لەژێر چاودێری وەزیری نەوت؛ عێراق و کۆمپانیای HKNی ئەمریکی گرێبەستی گەشەپێدانی کێڵگەی حەمرینیان چالاک کردr
روونبین
بەغدا — بە ئامادەبوونی ئەندازیار باسم محەمەد خەزیر ئەلعەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، بە ڕەسمی گرێبەستی گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین لەگەڵ کۆمپانیای HKNی ئەمریکی چالاک کرا. ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی وەزارەتدا دێت بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.
بەرهەمهێنانی ۱٤۰ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوت، چالاککردنی ئەم گرێبەستە لەگەڵ ڕوانگە و ستراتیژیەتی حکومەت دەگونجێت بۆ بەکارهێنانی گونجاوی سەروەت و سامانە سروشتییەکان، بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ، بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردن و بەهێزکردنی داهاتی ئابووریی وڵات.
ئامانجی سەرەکیی گرێبەستەکە، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەی حەمرینە بۆ ۱٤۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کاتی گەیشتن بە لوتکەی بەرهەمهێنان، لەگەڵ بەرهەمهێنانی نزیکەی ٤۰ ملیۆن پێی سێجای پێوانەیی لە ڕۆژێکدا لە گازی یاوەر.
سوتاندنی گاز دەستپێناکاتەوە
وەزارەتی نەوت ڕوونی کردەوە کە گازی بەرهەمهاتوو بە هیچ جۆرێک ناسوتێندرێت، بەڵکو بەکار دەهێنرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە لە ناوخۆی کێڵگەکەدا. هەروەها بڕی زیادەی گازەکە بۆ مەبەستی تێکردنەوە (الحقن) بەکار دەهێنرێت تاوەکو پەستانی کێڵگەکە بپارێزرێت و کارایی بەرهەمهێنان زیاد بکات.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆژەیە دەرفەتی کاری نوێ بۆ دەستی کاری عێراقی دەڕەخسێنێت و ڕێگە خۆش دەکات بۆ بەشداریی کۆمپانیا ناوخۆییەکان لە جێبەجێکردنی کارە پاڵپشتیکارەکاندا. هەروەها جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی خۆی کردەوە بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی پێویست تاوەکو پڕۆژەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ بگرێت.
لە کۆتاییدا وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند کە چالاککردنی گرێبەستەکە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی حکومەتە بۆ ڕاکێشانی گەورە کۆمپانیا ئەمریکی و ئەوروپییەکان، و پەیامێکی ئەرێنییە بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان کە عێراق ژینگەیەکی ئارام و سەرنجڕاکێشە بۆ وەبەرهێنان و بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە.