ریزبەندی هەرزانترین وڵاتانی جیهان لە نرخی بەنزیندا.. جەنگی ئێران شوێنی ١٠ وڵات دەگۆڕێت لە ڕیزبەندییەکەدا
روونبین
پێشهاتە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە نەخشەی هەرزانترین وڵاتانی جیهانی لە نرخی بەنزین لە جیهاندا کێشایەوە، ئەوەش لەگەڵ گواستنەوەی بازاڕەکانی سوتەمەنی بۆ قۆناغێکی نوێ لەژێر گوشاری جەنگی ئێران، تێکچوونی جووڵەی کەشتیوانی، و بەرزبوونەوەی تێچووی دابینکردنی نەوت لە ژمارەیەک وڵاتدا.
بەپێی ڕاپرسییەکی پێگەی “الطاقة”ی تایبەتمەند بە وزە، لیستی هەرزانترین نرخەکان گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی ئێران نرخی ئاستی سێیەمی ( پاڵپشتی کردن) بەنزینی بەرزکردەوە، ئەوەش بووە هۆی پاشەکشەکردنی لە ڕیزبەندی وڵاتە هەرزانەکاندا.
بەراوردکارییەکە ئاشکرای دەکات کە پشتیوانیی حکومەت، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و سیاسەتە باجییەکان هێشتا هۆکاری سەرەکین لە دیاریکردنی نرخەکانی بەنزیندا، لەگەڵ ئەوەی بازاڕە جیهانییەکان ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە گۆڕانکاری بەستراوە بە جەنگ و تێکچوونی دابینکردنی نەوت و بەرهەمە پاڵێوراوەکان بوونەتەوە.
زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپرسییە پشت بە چاودێریکردنی هەرزانترین نرخەکانی بەنزین لە جیهاندا تا ڕۆژی ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ دەبەستن، لەگەڵ نوێکردنەوەی ڕیزبەندی ئێران بەپێی نرخە نوێیەکەی کە ٠.٤٠ دۆلارە بۆ هەر لیترێک، بەجۆرێک کە ڕەنگدانەوەی کاریگەریی بڕیارە نوێیەکەیە لەسەر نەخشەی نرخە جیهانییەکان.
ڕیزبەندی وڵاتان لە لیستی هەرزانترین نرخی بەنزین لە جیهاندا
لیستی هەرزانترین وڵات لە نرخی بەنزین لە جیهاندا جووڵەیەکی سنوورداری لە زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتدا بەخۆیەوە بینی، لەکاتێکدا نرخەکان بە نزمیی مانەوە بەهۆی پشتیوانی و باجی سنووردارەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نەوتی خاو لە جیهاندا، بەجۆرێک گۆڕانکارییەکەی ئێران وەک تازەترین پێشهاتی کاریگەر لە ڕیزبەندی لیستەکەدا دەردەکەوێت.
بەراوردکارییەکە ڕوونی دەکاتەوە کە نرخەکانی سوتەمەنی لەگەڵ نرخەکانی نەوتی خاودا بە هەمان خێرایی ناجووڵێن، چونکە حکومەتەکان دەستوەردان دەکەن لە ڕێگەی پشتیوانی، باج و ڕێکخستنی بازاڕەوە، کە ئەمەش جیاوازییە گەورەکانی نێوان وڵاتان تەنانەت لە کاتی قەیرانە جیۆپۆلیتیکییەکاندا ڕوون دەکاتەوە.
لیستی هەرزانترین وڵاتانی جیهان لە نرخی بەنزین دا ، کە لەلایەن پێگەی “الطاقة”ی تایبەتمەندی وزەوە بەپێی چاودێریکردن تا ٥ی ئەیلوول ئامادەکراوە،
ئەم ١٠ وڵاتەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
- لیبیا: ٠.٠٢ دۆلار بۆ لیترێک.
- فەنزوێلا: ٠.٠٤ دۆلار بۆ لیترێک.
- ئەنگۆلا: ٠.٣٣ دۆلار بۆ لیترێک.
- کوەیت: ٠.٣٤ دۆلار بۆ لیترێک.
- جەزائیر: ٠.٣٥ دۆلار بۆ لیترێک.
- ئێران: ٠.٤٠ دۆلار بۆ لیترێک.
- تورکمانیستان: ٠.٤٣ دۆلار بۆ لیترێک.
- میسر: ٠.٤٧ دۆلار بۆ لیترێک.
- قەتەر: ٠.٥٨ دۆلار بۆ لیترێک.
- بۆلیڤیا: ٠.٥٨ دۆلار بۆ لیترێک.

لیستەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەرزانترین نرخەکانی بەنزین لە جیهاندا هێشتا تا ئاستێکی گەورە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتدا چڕبووەتەوە، کە پەیڕەوی سیاسەتی پشتیوانی یان نرخدارکردنی ناوخۆیی دەکەن کە ڕێگری دەکات لە گواستنەوەی بەرزبوونەوە جیهانییەکان بۆ بەکاربەران، ئەگەرچی جەنگ تاقی کردنەوەیە بۆ توانای ئەم سیاسەتانە لەسەر بەردەوامبوون.
چوونی ئێران بۆ ئاستی ٠.٤٠ دۆلار بۆ لیترێک وەرچەرخانێکی ڕوون لە ڕیزبەندییەکەیدا ئاشکرا دەکات؛ چونکە نرخەکانی پێشووی لە پلەی دووەمدا دایاننابوو، واتە لە پێشەنگی لیستی جیهانیدا، پێش جێبەجێکردنی نرخە نوێیەکە لەسەر ئەوە بەکارهێنانەی کە لە بەشە پشتیوانیکراوەکان تێدەپەڕێت.
زانیارییەکانی نرخە جیهانییەکان نیشانی دەدەن کە جیاوازییەکانی نرخدارکردن لەنێوان وڵاتاندا تەنها بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو باج، پشتیوانی، نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و میتۆدەکانی نرخدارکردنی ناوخۆیش دەگرێتەوە، کە ئەمانە هۆکارن توانایەکی گەورەتر دەدەنە هەندێک وڵات بۆ مژینی شۆکەکانی بازاڕە دەرەکییەکان.
نرخەکانی بەنزین لە ئێران
پێگەی ئێران لە لیستی هەرزانترین نرخەکانی بەنزین لە جیهاندا، لە پلەی دووەمەوە بۆ شەشەم جووڵا، لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئاستی نرخی سێیەم لەسەر بەکارهێنانی بەرز، لە کاتێکدا بازاڕی سوتەمەنی ڕووبەڕووی گوشاری زیادبوو دەبێتەوە بەهۆی جەنگ، سزاکان و بەرزبوونەوەی خواست، کە ئەمانە حکومەت پاڵ پێوە دەنێن بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستەمی پشتیوانی.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی کە دەست “الطاقة” کەوتوون، جێبەجێکردنی نرخە نوێیەکە لە سێشەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ەوە دەستی پێکردووە لەسەر ئەو بەکاربەرانەی کە بەکارهێنانی مانگانەیان لە ١١٠ لیتر تێدەپەڕێت، لەگەڵ هێشتنەوەی پاڵپشتی یەکەم و دووەم بێ گۆڕانکاری.
واتە هەرزانترین نرخەکانی بەنزین لە جیهاندا لە ئێران دەمێنێتەوە پەیوەست بە نرخی سیستەمی پشکی بەشە پشتیوانیکراوەکان؛ بەجۆرێک بەکاربەر ٦٠ لیتری یەکەم بە نرخی ١٥ هەزار ڕیاڵی ئێرانی (١.١ سەنت) بۆ لیترێک دەستدەکەوێت، دواتر ٥٠ لیتری زیادە بە نرخی ٣٠ هەزار ڕیاڵ (٢.٢ سەنت)، پێش پەڕینەوە بۆ نرخدارکردنە نوێیەکە.
دوای تێپەڕاندنی دوو بەشەکە، نرخی بەنزین دەگاتە ١٠٠ هەزار ڕیاڵی ئێرانی (٧.٣ سێنتی ئەمریکی) بۆ لیترێک، ئەوەش بەپێی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، کە ئەمەش بازێکی گەورەیە بەراورد بە نرخدارکردنە پشتیوانیکراوەکانی پێشوو.
فاطمة مهاجراني وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند کە زیادەکە ئەو بەکاربەرانە ناگرێتەوە کە بەکارهێنانی مانگانەیان لە ١١٠ لیتر تێناپەڕێت، و ڕوونی کردەوە کە بڕیارەکە لەسایەی بارودۆخی ئێستا و گوشارە زیادبووەکانی سەر بازاڕی سوتەمەنیدا دێت.
ئێران ڕووبەڕووی کەلێنێکی گەشەسەندوو لەنێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا دەبێتەوە؛ ناوەندی بەکارهێنانی بەنزین لە ٥ مانگی یەکەمیه ساڵی ئێرانیدا گەیشتووەتە نزیکەی ١٣٢ ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا، لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی کە لە ١٢٢ ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا نزیک دەبێتەوە، بەپێی تازەترین زانیارییە جیهانییەکان.
گوشارەکان زیاتر دەبن لەگەڵ بەردەوامی جەنگ و لێکەوتەکانی لەسەر دامەزراوە نەوتییەکان و زنجیرەکانی دابینکردن و پاڵاوتن، چونکە توانای پاڵاوگەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ هەستیارتر بووە لە بەرانبەر ئاڵۆزییەکاندا، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی داواکاری و پاشەکشەی مەودای مانۆڕ لەبەرامبەر سیستەمی پشتیوانیدا.
کاریگەری جەنگی ئێران لەسەر نرخەکانی نەوت و بەنزین
لیستی هەرزانترین نرخەکانی بەنزین لە جیهاندا نوێبوونەوەی مەترسییە جیهانییەکان ئاشکرا دەکات، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بۆ زیاتر لە ٩٨ دۆلار بۆ بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت، و چوونی بەرەو بەربەستی ١٠٠ دۆلار، بەجۆرێک کە هەڕەشە لە تواناکانی وڵاتانی هاوردەکار دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکان مەترسییەکانی گۆڕانی جەنگ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەنتر پەرەیان سەندوە، دوای ئەوەی ئێران هەڕەشەی کرد بە وەڵامدانەوەی هر هێرشێکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر سەروەت و سامانەکانی، و وشیاری دا لەوەی ژێرخانی وزە لە کەنداو دەکرێت ببێتە ئامانج بۆ پەرەسەندنەکان.
بازاڕ لە ڕۆژانی دواییدا شایەتی پەرەسەندنی زیاتر بوو، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا ٣ کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانیان کردە ئامانج، کە یەکێکیان لە نزیک جزیرەی خارگ بوو، کە ناوەندی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، لە پێشهاتێکدا کە مەترسییەکانی تێکچوونی بازرگانی وزە بەرز دەکاتەوە.
هەروەها لەگەڵ پەرەسەندنی هەڕەشە کاندا جووڵەی کەشتیوانی لە ڕێڕەوی هورمز خاو بووەوە، کە ئەمەش پاداشتی مەترسییەکانی (risk premium) لە نرخی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکاندا زیاتر کرد، و ئەگەری بەردەوامی کۆتوبەندەکانی سەر رۆشتنی وزە لە ناوچەی کەنداوەوە لە مانگەکانی داهاتوودا بەرز کردەوە.
کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس پێشبینییەکانی بۆ نەوتی خاوی برێنت و ڕۆژئاوای تێکساس ئینتەرمێدیەت بە بڕی ٥ دۆلار بەرزکردەوە بۆ ٨٥ و ٨٠ دۆلار بۆ بەرمیلێک بە دوای یەکدا لە کانوونی یەکەم ٢٠٢٦دا، و بۆ ٨٠ و ٧٥ دۆلار لە ٢٠٢٧دا، لەگەڵ بەردەوامی تێکچوونی کەشتیوانی.
شیکەرەوەکانی وزە پێیان وایە کە پەرەسەندنی ئەم دواییە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێراندا زیاتر دەکات، لەگەڵ ئەگەری زۆری بەردەوامی سنووردارکردنی دابینکردنەکانی کەنداو تا کۆتایی ٢٠٢٦، لەگەڵ گەڕانەوەی رۆشتنی نەوت بۆ ئاستەکانی پێش جەنگ لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٧دا بە نزیکەیی.
ئەم پێشهاتانە ئاماژە بەوە دەکەن کە جەنگ تەنها گوشار ناخاتە سەر نرخەکانی نەوتی خاو، بەڵکو کاریگەرییەکانی درێژ دەبنەوە بۆ پاڵاوگەکان، کەشتیوانی، و بەردەستبوونی بەرهەمە پاڵێوراوەکان، کە ئەمەش دەکرێت دووبارە نەخشەی هەرزانترین نرخەکانی بەنزین لە جیهاندا دابڕێژێتەوە، ئەگەر تێکچوونی دابینکردنەکان درێژە بکێشێت و تێچووەکانی سوتەمەنی بەرز ببەنەوە.
راپۆرتی پێگەی طاقەی تایبەتمەند بە وزە