورەترین پچڕانی دابینکردنی نەوت لە مێژوودا، بۆ شیڤرۆن دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ بازددان بەسەر گەرووی هورمزدا، هێندەی دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتیی نوێی زەبەلاح گرنگ و پڕبایەخە.