عێراق ڕێککەوتن بە بەهای ٦٠ ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتەکانی وزە و تەکنەلۆجیادا واژۆ دەکات

وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە عێراق 2026-07-18 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

کۆمپانیا نەوتییە ڕۆژاواییەکان داهاتوویەکی گەش لە عێراقدا دەبینن

ڕۆژی هەینی، کۆمپانیا گەورەکانی وزەی ڕۆژاوا دەیان ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە بوارەکانی نەوت، گاز و بۆرییەکانی گواستنەوە واژۆ کرد. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە عێراق، وەک ئەندامێکی ڕێکخراوی ئۆپێك، هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قووڵتر بکاتەوە و ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ گەرووی هورمز بدۆزێتەوە تا بتوانێت سەرچاوەکانی وزەی خۆی بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان.

لە کاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی کارووباری بازرگانیی ئەمریکا-عێراق، کە لەلایەن ژووری بازرگانیی ئەمریکاوە ڕێکخرابوو، عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی سیاسەتی “دەرگای کراوە” پێڕەو دەکات. لەم چالاکییەدا، بەرپرسانی عێراقی و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتەکانی وزە، چاودێریی تەندروستی و تەکنەلۆجیا، چەندین ڕێککەوتنی پابەندنەکەر و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد کە بەهاکەیان لە ٦٠ ملیار دۆلار تێپەڕ دەکات.

ئەلزەیدی وتی: “هەر لایەنێک پڕۆژەیەکی هەبێت دەتوانێت بێت و لەگەڵمان قسە بکات. ئێمە کارەکان بۆ کەس قورس ناکەین”.

کاریگەریی بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی

جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لە دژی ئێران سێبەری بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە. تۆم براک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ ناوچەکە ڕایگەیاند کە هەرچەندە ئەم جەنگە لە لایەکەوە بووەتە هۆی پشێوی، بەڵام لە لایەکی ترەوە عێراقی خستووەتە “پێشەنگی هاوپەیمانێتییەکی ئاسایشیی ستراتیژیی نوێ” لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی تردا.

شایەنی باسە هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی ئەم جەنگەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، ئەمەش بەهۆی داخرانی بەشێکی گەرووی هورمزەوە کە بە شێوەیەکی ئاسایی نزیکەی ٢٠٪ی پێداویستیی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

ستراتیژیی شیڤرۆن بۆ هەناردەکردن

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای شیڤرۆنی لە ھیووستن کرد، پاشان بەرپرسانی عێراق ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئەم کۆمپانیا زەبەلاحە واژۆ کرد بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکان بەرەو کێڵگەکانی “ڕۆژئاوای قورنە ٢” و “ناسریە”.

جەیک سپیرینگ، سەرۆکی پەرەپێدانی کارە دامەزراوەییەکان لە شیڤرۆن، ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکەیان وەبەرهێنان لە بۆرییەکی نوێی نەوتدا دەکات کە ڕێگە دەدات عێراق خۆی لە گەرووی هورمز بەدوور بگرێت و ڕێڕەوێکی نوێ بۆ هەناردەی نەوتەکەی بکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هێڵە دەکرێت نەوتی عێراق بگەیەنێتە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست.

سپیرینگ وتیشی: ئەم توانا گەورەیەی عێراق لە کەرتی وزەدا دەکرێت لەسەر مەودای درێژخایەن، وڵاتەکە بکاتە مەڵبەندێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە هاوتای مەڵبەندە ناسراوەکانی بازرگانیی وزە بێت لە ئەمریکا، وەک ناوەندی “هێنری هەب” بۆ گازی سروشتی و ناوەندی “کوشینگ” بۆ نەوت.

هاتنە ناوەوەی کونوکۆ فیلیپس و هاوبەشیی لەگەڵ BP

کۆمپانیای “کونوکۆ فیلیپس” (ConocoPhillips) ڕایگەیاند کە ڕێککەوتووە بۆ کڕینی ٤٢٪ی پشکەکانی کۆمپانیای “بی پی ئینێرجی ئۆف کەرکووک” (BP Energy of Kirkuk)، بەمەش دەچێتە پاڵ کۆمپانیا زەبەلاحە بەریتانییەکە (BP) لە پڕۆژەی دووبارە پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتیی بەرهەمهێنەر لە باکووری عێراق (کەرکووک).

میج ئۆنیڵ، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای بی پی (BP) ڕایگەیاند کە عێراق لە ڕووی سەرچاوەکانەوە خاوەنی “توانایەکی بێشمارە” و ئەم هاوبەشییانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی عێراق و جیهان. (کۆمپانیای BP مێژوویەکی کۆنی لە عێراقدا هەیە و بەشدار بووە لە دۆزینەوەی یەکەم کێڵگەی نەوتی کەرکووک لە ساڵی ١٩٢٧دا).

لەلایەکی ترەوە، ڕایان لانس، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای کونوکۆ فیلیپس وتی: هەرچەندە کۆمپانیاکەیان خاوەنی هەمان مێژووی BP نییە لە عێراق، بەڵام ئەوان شارەزاییەکی یەکجار زۆریان لە کارکردن لە ژینگەی سەختدا هەیە، وەک ناوچەی “نۆرس سلۆپ” لە ویلایەتی ئەلاسکا. لانس وتیشی: “ئێمە بە پەرۆشەوەین بۆ هێنانی تەکنەلۆجیا، شارەزایی، کارمەندان و سەرمایەکانمان بۆ پشتبەستن و هاوکاریکردنی گەلی عێراق”.

لەکۆتاییدا، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە کاتی پێشوازیکردنی لە عەلی ئەلزەیدی لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەلێک گرێبەست لەگەڵ عێراق واژۆ دەکات، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە ڕەخساندنی هەلی کار لە هەردوو وڵاتدا.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.