وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێداویستییەکانی سوتەمەنی هەرێم بۆ بەغدا دەخاتە ڕوو و داوای ۱٤۰ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکات

سوتەمەنی 2026-09-08 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین – هەولێر

لە نووسراوێکی فەرمیدا کە لە ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ ئاڕاستەی لیژنەی لاوەکی نەوت و گازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە و روونبین بینیویەتی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی پێداویستییەکانی هەرێمی بۆ بەرهەمە نەوتییەکان ئاشکرا کردووە، ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوولا کە لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٦ بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی سووتەمەنی بەڕێوەچوو.

بەپێی بەڵگەنامەکە کە ئیمزای کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی بەوەکالەتی لەسەرە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو بڕە نەوتەی لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی (ژمارە ٥٥٠) بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دیاریکراوە (٥٠ هەزار بەرمیل ڕۆژانە) بە هیچ شێوەیەک بەشی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم ناکات.

پێداویستییە ڕۆژانەییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمە نەوتییەکان:

لە نووسراوەکەدا پێداویستییە فعلییەکانی هەرێم بەم شێوەیە پۆلێن کراون:

  •   بەنزین: ٧ ملیۆن لیتر ڕۆژانە.
  •    گازئۆیل (دیزل) بۆ وێستگەکانی کارەبا: ١ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار لیتر ڕۆژانە.
  •   نەوتی سپی: ٥٦٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر ساڵانە.
  •   گازی شل (LPG): ٢,٠٠٠ تەن ڕۆژانە.
  •  نەوتی سووتەمەنی (HFO) بۆ کارەبا: ٢,٢٥٠ تەن ڕۆژانە.
  •   سووتەمەنی فڕۆکە: ٥٠,٠٠٠ لیتر ڕۆژانە.
  • نەوتی سپی (Kerosene): (٥٦٢,٥٠٠,٠٠٠) لیتر ساڵانە.
  • جگە لە پێداویستییەکانی کەرتی پیشەسازی، کارگەکان، مۆلیدەکان، و هاووڵاتییان لە گازئۆیل (دیزڵ)، نەوتی سووتەمەنی HFO، و بەرهەمە نەوتییەکانی تر.

لە نووسراوەکەی وەزارەتدا هاتووە : هەروەها ئاماژە بەوە دەکەین کە پێشتر لیژنەی لێکۆڵینەوەی بەکاربردنی ناوخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان پێکهێنرا بە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی پێداویستییە فعلییەکانی هەرێم لە نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی. لەسەر بنەمای کارەکانی لیژنەکە، پێداویستیی هەرێم بە بڕی (١١٥,٠٠٠) سەد و پانزدە هەزار بەرمیل نەوتی خاو ڕۆژانە بۆ پڕکردنەوەی بەکاربردنی ناوخۆیی دیاریکرا، و پێشتریش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوای پەسەندکردنی ئەم بڕەی بە فەرمی کردووە.

هەروەها  بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ژمارە (٥٥٠)ی ساڵی ٢٠٢٥ بڕی (٥٠,٠٠٠) پێنجا هەزار بەرمیل نەوتی خاو ڕۆژانە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، و ئاماژەی بەوەش کردووە لە حالەتی بەشن کردنی ئەم بڕە، ئەگەری دابینکردنی بڕی زیاتری بەرهەمە نەوتییەکان هەیە بە ئوندازەی بەرهەمی پاڵاوتنی (١٥,٠٠٠) پانزدە هەزار بەرمیل ڕۆژانە، لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستییە فعلییەکانی هەرێم.

لە نوسراوەکەدا ئاماژەکراوە بە نووسراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ژمارە (١٧٦٧ت) لە (٢٠٢٦/٧/٢٠) کە داوای دابینکردنی بەرهەمی نەوتی زیاتری لە پاڵاوتنی (١٥,٠٠٠) بەرمیل ڕۆژانە کردووە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٥٥٠)ی ساڵی ٢٠٢٥، هەروەها نووسراوی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ژمارە (٢٥٠٣٠) لە (٢٠٢٦/٨/٢٤) کە ئاماژە بە ئەستەمبوونی جێبەجێکردنی داواکارییەکە دەکات کراوە.

هەروەها  ئاماژە بەوە دەکات کە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بڕی (٥٠,٠٠٠) بەرمیل ڕۆژانە کە تەرخانکراوە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی، دەبێت حکومەتی فیدراڵی لەئەستۆی بگرێت بەپێی تێچووە فعلییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بەشێوازێک کە یەکسانی بەدیبهێنێت لەگەڵ ئەو ئالیەتەی لە پارێزگاکانی تری عێراق پەیڕەو دەکرێت، بەمەش حکومەتی هەرێم دەتوانێت بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، بەتایبەتی بەنزینی پاڵپشتیکراو بە نرخێک کە (٤٥٠) دینار تێنەپەڕێنێت بۆ هەر لیترێک.

پێشنیازی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان 

لەم بەشەدا وەزارەت دەڵێت: لە سەر بنەمای داواکاری لیژنە بەڕێزەکەتان بۆ دابینکردنی پێداویستی و پێشنیازەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و بەدیهێنانی یەکسانی لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کوردستان هاوشێوەی باقی پارێزگاکانی عێراق، ئەم پێشنیازانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:

لەبەر ئەوەی بڕی (٥٠,٠٠٠) بەرمیل ڕۆژانە بەش ناکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە فعلییەکانی هەرێمی کوردستان، پێشنیاز دەکەین چارەسەری قەیرانی سووتەمەنی و دابینکردنی پێداویستییەکانی هەرێم ڕێگەی یەکێک لەم دوو بژاردەیە بێت:

١. دابینکردن بە نەوتی خاو:

تەرخانکردن و دابینکردنی بڕی گشتی (١٤٠,٠٠٠) سەد و چل هەزار بەرمیل نەوتی خاو ڕۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان، چ لە کێڵگەکانی ناو هەرێم بێت یان لە کێڵگە فیدراڵییەکان، بە مەبەستی پاڵاوتنی و دابینکردنی بەرهەمە نەوتییە پێویستەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هەرێم.

یان

٢. دابینکردن بە بەرهەمە نەوتییەکان:

وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ڕاستەوخۆ هەستێت بە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە فعلییەکانی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکانی سەرەوە، یان ئەوەی هاوتا بێت لە بەرهەمی پاڵاوتنی بڕی (١٤٠,٠٠٠) سەد و چل هەزار بەرمیل نەوتی خاو ڕۆژانە. لە حاڵەتی هەڵبژاردنی ئەم بژاردەیەدا، حکومەتی هەرێم هیچ ڕێگرییەکی نییە لە تەسلیمکردنی بڕی (٥٠,٠٠٠) پێنجا هەزار بەرمیل نەوتی خاو ڕۆژانە کە تەرخانکراوە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە هەرێم.

لە کۆتایی نوسراوەکەدا وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە: پێویستە دیاریکردن و پێداچوونەوەی پێداویستییەکانی هەرێم و بڕە تەرخانکراوەکان لەسەر بنەمای پێوەری بابەتیی و دادپەروەرانە بێت، لە سەرووی هەمویانەوە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بەراورد بە کۆی دانیشتووانی عێراق، جگە لە بەکاربردنی فعلی و پێداویستییە واقعیەکانی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکان، بەشێوازێک کە بەردەوامی دابینکردنەکە زامنبکات و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی سووتەمەنی بکات.

مێژووی ئاڵوگۆڕی نووسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا:

نووسراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان زنجیرەیەک بەرواری مێژوویی و فەرمی ڕوون دەکاتەوە کە قۆناغەکانی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی هەرێم پیشان دەدەن:

 * ڕێککەوتنی سێقۆڵی (٢٥ی أیلولی ٢٠٢٥): پێش ئەم بەروارە، هەرێم ڕۆژانە (٦٥ هەزار) بەرمیل نەوتی بۆ ناوخۆ دەپاڵاوت، بەڵام دوای ڕێککەوتنەکە بڕەکە کەمکرایەوە بۆ (٥٠ هەزار) بەرمیل.

 * داواکارییەکە هەرێم (٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦): وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە نووسراوی ژمارە (١٧٦٧ت) داوای لە وەزیری نەوتی عێراق کرد بڕی پاڵاوتنی ڕۆژانە (١٥ هەزار) بەرمیل زیاد بکەن تاوەکو بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی (٤٥٠ دینار) بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت.

 * وەڵامی ڕەتکردنەوەی بەغدا (٢٤ی ئابی ٢٠٢٦): وەزارەتی نەوتی عێراق بە نووسراوی ژمارە (٢٥٠٣٠) داواکارییەکەی هەرێمی ڕەتکردەوە و هۆکارەکەی بۆ ئاستەنگی سوتەمەنی، دابەزینی کۆگای ستراتیژی، و گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان گەڕاندەوە.

.