پەرلەمانی عێراق قەیرانی بەنزین و کەمیی بەرهەمە نەوتییەکان تاوتوێ دەکات

وەزیری نەوت 2026-09-20 لە لایەن روونبیین
کورتە ڕاپۆرت

روونبین

  • وەزیری نەوت: ڕۆژانە ٥ ملیۆن لیتر بەنزین پێویستە بۆ پڕکردنەوەی جیاوازی نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنان

ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی نۆزدەهەمی خۆیدا، بە سەرۆکایەتی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەن، و بە ئامادەبوونی ٢٣٢ نوێنەر، قەیرانی بەنزین و کەمیی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق تاوتوێ کرد.
لە دانیشتنەکەدا، وەزیری نەوت و کادری باڵای وەزارەت ئامادەبوون و لەسەر هۆکارەکانی کەمبوونەوەی بەنزین، بڕی بەرهەمهێنان، کۆگای ستراتیژی، هاوردەکردن و پلانەکانی وەزارەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە ڕوونکردنەوەیان پێشکەش کرد.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرەتای دانیشتنەکەدا جەختی کردەوە کە کەمیی بەنزین و دروستبوونی سەرە درێژەکانی ئۆتۆمبێل لە بەنزینخانەکان پێویستی بە چارەسەرێکی خێرا هەیە.
ئەو وتی کە کەمیی بەرهەمە نەوتییەکان لە وڵاتێکی نەوتیدا قبوڵکراو نییە، و داوای لە وەزارەتی نەوت کرد پلانەکانی خۆی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین و گەشەپێدانی کەرتی نەوت ڕوون بکاتەوە.

بەرهەمی بەنزین و کەموکوڕیی بازاڕ

باسم محەممەد خەدیر، وەزیری نەوت، لە دانیشتنەکەدا وتی لە کاتی وەرگرتنی پۆستەکەیدا هەناردەکردنی نەوت بەهۆی بارودۆخی جەنگ لە ناوچەی کەنداوەوە تەنها ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، بەڵام دواتر توانای هەناردەکردن گەیشتووەتە زیاتر لە ٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
وەزیری نەوت ڕوونی کردەوە کە بڕی بەرهەمهێنانی ئێستای بەرهەمە نەوتییەکان گەیشتووەتە ٣٧ ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا، کە بەرامبەرە بە زیادبوونی ٤ ملیۆن لیتر لە بەرهەمهێنان، بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی زیادبووی بازاڕ.
بەپێی ڕوونکردنەوەکانی وەزیر، کێشەی هاوردەکردنی بەنزین بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە بووەتە هۆی دروستبوونی جیاوازیی نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنان.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆگای ستراتیژیی بەنزین لە قۆناغێکدا گەیشتووەتە ٣٥٠ ملیۆن لیتر، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئێستای بازاڕ پێویستە ڕۆژانە لانیکەم ٥ ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە بکرێت.

هاوردەکردنی بەنزین و چارەسەری قەیران

وەزیری نەوت ڕایگەیاند کە یەکێک لە چارەسەرە سەرەکییەکانی قەیرانەکە زیادکردنی هاوردەی بەنزینە لە ماوەی ئەم ساڵەدا.
بەپێی وتەکانی، وەزارەت پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چەندین وڵاتەوە کردووە بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی بەنزین، بە تایبەتی لەگەڵ کێشەکانی گواستنەوە لە ڕێگەی تەنگەی هەرمز.
هەروەها وەزارەت جەخت لە گرنگیی تەواوکردنی چاکسازیی یەکەی FCC لە بەسرە دەکات، لەگەڵ بەردەوامبوونی هاوردەکردنی بەنزین تا کاتی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆ.

وەزیری نەوت هەروەها وتی وەزارەت هەوڵ دەدات کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان ڕابکێشێت بۆ کەمکردنەوەی بەربەستەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی نەوت.

کۆگای بەنزین چەندە؟

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند کە کۆگای ئێستای بەنزین گەیشتووەتە ١٠٧ ملیۆن لیتر.
ئەو ڕوونی کردەوە کە تێکڕای بەرهەمهێنانی بەنزین لە مانگی ئابی ڕابردوودا ٢٨ ملیۆن و ٨٥٧ هەزار لیتر بووە، لە کاتێکدا بڕی هاوردەکردن ٣ ملیۆن و ٩٠٧ هەزار لیتر بووە.
لە هەمان مانگدا، بەکارهێنانی ناوخۆی بەنزین گەیشتووەتە ٣٤ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار لیتر.

داشکاندنی نرخی نەوتی عێراق

لە بەشێکی تری دانیشتنەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پرسیاری لە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق ـ سومۆ کرد سەبارەت بە قەبارەی داشکاندنەکان لە نرخی نەوتی عێراقی بەراورد بە نرخی جیهانی نەوت، هەروەها توانای هەناردەکردنی نەوت.
بەڕێوەبەری گشتیی سومۆ ڕایگەیاند کە توانای هەناردەکردنی نەوت لەم ڕۆدا گەیشتووەتە ٤ ملیۆن و ٢٥٤ هەزار بەرمیل.
ئەو ڕوونی کردەوە کە فرۆشتنی نەوت بە پشتبەستن بە ژمارەی تانکەرەکان و کەشتییە نەوتبەرەکان کە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەڕۆن و دێن، و بە وردبینی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکان ئەنجام دەدرێت.

بەپێی ڕوونکردنەوەکانی سومۆ، قەبارەی داشکاندنەکان پەیوەستە بە کێبڕکێی نێوان کۆمپانیای کشتییەکان، بە تایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی لە ماوەی قەیرانەکەدا توانای جێبەجێکردنی گرێبەستەکانیان هەیە.
بڕی داشکاندنەکە بۆ نەوتی مامناوەند ٢٦.٥ دۆلار و بۆ نەوتی قورس ٢٨ دۆلار بووە.
بەڕێوەبەری سومۆ هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێداویستیی ناوخۆیی پێویستی  بە ٥ ملیۆن لیتر بەنزین لە ڕۆژێکدا هەیە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنان.
بەپێی ئەو زانیارییە، عێراق بڕی زیادەی بەنزین لە ئوردن، سعودیە، ئیمارات و ئەوروپا لە ڕێگەی سوریا هاوردە دەکات.
داواکارییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران

لە دانیشتنەکەدا، پەرلەمانتاران جەختیان کردەوە لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە قەیرانی بەنزین و زیادکردنی بەرهەمهێنان بۆ دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتیان.
هەروەها داوای ڕوونکردنەوە لەسەر پلانەکانی وەزارەت بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی بەنزین، زیادکردنی کۆگای ستراتیژی و تەواوکردنی پرۆژەکانی کەرتی نەوت کرا.

بەشێک لە نوێنەران جەختیان لەسەر پێویستیی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ جوتیاران لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی کشتوکاڵ کرد، هەروەها داوایان کرد کە وەزارەت پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان دابینکردنی نەوتی سپی مسۆگەر بکات.

چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین لە نەینەوا، کەرکووک و هەرێمی کوردستان، خێراکردنی کار بۆ خستنەکارکردنی یەکەی FCC لە بەسرە و پێداچوونەوە بە نرخەکانی سووتەمەنی بۆ پرۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان و کارگەکان، لە داواکارییەکانی تری پەرلەمانتارەکان بوون.

هەروەها ئەندامانی پەرلەمان جەختیان کردەوە کە وەزارەتی نەوت پێویستە لە پۆستە بەرپرسیارەکاندا کەسانی شایستە و لێهاتوو هەڵبژێرێت و لە گۆڕانکارییەکاندا بنەمای شایستەیی و کارامەیی لەبەرچاو بگرێت.
سەرۆکی پەرلەمان: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەردەوام بێت

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، جەختی کردەوە لە گرنگیی بەردەوامبوونی وەزیری نەوت لە هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی لە بەشەکانی وەزارەت.
ئەو هەروەها داوای هەڵسەنگاندنی کارکردنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان کرد، بە مەبەستی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و گەشەپێدانی کەرتی نەوت.

سەرۆکی ئەنجومەن پشتگیریی خۆی بۆ هەنگاوەکانی وەزیری نەوت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەربڕی، لە هەمان کاتدا ئاگاداری دا کە ئەگەر هەنگاوی پێویست بۆ سزادانی سەرپێچیکاران نەگیرێتەبەر، وەزیر دەبێت وەڵامدەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بێت.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنەکەی بۆ سبەی دووشەممە دواخست.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.