وەزیری نەوتی عێراق لە تورکیایە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی جەیهانەوە

بۆری نەوتی تورکیا- عێراق 2026-08-01 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

  • عێراق هەنگاو دەنێت بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا بۆ مسۆگەرکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بەدوور لە گەرووی هورمز

عێراق بەرەو واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تورکیا هەنگاو دەنێت بۆ مسۆگەرکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهان لە سەر دەریای ناوەڕاست،لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی ڕێگاکانی هەناردە و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە تەنگەی هورموز، کە دوای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران، رووبەڕووی ئاڵۆزی و کێشە بووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند کە باسم محەممەد خضیر، وەزیری نەوت، بەسەرۆکایەتی شاندێکی ئاستبەرز سەردانی تورکیا دەکات بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی گواستنەوە و بارکردنی نەوتی خاوی عێراقی لە ڕێگەی بۆریی عێراقی-تورکی بۆ بەندەری جیهان، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە بەغدا و ئەنقەرە پێش چەندڕۆژێک  ڕازی بوون بە بەردەوامبوونی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی ئەو هێڵە، سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی ڕێککەوتنی پێشووی نێوان هەردوو وڵات.

بەغدا هەوڵ دەدات لە دەرەوەی گەرووی هورمز جووڵە بکات

ئەم ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە  یەکێک لە گرنگترین ڕێگا هەناردەکانی نەوتی عێراق بەهێز دەکات کە تەنگەی هورموز تێدەپەڕێنێت. لە هەمان کاتدا، بەغدا کار دەکات بۆ جۆراوجۆرکردنی ڕێگاکانی  هەناردەکردن، بۆ پاراستنی بەردەوامی هەناردەی نەوت و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئاڵۆزی ناوچەیی، دوای ئەوەی داخستنی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی نیمچە تەواو بووە هۆی تێکچوونی گواستنەوەی دەریایی و ئاڵۆزکردنی بازاڕی نەوتی جیهان.

هەردوو لایەن، عێراق و تورکیا، دوای گفتوگۆیەک لەنێوان سەرۆکی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان و سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی فالح الزەیدی لە هەفتەی ڕابردوو، ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی هێڵی کەرکوک–جەیهان کرد، لەگەڵ بەردەوامبوونی دانوستان بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ کە شوێنی ڕێککەوتنی کۆن بگرێتەوە؛ ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ٢٧ی تەممووز کۆتایی هات دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ کارکردن. هەروەها بڕیار دراوە هەر ڕێککەوتنێکی نوێ بە شێوەی کارپێکردنی گەڕاوە (أثر رجعي) لە هەمان ڕۆژی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی پێشوو جێبەجێ بکرێت.

سەردانی وەزیری نەوت بەشێکە لە پلانی فراوانتری بەغدا بۆ چالاککردنەوەی ڕێڕەوەکانی هەناردەی نەوت لە دەرەوەی کەنداو. وەزارەتی نەوت لە مانگی نیساندا ڕایگەیاندبوو کە مەبەستی هەیە هێڵی کەرکوک–جەیهان دووبارە بخاتەوە کار، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردە لە ڕێگەی تورکیا بۆ نزیکەی ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، وەک بەشێک لە ستراتیژییەک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێگا دەریاییە مەترسیدارەکەی گەرووی هورموز.

تورکیا ئارەزووی هاوکارییەکی گشتگیر دەکات لە بواری وزەدا

ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە هەردوو وڵات ئامانجیانە لە نزیکترین کاتدا ڕێککەوتنێکی گشتی لە بواری وزە واژۆ بکەن. ئەنقەرەش هیوادارە بڕی نەوتی گواستراوە لە هێڵەکە زیاد بکات و هێڵەکە بەرەو باشوور تا بەسرە، کە ناوەندی پیشەسازی نەوتی عێراقە، درێژ بکاتەوە.

درێژی گشتی هێڵی کەرکوک–جەیهان نزیکەی ٩٨٦ کیلۆمەترە و توانای تەکنیکییەکەی گەیشتووە بە نزیکەی ١.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام هەناردەی ڕاستەقینە زۆر کەمتر بووە. لە حوزەیراندا تەنها نزیکەی ١٨٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە کرا، بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).

هەروەها ئەم ستراتیژە پەرەپێدانی ڕێڕەوی هەناردەکردنی جێگرەوە لەخۆ دەگرێت ، وەک پرۆژەی هێڵی بۆری عێراق–ئوردن بۆ بەندەری عەقەبە، و لێکۆڵینەوە لە دووبارە چالاککردنەوەی هێڵێک لە کەرکوکەوە درێژدەبێتەوە بۆ بانیاسی سووریا، لەگەڵ بەکارهێنانی گواستنەوەی وشکانی لە ڕێگەی دیمەشق بۆ هەناردەکردنی  بڕسووتەمەنی.

عێراق لە حوزەیراندا داوای درێژکردنەوەی ماوەی ڕێککەوتنی پێشووی هێڵی بۆری نەوت بۆ ماوەی ساڵێک کرد، بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بۆ هەردوو لایەن بڕەخسێت تا لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ دانوستان بکەن.

ئەم هێڵە بۆ عێراق گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ڕێگای سەرەکی هەناردەی نزیکەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژێکدا (لەباری ئاساییدا)، هەروەها ٧٥ هەزار تا ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکیش لە ڕێگەی ئەم هێڵەوە هەناردە دەکرێت. ئەمە زیاتر لە ١٠٪ هەناردەی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت.

ئەوی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان و جێی  پرسیارە و پێویستی بە وەڵامە ئەوەیە، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان چییە لەم نێوەندەدا؟ بە تایبەتی ئەم ڕێکەوتنە نوێیە دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە بە نادەستوری دانانی یاسای نەوت و گازی هەرێم و بڕیاری  دادگای ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) لە پاریس بە قەرەبووکردنەوەی عێراق لە لایەن تورکیاوە، دادگاکە بڕیاریدا کە تورکیا پێشێلی رێککەوتنی بۆری نەوتی نێوان هەردوو وڵاتی کردووە بەوەی ڕێگەی بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە بێ گەڕانەوە بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سومۆ) و حکومەتی فیدراڵی، بەمەش تورکیا پابەند کراوە بە قەرەبووکردنەوەی عێراق (کە بڕەکەی بە نزیکەی ١.٤٧ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە پێش هەژمارکردنی سوودەکان).

ئەم ڕێکەوتنە لەکاتێکدا هەوڵەکانی تورکیا شکستی هێنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، تورکیا داوای پێشکەش کردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس ئەو داوایەی ڕەتکردەوە و پێگەی عێراقی لەم دۆسیەیەدا بەهێزتر کرد.
​ ئەم دوو بڕیارە پێگەی گفتوگۆی بەغدادی بەهێزتر کرد و وایکرد  هەناردەکردنی نەوت زیاتر بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی فەرمی و یاسایی حکومەتی فیدراڵییەوە، کە ئەمەش بووە هۆی گۆڕانکاری لە چۆنیەتی ڕێککەوتنە نەوتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و تورکیا.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.