وەزیری نەوتی عێراق: هەناردەی تەممووز 1.5 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.. و گەشبینین بە گفتوگۆکانی “ئۆپێک”

2026-07-19 لە لایەن روونبیین
کورتە ڕاپۆرت

روونبین

خەزیر: گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان پشتگیری لە پلانی عێراق دەکات بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ زیاتر لە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا

  • بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانییەک بە سەرکردایەتی “شیڤرۆن” بۆ پەرەپێدانی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن لە ڕێگەی سووریا و تورکیاوە گفتوگۆ دەکات
  • “ئۆپێک” چەترێکی “ئابووریی ئارام” بۆ عێراق دابین دەکات بۆ فرۆشتنی نەوت بە نرخێکی گونجاو لەسەر ئاستی جیهان
  • هەناردەی عێراق لە مانگی حوزەیراندا بەپێی داتاكانی “بلومبێرگ” گەیشتووەتە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا
  • بەغدا و ئەنقەرە گەیشتنە ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ کارپێکردنی هێڵی کەرکووک–جیهان تا ئەو کاتەی لەسەر چوارچێوەیەکی نوێی گرێبەست ڕێکدەکەون
  • بەغدا ئامانجیەتی گفتوگۆکان سەبارەت بە هێڵی بۆری بەرەو کەناراوەکانی سووریا لە ماوەی ساڵێکدا تەواو بکات وەک ئامادەکارییەک بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکە و دەستپێکردنی جێبەجێکردن

وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خەزیر ڕایگەیاند کە عێراق سەرکەوتوو بووە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمز و هێڵی بۆری جیهان لە ماوەی مانگی تەممووزدا، هەروەها پابەندبوونی حکومەتی بە ئەندامێتی لە ڕێکخراوی “ئۆپێک” دووپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە چەترێکی ئابووری بە وڵاتەکەی دەبەخشێت بۆ فرۆشتنی نەوت بە نرخێکی گونجاو لەسەر ئاستی جیهاندا.

وەزیرەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری “بلومبێرگ”، لە واشنتۆن ڕوونی کردەوە کە تێکڕای هەناردەکردن لە ڕێگەی هەردوو دەروازەکەوە گەیشتووەتە نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا پێش نوێبوونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کە ئەمەش ئاستێکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە لەو ڕێژەیەی وڵاتەکە پێش شەڕ تۆماری کردبوو، بەڵام نزیکەی سێ هێندەی خەمڵاندنەکانی “بلومبێرگ”ە بۆ ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا هەناردە کراوە.

عێراق هەوڵ دەدات بازدانێکی بەرچاو لە هەناردەکردندا بەدەستبهێنێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە داراییە گەورانەی کە بەهۆی داخرانی هورمزەوە لێی کەوتووە، کە دەروازەی سەرەکی فرۆشتنی نەوتی بەغدایە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ خێراکردنی پلانەکان بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی تورکیا و سووریاوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووریی خۆی و پاراستنی داهاتەکانی لە پەککەوتنی ڕێڕەوە دەریاییەکان.

وەزیرەکە هیچ زانیارییەکی وردی نەدا لەسەر کاریگەریی زیادبوونی چڕی هێرشە دوولایەنەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەم هەفتەیەدا لەسەر ڕێژەی هەناردەکردن، تەنها وتی کە شەڕەکە تەنها کاریگەری لەسەر عێراق نییە، بەڵام گەشبینی خۆی نیشاندا بە نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ململانێکان.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە زۆرترین کاریگەری لێکەوتە ئابوورییەکانی قەیرانەکەی لەسەرە، بەوپێیەی بانکی “ستاندارد چارتەرد” پێشبینی دەکات بەرهەمی ناوخۆیی گشتی بە ڕێژەی 15% لەم ساڵەدا پاشەکشە بکات بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی داهاتی هەناردەکردن 90%ی داهاتەکانی حکومەت پێکدەهێنێت.

ئەم پشتبەستنە گەورەیە بە نەوت، هەوڵی بێوچانی عێراق ڕووندەکاتەوە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت “ئۆپێک” بۆ زیادکردنی پشکی بەرهەمهێنانی. سەبارەت بەمەش وەزیرەکە وتی: “گەشبینین، ئەندامانی ئۆپێک هاوڕێی ئێمەن، و عێراق تایبەتمەندی خۆی هەیە بەهۆی ئەو نەهامەتییانەی لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا لە شەڕەکاندا چەشتوویەتی”، هاوکات جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ڕێکخراوەکە و سیاستەکانی کردەوە، بەو پێیەی عێراق یەکێکە لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی.

ئەمەش لەوانەیە بۆ تۆ گرنگ بێت: وتەبێژی حکومەت بۆ “بلومبێرگ”: عێراق “ئۆپێک” جێناهێڵێت.

خەزیر ڕوونی کردەوە کە بوونی عێراق لەژێر چەتری “ئۆپێک”دا “چەترێکی ئابووریی ئارام”ی بۆ دابین دەکات بۆ فرۆشتنی نەوت بە نرخێکی گونجاو لەسەر ئاستی جیهان، و زیاتر لەوەش وتی؛ بەغدا پشتگیری لە سیاسەتەکانی ڕێکخراوەکە دەکات، بەڵام بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکان سەبارەت بە زیادکردنی پشکی خۆی بە جۆرێک کە لەگەڵ تەماحی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بگونجێت.

دوو ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە عێراقەوە

خەزیر لە کۆتایی سەردانی شاندێکی باڵای عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بۆ “بلومبێرگ” دوا، کە تێیدا چەندین ڕێککەوتنی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت و گاز واژۆ کران، لەوانەش یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ سووریا بۆ نۆژەنکردنەوە و کارپێکردنەوەی هێڵی بۆری نەوت کە لە وڵاتەکەیەوە درێژ دەبێتەوە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست.

وەزیرەکە وتی کە ڕێککەوتنەکە ئامانجی دۆزینەوەی دەروازەیەکی جێگرەوەیە بۆ هەناردەکردن، و ڕوونی کردەوە کە عێراق گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانییەک دەکات کە کۆمپانیاکانی “شیڤرۆن” و “تی ئای کاپیتاڵ”ی ئەمریکی، لەگەڵ کۆمپانیای “یو سی سی هۆڵدینگ”ی قەتەری لەخۆدەگرێت، سەبارەت بە دروستکردن و پەرەپێدانی سیستمێکی بۆری کە باشووری عێراق بە باکووری و کەناراوەکانی سووریاوە دەبەستێتەوە.

دیدگاکە پێکدێت لە دروستکردنی هێڵێک لە بەسرەوە بۆ کەرکووک و لەوێشەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکیا، لەگەڵ هێڵێکی دیکە کە لە حەدیسە لە ڕۆژئاوای عێراقەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست.

وەزیرەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم پڕۆژانە ڕێگری دەکەن لەوەی داهاتەکانی عێراق بکەونە بەر هەر پەککەوتنێکی داهاتوو لە گەرووی هورمز، و وتی: “ئەمە ئاسایشی ئابووری و توانای هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ئەم دەروازانەوە بۆ عێراق دابین دەکات”.

قەیرانی هورمز پڕۆژەکانی بۆری نەوت و گاز لە ڕێگەی سووریاوە دەهێنێتەوە پێشەوە

بەپێی داتاکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەکەوە، ئامانجی توانای سەرەتایی  هێڵەکە بە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێندرێت لە کاتی کارپێکردنیدا، کە ئەمەش ڕەنگە یەکێک لە گەورەترین ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی وشکانی لە ناوچەکەدا ببەخشێتە عێراق.

خەزیر وتی کە بەغدا ئامانجیەتی لە ماوەی ساڵێکدا گفتوگۆکان لەگەڵ هاوپەیمانییەکە تەواو بکات، تا دەگاتە واژۆکردنی گرێبەستەکە و دەستپێکردنی جێبەجێکردن، ئاماژەی بە پێداگری حکومەت کرد لەسەر کورتکردنەوەی ماوەی کاتەکان بەهۆی پێویستی بەپەلە بۆ دابینکردنی دەروازەی زیادە لەپاڵ گەرووی هورمز و بەندەری جەیهاندا.

وتیشی تواناکانی هەناردەکردنی ئێستا لە ڕێگەی هورمزەوە لەگەڵ دیدگای حکومەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان ناگونجێت، ئەمەش وایکردووە فراوانکردنی هێڵە وشکانییەکان ببێتە پێویستییەک بۆ بەهێزکردنی داهاتەکان و پاراستنی ئابووری لە مەترسيیەکانی پەککەوتنی ڕێڕەوە دەریاییەکان.

عێراق پەرۆشە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی کە پشتبەستن بە بەندەرەکانی باشووری لەسەر ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی کەم بکاتەوە. لە ئێستادا تەنها یەک هێڵی بۆری سەرەکی هەناردەکردنی هەیە کە نەوت لە باکوورەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاست دەگوازێتەوە.

عێراق ئامانجیەتی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ زیاتر لە 7 ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە

حکومەتی عێراق ئامانجیەتی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ زیاتر لە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکات، کە ئەمەش ئاستێکە وەزیرەکە وتی پێویستی بە کات و وەبەرهێنانی گەورە هەیە. خەزیر ئاماژەی بەوەدا ئەو گرێبەستانەی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کاتی سەردانەکەدا واژۆی کردوون، لە ماوەکانی داهاتوودا دەست دەکەن بە دەرخستنی ئەنجامەکانیان، جەختی لەوە کردەوە کە ستراتیژی عێراق تەنها بە زیادکردنی هەناردەی نەوتی خاو سنووردار نییە، بەڵکو ئامانجی فراوانکردنی تواناکانی پاڵاوتن و گۆڕینی نەوتە بۆ بەرهەمەکان، تا دەگاتە ئەوەی وڵاتەکە ببێتە هەناردەکارێکی بەرهەمە نەوتییەکان، ئەمەش بەهایەکی بەرزتر لە هەناردەکردنی نەوتی خاو دەستەبەر دەکات.

سەردانی شاندی عێراق بۆ واشنتۆن شایەتی ڕاگەیاندنی چەندین ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن بوو لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا، کە بەهای گشتییان نزیکەی 60 ملیار دۆلار بوو. ڕێککەوتنە نەوتییەکان جەختیان لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان و ڕاکێشانی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا بۆ کێڵگەکانی عێراق دەکردەوە.

یەکێک لە دیارترین پێشهاتەکان، ڕاگەیاندنی کۆمپانیای “کۆنۆکۆ فیلیپس” بوو بۆ کڕینی پشکی 42% لە پڕۆژەیەکدا کە لەلایەن “بي بي”یەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ دووبارە پەرەپێدانی کۆمەڵە کێڵگەکانی کەرکووک، کە یەدەگەکەی لە 3 ملیار بەرمیل هاوتای نەوت زیاترە. لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کۆمەڵەکە نزیکەی 328 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ پێدانی هاندەری دارایی بە کۆمپانیاکان بۆ هەر بەرهەمهێنانێک کە لەم ئاستە زیاتر بێت.

وەزیرەکە وتی گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی عێراقدا، ڕەنگدانەوەی سەرنجڕاکێشی ژینگەی وەبەرهێنان و جدییەتی حکومەتە لە لابردنی بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنەران، ئاماژەی بەوەشکرد کە گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک “شیڤرۆن”، “ئێکسۆن مۆبیل” و “ئێچ کەی ئێن ئینێرجی” زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر دەستیان پێکردووە و تەنها پەیوەندییان بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەوە نییە.

لێکتێگەیشتنێکی کاتی لەگەڵ تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی جەیهانەوە

هەروەها وەزیری نەوتی عێراق بوونی گفتوگۆیەکی ئەرێنی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە ڕێککەوتنی کارپێکردنی هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا کە لە نێوان کەرکووک و جەیهاندا درێژ دەبێتەوە دووپاتکردەوە، و وتی هەردوولا لەسەر ڕێکخستنێکی گرێبەستی کاتی ڕێککەوتوون تا ئەو کاتەی ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی نوێ کە کارپێکردنی هێڵەکە ڕێکدەخات تەواو دەبێت.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، شاندێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتەکانی دیکە چوونە تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتننامەی کارپێکردنی هێڵی بۆری نەوت، و تاوتێکردنی میکانیزمەکانی بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.

خەزیر هەناردەکردنی لە ڕێگەی جەیهانەوە بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی پیشەسازی نەوتی عێراق وەسف کرد، و داوای فراوانکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە کرد بۆ ئەوەی بەشداری کۆمپانیا تورکییەکان لە پەرەپێدانی کێڵگە و پڕۆژە نەوتییەکان بگرێتەوە، لەبری ئەوەی تەنها بە گواستنەوەی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە سنووردار بێت.

ئەم هێڵە گرنگییەکی زۆری بۆ عێراق هەیە، چونکە بە شێوەیەکی ئاسایی دەروازەیەکی زیندووە بۆ نزیکەی 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە نەوتی کوردستان، جگە لە نزیکەی 75 بۆ 100 هەزار بەرمیل لە نەوتی کەرکووک، کە ئەمەش زیاتر لە 10%ی هەناردەی نەوتی وڵاتەکە پێکدەهێنێت، و نزیکەی 80%ی بودجەی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.