وەڵامێک بۆ بەڕێز وەزیری دوو وەزارەت: خەرجییەکان دیارن، هەرچەندە ناڕوون و جێگای پرسیارن، بەڵام داهاتەکان لە کوێن؟

داهاتی کارەبا و نەوت 2026-07-29 لە لایەن روونبیین
بیروڕا

وەڵامێک بۆ بەڕێز وەزیری دوو وەزارەت: خەرجی دیارە، داهات بۆ کوێ دەچێت؟

کاوە علی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان 

خەرجییەکان دیارن، هەرچەندە ناڕوون و جێگای پرسیارن، بەڵام داهاتەکان لە کوێن؟

بەڕێز وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت،
لە هەموو وتووێژ، لێدوان و ڕوونکردنەوەکانتاندا، تەنها جەخت لەسەر خەرجییەکان دەکەنەوە و بارگرانی تێچوو لەسەر شانی هاوڵاتی دادەنێن، بەڵام داهاتەکان هەمیشە ونن. شەفافییەتی ڕاستەقینە ئەوەیە خەرج و داهات بە یەک ئاست و بە یەک شێوە بخرێنە بەردەم ڕای گشتی.

یەکەم: هاوکێشەی کارەبا

بەپێی لێدوانەکانتان:

مانگانە نزیکەی 115 ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەدرێت.
مانگانە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلاریش بۆ کڕینی غاز تەرخان دەکرێت.
بەڵام ئەوە ناگوترێت کە ئەم خەرجییە بۆ بەرهەمهێنانی نزیکەی 4,500 میگاوات کارەبایە، لە کاتێکدا پێویستی ناوخۆی هەرێم تەنها 2,500 تا 3,000 میگاواتە.
ئەگەر نزیکەی 1,500 میگاوات لەم کارەبایە بۆ عێراق بفرۆشرێت، ئەوا بە پێی هەمان ئەژمار:

نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار لە خەرجی بەرهەمهێنان.
نزیکەی 15 تا 17 ملیۆن دۆلار لە خەرجی غاز.

واتە مانگانە نزیکەی 55 ملیۆن دۆلار، یان زیاتر لە 660 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، پەیوەندی بە کارەبای فرۆشراو بۆ عێراق هەیە.

هیوادارم وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ بدەنەوە بۆ ڕای گشتی:

داهاتی فرۆشتنی 1,500 میگاوات کارەبا لە کوێیە؟
ئەگەر ئەو کارەبایە هیچ داهاتێکی بۆ هەرێم نەهێنێت، بۆچی ئەو 55 ملیۆن دۆلارە لە خەرجی ناوخۆ حساب دەکەیت و دەرناکرێت؟

داهاتی پڕۆژەی ڕوناکی بۆ کوێ دەچێت؟ چەندە؟ لە کوێ بۆ ناچێتە وەزارەتی دارایی؟

داهاتی ترانزێتی کارەبای تورکیا، کە بە تۆڕی کارەبای هەرێم بۆ عێراق دەگوازرێتەوە، لە کوێیە؟ چەندە؟

ئەو 70 ملیار دینارەی باسی دەکەن، لە کام هەژماری دارایی تۆمار کراوە؟

دووەم: هاوکێشەی نەوت و سووتەمەنی:

لە بابەتی سووتەمەنیش هەر تەنها باسی خەرجی دەکەیت:

دەڵێن تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و پاڵاوتنی یەک بەرمیل 25 دۆلارە، لە کاتێکدا هەر ڕۆژێک پێش جەنابتان 23.5 دۆلار باس کرا. هەروەها تێچووی گواستنەوە دووجار هەژمار دەکەیت، و تێچووی دەرهێنانی نەوتی خورمەڵەش، بەهۆی گرێبەستی خزمەتگوزاری، لەو ژمارانە زۆر کەمترە.
بەڵام ئەوەی باس ناکرێت!!! داهاتی پاڵاوتنی یەک بەرمیل نەوتە.

لە یەک بەرمیل نەوت، بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی، LPG، نەوتی ڕەش و بەرهەمەکانی تر بەرهەم دێن. بەپێی هەژمارەکان، داهاتی کۆی ئەم بەرهەمانە بە نرخی ئێستا نزیکەی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکە.

تەنانەت ئەگەر ئەو 25 دۆلارەش وەک خەرجی وەربگیرێت، هێشتا نزیکەی 75 دۆلار قازانجی خاو لە هەر بەرمیلێکدا دەمێنێتەوە.

واتە:
داهات: نزیکەی 100 دۆلار.
خەرجی: 25 دۆلار.
قازانجی خاو: نزیکەی 75 دۆلار لە هەر بەرمیلێکدا.
ئەگەر ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەکان تەرخان بکرێت، ئەوا:

قازانجی ڕۆژانە: نزیکەی 3.75 ملیۆن دۆلار.
قازانجی مانگانە: نزیکەی 112.5 ملیۆن دۆلار.

ئەگەر ئەم داهاتە بۆ حکومەتە، بۆچی لە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی دیار نییە؟ چۆن لە هەمان کاتدا دەوترێت داهاتی ناوخۆ مانگانە ناگاتە 100 ملیار دینار؟
هیوادارم وەڵامی ئەوانەی سەرەوە بدەنەوە بۆ ڕای گشتی؟

هەروەها، ئەگەر بەڕاستی کێشەکە تێچوو بێت، نەک قازانج، ئەوا ئەگەر بڕی پاڵاوتن لە 50 هەزار بەرمیل بگاتە 140 هەزار یان 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، دەبوو نرخی بەنزین بەرچاو دابەزێت. بەڵام بە پێی لێدوانەکانتان، هەر 750 دینار دەمێنێتەوە، چونکە «نەوتەکە هی کۆمپانیاکانە».
ئەگەر وایە، کێشەکە خەرجی نییە؛ کێشەکە ڕێژەی قازانجە.

پرسیارەکە زۆر سادەیە:

ئەگەر هەموو خەرجییەکان لەسەر شانی هاوڵاتی هەژمار دەکرێن، ئەی داهاتی کارەبا، غاز، ترانزێت، پاڵاوتن و فرۆشتنی نەوت بۆ کوێ دەچێت و لە کام هەژماری وەزارەتی دارایی تۆمار دەکرێت؟

شەفافییەت بە باسکردنی تەنها خەرجی دروست نابێت؛ شەفافییەت ئەوەیە خەرجی و داهات، هەردووکیان، بە ژمارە و بەڵگەی ڕوون لەبەردەم هاوڵاتیان بخرێنە ڕوو.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.