ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسایشی دابینکردنی نەوت دەخەنە مەترسییەوە

2026-07-21 لە لایەن روونبیین
غير مصنف هەواڵ

روونبین

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢١ی تەموزی ٢٠٢٦ فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) ڕایگەیاند، ئاژانسەکەیان بە وردییەوە چاودێریی پێشهاتەکانی دواییی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییان لەسەر بازارەکانی نەوت دەکات. هۆشداریشی دا کە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە دەوروبەری گەرووی هورمز و ژێرخانی وزەی ناوچەکە، مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی دابینکردنی وزە و نادڵنیایی لە ئاسۆی بازاردا زیاتر دەکەن.

بیرۆڵ ئاماژەی بەوە کرد کە هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر گەرووی باب ئەلمەندەب—کە بووەتە ڕێڕەوێکی جێگرەوەی گرنگ بۆ دەربازبوون لە گەرووی هورمز—نیگەرانییەکانی جیهانی لەبارەی ئاسایشی وزەوە قوڵتر کردووەتەوە.

هۆکارە هێورکەرەوەکانی بازار

بەپێی وتەکانی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە ئێستادا بازارەکانی نەوتی خاو سوود لە چەند هۆکارێکی هێورکەرەوە وەردەگرن، لەوانە:

  • هەوڵەکانی وڵاتانی کەنداو: بەتایبەت عەرەبستانی سعودییە و ئیمارات، کە توانیویانە لە ڕێگەی جێگرەوەکانی گەرووی هورمز و هەروەها تێپەڕاندنی هەندێک بڕ بە ناو گەرووەکەدا، بەردەوامی بدەن بە هەناردەکردنی نەوت بۆ بازارە جیهانییەکان.
  • زیادبوونی بەرهەمهێنانی وڵاتانی تر: وڵاتانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەرازیل، ڤێنیزوێلا و کازاخستان هەناردەی نەوتیان زیاد کردووە، کە بەشێک لە کەمیی دابینکردنی نەوتی کەنداویان قەرەبوو کردووەتەوە.
  • کەمبوونەوەی داواکاریی چین: چین لە لایەنی داواکارییەوە ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە جێگیرکردنی بازارەکاندا، بەهۆی کەمکردنەوەی هاوردەکردنی نەوتی خاو بە ڕێژەی نزیکەی %٥٠ بە بەراورد بە ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ.

بەکارهێنانی یەدەگی بەپەلەی نەوت

بەڕێوەبەری IEA ڕوونیشی کردەوە، لە کاتی ڕاگەیاندنی بڕیاری بەکۆمەڵی ئاژانسەکە لە ١١ی ئادار بۆ خستنەڕووی ٤٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی باری نەخوازراو، تا ئێستا نزیکەی ٢٩٠ ملیۆن بەرمیل خراوەتە بازارەوە. جەختیشی کردەوە کە وڵاتانی ئەندام هێشتا زیاتر لە ١ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی حکومییان لە کۆگاکاندا پاراستووە.

گوشارەکان لەسەر سووتەمەنی پاڵێوراو و گازی سروشتی

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بیرۆڵ هۆشداریدا لە خەمساردی بەرامبەر ئاسایشی نەوت و ئاماژەی بەوە کرد کە چالاکیی پاڵاوگەکان بەپێی پێویست گەشەی نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی توندتربوونی بازاری بەرهەمە پاڵێوراوەکانی وەک دیزل و بەنزین بە بەراورد بە نەوتی خاو.

سەبارەت بە بازاری گازی سروشتی، ئاشکرای کرد کە زیادبوونی هەناردەی گازی شلکراو (LNG) لە ئەمریکا و کەنەدا هاوکار بۆیە بۆ پڕکردنەوەی   %٧٠ی ئەو گازەی کە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لەدەستچووبوو. بەڵام دواکەوتنی زیاتر لە ئاساییبوونەوەی هەناردەی کەنداو، مەترسی دروستکردنی گوشاری زیاتر لەسەر هاوردەکارانی گاز لە جیهان و بەتایبەت ئەوروپا دروست دەکات.

لە کۆتاییدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە جەختی کردەوە کە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئاڵۆزییەکان و کردنەوەی تەواو و بێمەرجی گەرووی هورمز، تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگری لە تێکچوونی زیاتری ئاسایشی وزەی جیهانی.